ماوه‌ى هه‌فته‌یه‌ک مۆڵه‌ت ده‌درێته‌ دوکانه‌کانى فرۆشتنى ماست

نیسان 28, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


له‌ دواى بڕیارى قه‌ده‌غه‌کردنى به‌کارهێنانى سه‌تڵى ماستى ره‌نگاو ره‌نگ بۆ ماست و جۆره‌کانى ترى خواردن لیژنه‌هاوبه‌شه‌کانى قائیمقامیه‌تى سلێمانى هه‌ڵمه‌تێکى فراوانیان ده‌ستپێکردووه‌ بۆ رێگرى کردن له‌ فرۆشتنى سه‌تڵى ره‌نگاو ره‌نگ، ماوه‌ى هه‌فته‌یه‌کیش وه‌ک دواین مۆڵه‌ت ده‌درێته‌ دوکانه‌کانى فرۆشتنى ماست و هه‌موو مارکێته‌کان بۆ پابه‌ندبونیان به‌ بڕیاره‌که‌وه‌.

ئه‌مڕۆ یه‌ک شه‌ممه‌ 28 نیسانى 2019 ، لیژنه‌هاوبه‌شه‌کانى قائیمقامیه‌تى سلێمانى له‌نێو بازاڕى شارى سلێمانى هه‌ڵمه‌تێکى فراوانیان ده‌ستپێکرد بۆ رێگرى کردن له‌ فرۆشتنى سه‌تڵى ره‌نگاو ره‌نگ بۆ ماست و هه‌موو جۆره‌کانى ترى خواردن که‌ به‌پێى به‌دواداچونه‌کانى لیژنه‌هاوبه‌شه‌کان ده‌رکه‌وتووه‌ گونجاو نیه‌ بۆ به‌کارهێنان و زیان به‌ ته‌ندروستى هاوڵاتیان ده‌گه‌یه‌نێت .

گۆران قادر سه‌رۆکى لیژنه‌هاوبه‌شه‌کانى قائیمقامیه‌تى سلێمانى رایگه‌یاند: بۆ رێگرى کردن له‌و جۆره‌ سه‌تڵه‌ زیان به‌خشانه‌ له‌ هه‌ڵمه‌تێکى فراوانیان ده‌ستپێکردووه‌ و هه‌موو شوێنه‌کانى فرۆشتنى ماست و دوکان و مارکێته‌کانیان ئاگادار کردووه‌ته‌وه‌ پابه‌ند بن به‌ بڕیاره‌که‌وه‌ و ماوه‌ى هه‌فته‌یه‌کیش وه‌ک دواین مۆڵه‌ت ده‌درێته‌ هه‌موو شوێنه‌کان ، دواى ئه‌و ماوه‌یه‌ له‌ هه‌ر دوکان و مارکێتێکدا سه‌تڵى ره‌نگاو ره‌نگ ببینێت ده‌ستى به‌سه‌ردا ده‌گیرێت و خاوه‌نه‌که‌شى رووبه‌ڕووى سزاى یاسایى ده‌کرێته‌وه‌ .

پێشتر قائیمقامیه‌تى سلێمانى رایگه‌یاندبوو به‌کارهێنانى سه‌تڵى زه‌نگاو ره‌نگ بۆ ماست و جۆره‌کانى ترى خواردن ده‌بێته‌ هۆى کارلێک کردنى هه‌ندێک ماده‌ى زیان به‌خش له‌گه‌ڵ ماسته‌که‌دا که‌ ئه‌مه‌ش زیان به‌ ته‌ندروستى مرۆڤ ده‌گه‌یه‌نێت و ده‌بێته‌ هۆى توشبوون به‌ نه‌خۆشى شێرپه‌نجه‌ ، زۆربه‌ى سه‌تڵه‌ ره‌نگاو ره‌نگه‌کان له‌مه‌وادى دووباره‌ به‌کارهاتوو دروست ده‌کرێت که‌ به‌هیچ جۆرێک دروست نیه‌ خواردنى تێیدا هه‌ڵبگیرێت ، سه‌تڵى سپى ساده‌ بۆ ماست گونجاوه‌ به‌کاربهێندرێت و پێویسته‌ لۆگۆیه‌کى سێ گۆشه‌ى له‌سه‌ر بێت و تێیدا ئاماژه‌ به‌ ژماره‌ "2یان4" کرابێت ، له‌ باره‌ى جۆره‌کانى ترى سه‌تڵ ئه‌وه‌ خرابووه‌ روو به‌کارهێنانى سه‌تڵه‌کانى "شوشه‌ و فافۆن و گلى سوره‌وه‌کراو" بۆ ماست رێگه‌پێدراوه‌ و هیچ گرفتێکى نیه‌.