نێچیرڤان بارزانى و مه‌ولوود چاوشئۆغڵو کۆبوونه‌وه‌

نیسان 29, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان ستایشى خه‌ڵک و حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستانى بۆ تورکیا دووپات کرده‌وه‌ که‌ له‌ کاته‌ سه‌خته‌کاندا هاوکارى و پشتگیریى هه‌رێمى کوردستانى کردووه‌، هه‌روه‌ها خواستى هه‌رێمى کوردستان بۆ په‌ره‌پێدانى په‌یوه‌ندییه‌کان له‌گه‌ڵ تورکیا ده‌ربڕى و هه‌موو ئاسانکارییه‌کى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستانى بۆ کار و سه‌رمایه‌گوزارى و وه‌به‌رهێنانى تورکى له‌ هه‌رێمى کورستان نیشان دا و په‌یوه‌ندییه‌کانى هه‌رێمى کوردستانى له‌گه‌ل تورکیا به‌ گرنگ و ستراتیژى ناوزه‌د کرد.

له‌ کۆبوونه‌وه‌یه‌کدا که‌ نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 29-4-2019 له‌ هه‌ولێر به‌ڕێوه‌چوو، نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان و مه‌ولوود چاوشئۆغڵو وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى تورکیا، په‌ره‌پێدانى په‌یوه‌ندییه‌کانى هه‌رێمى کوردستان و عێراق له‌گه‌ڵ تورکیا، به‌رزکردنه‌وه‌ى ئاستى بازرگانی، هه‌وڵدان بۆ کردنه‌وه‌ى ده‌روازه‌ى زیاترى سنووری، هاریکارى و هه‌ماهه‌نگى له‌ بواره‌کانى ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى مه‌ترسییه‌کانى تیرۆر، دۆخى که‌رکووک و ناوچه‌کانى ماده‌ى 140 و پێکهاته‌کانى و هه‌رێمى کوردستان و عێراقیان به‌گشتى تاوتوێ کرد.

چاوشئۆغڵو وێڕاى ده‌ربڕینى خۆشحاڵى به‌ سه‌ردانى هه‌رێمى کوردستان، دووپاتى کرده‌وه‌ که‌ چۆن له‌ کاته‌ سه‌خته‌کاندا پشتیان له‌ هه‌رێمى کوردستان نه‌کردووه‌، ئێستاش خوازیارى په‌ره‌پێدانى زیاترى په‌یوه‌ندییه‌کانن له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى کوردستان و کۆمپانیا تورکییه‌کان ده‌توانن له‌ پرۆسه‌ى بنیاتنان و ئاوه‌دانکردنه‌وه‌دا به‌تایبه‌تیش له‌ ناوچه‌ زیانبه‌رکه‌وتووه‌کانى شه‌ڕى داعش کار و وه‌به‌رهێنان بکه‌ن، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌ دیدار و کۆبوونه‌وه‌کانى له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى به‌غدا کرد و تیشکى خسته‌ سه‌ر گرنگیى هاریکارى و هه‌ماهه‌نگیى عێراق و تورکیا له‌ پرسى ئاو و به‌ڕێوه‌بردنى که‌یسى ئاودا.

له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا که‌ ژماره‌یه‌ک له‌ به‌رپرسانى هه‌رێم و باڵیۆزى تورکیا له‌ عێراق و کونسولى تورکیا له‌ هه‌رێمى کوردستان و شاندێکى یاوه‌ریان به‌شدار بوون، دۆخ و پێشهاته‌کانى ناوچه‌که‌ به‌گشتى خرانه‌ به‌ر باس.