جه‌خت له‌سه‌ر پته‌وکردنى په‌یوه‌ندییه‌کانى په‌رله‌مانى کوردستان و په‌رله‌مانى تورکیا ده‌کرێته‌وه‌

نیسان 29, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


له‌ دیدارێکیدا له‌گه‌ڵ بورهان کایه‌، ئه‌ندامى په‌رله‌مانى تورکیا، هێمن هه‌ورامی، جێگرى سه‌رۆکى په‌رله‌مانى کوردستان جه‌خت له‌سه‌ر پته‌وکردنى په‌یوه‌ندییه‌کانى نێوان په‌رله‌مانى کوردستان و په‌رله‌مانى تورکیا ده‌کاته‌وه‌.

دواى نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ 29ى نیسانى 2019، هێمن هه‌ورامی، جێگرى سه‌رۆکى په‌رله‌مانى کوردستان، له‌ نوسینگه‌ى تایبه‌تیى خۆى له‌ ته‌لارى په‌رله‌مان پێشوازیى له‌ بورهان کایه‌، ئه‌ندامى په‌رله‌مانى تورکیا کرد.

له‌ دیدارێکدا هێمن هه‌ورامی، جێگرى سه‌رۆکى په‌رله‌مانى کوردستان، وێڕاى به‌خێرهێنانى بورهان کایه‌، بۆ ته‌لارى په‌رله‌مانى کوردستان پوخته‌یه‌ک له‌ رێکاره‌ یاساییه‌کانى په‌رله‌مان و هه‌نگاوه‌کانى پێکهێنانى کابینه‌ى نۆیه‌مى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان شیکرده‌وه‌و رایگه‌یاند: "هێزه‌ سه‌ره‌کییه‌کانى پێکهێنه‌رى کابینه‌ى نۆیه‌م له‌ رێککه‌وتنى کۆتایى نزیکبوونه‌ته‌وه‌ و له‌ ئاینده‌یه‌کى زۆر نزیکدا کابینه‌ى نۆیه‌مى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان پێکدێت".

هه‌ر له‌ دیداره‌که‌دا هێمن هه‌ورامی، جێگرى سه‌رۆکى په‌رله‌مانى کوردستان، باسى له‌ په‌یوه‌ندییه‌کانى نێوان هه‌رێمى کوردستان و وڵاتى تورکیا کردو جه‌ختى له‌سه‌ر پته‌وترکردنى په‌یوه‌ندییه‌کانى نێوان هه‌ردوولا له‌سه‌رجه‌م بواره‌کاندا کرده‌وه‌و رایگه‌یاند: "په‌یوه‌ندییه‌کانمان له‌گه‌ڵ تورکیا په‌ره‌ پێده‌ده‌ین و وڵاتى تورکیا بۆ هه‌رێمى کوردستان گرنگه‌و به‌بایه‌خه‌وه‌ ده‌ڕوانینه‌ ئه‌و سه‌ردانه‌ى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى تورکیا بۆ هه‌رێمى کوردستان و هیوادارین په‌یوه‌ندییه‌کانمان زیاتر به‌ره‌وپێش بچێت و پردێکى په‌یوه‌ندیى به‌هێزیش له‌نێوان په‌رله‌مانى کوردستان و په‌رله‌مانى تورکیا دروست بکرێت و په‌ره‌ى پێبدرێت بۆ سوودوه‌رگرتن له‌ ئه‌زموونى کارى په‌رله‌مانى و بگاته‌ ئاستى سه‌ردانیکردنى لیژنه‌کانى په‌رله‌مانى هه‌ردوولا بۆلاى یه‌کتری" .

جێگر سه‌رۆکى په‌رله‌مانى کوردستان بۆ چاره‌سه‌رکردنى دۆزى کورد له‌ وڵاتى تورکیا، رایگه‌یاند: "هه‌رێمى کوردستان ده‌خوازێت کێشه‌ى کورد له‌تورکیا به‌رێگه‌ى دیالۆگ و ئاشتییانه‌ چاره‌سه‌ر بکرێت و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش هه‌رێمى کوردستان ئاماده‌یى ته‌واوى تێدایه‌ بۆ هاوکاریکردن له‌و پرسه‌دا".

لاى خۆیه‌وه‌ بورهان کایه‌، ئه‌ندامى په‌رله‌مانى تورکیا،خۆشحاڵیى خۆى به‌ سه‌ردانیکردنى په‌رله‌مانى کوردستان ده‌ربڕى و جه‌ختى له‌سه‌ر پته‌وکردنى په‌یوه‌ندییه‌کانى وڵاته‌که‌ى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى کوردستان کرده‌وه‌ و هیواى خواست په‌یوه‌ندییه‌کانیان به‌ره‌و پێشتر بچن و رایگه‌یاند: "به‌خۆشحاڵییه‌وه‌ بانگهێشتان ده‌که‌ین بۆ په‌رله‌مانى تورکیا بۆئه‌وه‌ى په‌یوه‌ندییه‌کى به‌هێز له‌ نێوان په‌رله‌مانى تورکیا و په‌رله‌مانى کوردستاندا دروست ببێت".