سلێمانی ... ئاماده‌کارییه‌کانى مانگى پیرۆزى ره‌مه‌زان راگه‌یه‌ندرا

نیسان 29, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


له‌ سلێمانى ئاماده‌کارییه‌کانى مانگى پیرۆزى ره‌مه‌زان راگه‌یه‌ندراو قائیمقامى شاره‌که‌ش ده‌ڵێت: له‌ مانگى ره‌مه‌زاندا رێگرى ته‌واو له‌ به‌رزبوونه‌وه‌ى نرخى کاڵاو شتومه‌ک ده‌کرێت و هه‌ر فرۆشیارێک پابه‌ند نه‌بێت رووبه‌ڕووى سزاى یاسایى ده‌کرێته‌وه‌ .

ئه‌مرۆ دوو شه‌ممه‌ 29-4-2019 لیژنه‌ى ئه‌منى سلێمانى و فه‌رمانگه‌ په‌یوه‌نداره‌کان و یه‌کێتى زانیانى ئیسلامى کوردستان به‌سه‌رپه‌رشتى ئاوات محه‌مه‌د قائیمقامى سلێمانى کۆبووه‌وه‌ و پلان و رێوشوێنه‌کانى تایبه‌ت به‌ مانگى ره‌مه‌زان تاوتوێکرا .

له‌ کۆنگره‌یه‌کى رۆژنامه‌وانیشدا ئاوات محه‌مه‌د قائیمقامى سلێمانى رایگه‌یاند: به‌هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ هه‌موو فه‌رمانگه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان پلانێکى گشتگیریان بۆ مانگى پیرۆزى ره‌مه‌زان داناوه‌ و هه‌موو ئاماده‌کاریه‌کى پێویستیش کراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى به‌بێ هیچ گرفتێک هاوڵاتیان پێشوازى له‌ مانگى پیرۆزى ره‌مه‌زان بکه‌ن . له‌ باره‌ى نرخى کاڵاو شتومه‌ک و چاودێرى بازاێ‌ قائیمقامى سلێمانى رایگه‌یاند: له‌ مانگى ره‌مه‌زاندا چاودێریه‌کى ووردى بازاێ‌ ده‌کرێت و هاوشێوه‌ى مانگه‌کانى تر رێگه‌ به‌ به‌رزبوونه‌وه‌ى نرخى کاڵاو شتومه‌ک نادێت و هه‌ر فرۆشیارێک پابه‌ند نه‌بێت به‌ مه‌رج و رێنماییه‌کانه‌وه‌ رووبه‌ڕووى سزاى یاسایى ده‌کرێته‌وه‌ . لیژنه‌هاوبه‌شه‌کانیش له‌و مانگه‌دا گه‌ڕان و به‌سه‌رکردنه‌وه‌کانیان چڕترده‌که‌نه‌وه‌ و رێگرى له‌ هه‌موو جۆره‌کانى سه‌رپێچى ده‌که‌ن.

ده‌رباره‌ى کردنه‌وه‌ى چێشتخانه‌و رێستۆرانته‌کان له‌ مانگى ره‌مه‌زاندا ئاوات محه‌مه‌د ووتى : مه‌رج و رێنمایى دانراوه‌ بۆ کارکردنى هه‌موو ئه‌و شوێنانه‌ى که‌ ده‌یانه‌وێت له‌ مانگى ره‌مه‌زاندا کراوه‌بن و پێویسته‌ به‌ته‌واوى پابه‌ندى مه‌رج و رێنماییه‌کان بن یه‌کێک له‌ رێنمایه‌کانیش پێویسته‌ رووى پێشه‌وه‌ى چێشتخانه‌و رێستۆرانته‌کان داپۆشن و رێز له‌ مانگى ره‌مه‌زان و رۆژوانان بگرن. هه‌روه‌ها ئه‌و شوێنانه‌ى که‌ له‌ مانگى ره‌مه‌زاندا کراوه‌ ده‌بن پێویسته‌ له‌ جه‌ژنى ره‌مه‌زانیشدا کراوه‌بن به‌ڕووى هاوڵاتیان و گه‌شتیاراندا.

قائیمقامى سلێمانى ووتیشی: له‌رووى ئه‌منیه‌وه‌ له‌ هه‌موو شوێنه‌ گشتیه‌کان رێوشوێنێکى پێویست ده‌گیرێته‌ به‌ر بۆ سه‌لامه‌تى گیانى هاوڵاتیان. له‌ باره‌ى دوکان و شوێنه‌کانى تایبه‌ت به‌ خواردنه‌وه‌ حکولییه‌کانیش ئاوات محه‌مه‌د رایگه‌یاند بۆ رێگرتن له‌ مانگى ره‌مه‌زان کارکردنى هه‌موو ئه‌و شوێنانه‌ رێکده‌خرێت .

له‌ به‌شێکى ترى کۆنگره‌ رۆژنامه‌وانیه‌که‌دا مامۆستا عه‌تا پێنجوێنى جێگرى سه‌رۆکى لقى سلێمانى یه‌کێتى زانایانى ئیسلامى کوردستان رایگه‌یاند: پێویسته‌ له‌ ئاستێکى باڵادا هه‌موو لایه‌ک رێز له‌ مانگى پیرۆزى ره‌مه‌زان بگرن . داواشى له‌ که‌ناڵه‌کانى راگه‌یاندن کرد له‌ په‌خشکردنى بابه‌ت و به‌رنامه‌کانیان پیرۆزى مانگى ره‌مه‌زان له‌ به‌رچاوبگرن .