قوباد تاڵه‌بانى و وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى تورکیا، چه‌ند پرسێک تاوتوێ ده‌که‌ن

نیسان 29, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان له‌گه‌ڵ مه‌ولوود چاوشئۆغلۆ وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى تورکیا هه‌ندێک پرسى هاوبه‌شى تاوتوێ کرد و هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌په‌ره‌پێدانى په‌یوه‌ندییه‌کانى هه‌رێم و کۆمارى تورکیا کرده‌وه‌.

له‌میانه‌ى کۆبوونه‌وه‌یه‌کدا که‌ دوا نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 29 -4- 2019 له‌ هه‌ولێر به‌ڕێوه‌چوو، باس له‌په‌ره‌پێدانى په‌یوه‌ندییه‌ دوو قۆڵییه‌کانى هه‌رێمى کوردستان و کۆمارى تورکیا کرا. لاى خۆیه‌وه‌ وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى تورکیا هیواى خواست به‌زویى کابینه‌ى نوێى هه‌رێم ده‌ست به‌کاربێت و خواستى خۆى بۆ سه‌ردانى شارى سلێمانیش ده‌ربڕی.

له‌گفتوگۆکاندا هه‌ردوولا هاوڕابوون له‌سه‌ر پاڵپشتیى ئۆقره‌یى و ئارامى له‌ مووسڵ و ده‌شتى نه‌ینه‌وا و ناوچه‌ ڕزگارکراوه‌کانى ده‌ستى داعش، له‌گه‌ڵ پێکه‌وه‌ کارکردن بۆ به‌رگرتن له‌ سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ى تیرۆر له‌و ناوچانه‌. له‌م میانه‌شدا قوباد تاڵه‌بانى جه‌ختى له‌ پێویستى ڕێگریکردن له‌ دروستبوونى داعشێکى نوێ له‌ناوچه‌که‌، کرده‌وه‌.

وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى تورکیا دووپاتى کرده‌وه‌ که‌ زۆر پرسى هاوبه‌ش هه‌ن ده‌کرێ ببنه‌ ئه‌جێنداى هاوکاریى هه‌ردوولا له‌ماوه‌ى داهاتوودا به‌تایبه‌ت له‌بواره‌کانى ئابوورى و خوێندن و زانکۆکان.

قوباد تاڵه‌بانى گرنگیى دۆزینه‌وه‌ى چاره‌سه‌رى بۆ کێشه‌ى که‌رکووک له‌سه‌ر بنه‌ماى پێکه‌وه‌ژیان، ئاشته‌وایى نه‌ته‌وه‌ و پێکهاته‌کانى شاره‌که‌ خسته‌ڕوو و به‌پێویستى زانى چاره‌سه‌رى به‌په‌له‌ و گونجاوى بۆ بدۆزرێته‌وه‌.

کۆبوونه‌وه‌ هه‌ڵوه‌سته‌ى له‌سه‌ر ئاسایشى ئاو و به‌رێوه‌بردنى کرد که‌ پرسى هاوبه‌شى تورکیا و هه‌رێم و عێراقه‌. هه‌روه‌ها قوباد تاڵه‌بانى پاڵپشتیى هه‌رێمى کوردستانى بۆ چاره‌سه‌کانى ئاشتى له‌تورکیا دووپات کرده‌وه‌ و سوپاسى هاوکاریى تورکیاى کرد له‌ سێکته‌ره‌ جیاجیاکان بۆ هه‌رێمى کوردستان.

تیمى هه‌رێم جگه‌ له‌ قوباد تاڵه‌بانی، هه‌ریه‌ک له‌ د. خه‌سره‌و گوڵ محه‌مه‌د، ده‌رباز کۆسره‌ت ڕه‌سوڵ، د. یوسف گۆران، عوسمان شوانى و شاندى میوانیش جگه‌ له‌ وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌، له‌ باڵیۆزى تورکیا له‌به‌غدا و ژماره‌یه‌ک به‌رپرس و دیپلۆماتکار پێکهاتبوو.