لیژنه‌ى پێشمه‌رگه‌ى په‌رله‌مان مه‌ترسیه‌کانى بڵاوبوونه‌وه‌ى ماده‌ هۆشبه‌ره‌کان تاووتوێ ده‌کات

نیسان 30, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


لیژنه‌ى پێشمه‌رگه‌و ناوخۆو ئاسایش و ئه‌نجوومه‌نه‌ خۆجێییه‌کان مه‌ترسییه‌کانى بڵاوبوونه‌وه‌ى ماده‌ هۆشبه‌ره‌کان تاووتوێ ده‌کات

به‌مه‌به‌ستى گفتوگۆکردن له‌سه‌ر راسپارده‌و پێشنیازه‌کانى به‌یاننامه‌ى کۆتایى کۆنفرانسى مه‌ترسییه‌کانى ماده‌ هۆشبه‌ره‌کان و رێگاکانى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی، ئه‌مڕۆ 30-4-2019 ، لیژنه‌ى پێشمه‌رگه‌و ناوخۆو ئاسایش و ئه‌نجوومه‌نه‌ خۆجێییه‌کان له‌ په‌رله‌مانى کوردستان، به‌سه‌رپه‌رشتى عه‌بدوڵا حاجى مه‌حمود، سه‌رۆکى لیژنه‌و ئاماده‌بوونى جێگرو بڕیارده‌رو ئه‌ندامان و ڕاوێژکارانى لیژنه‌که‌ کۆبۆوه‌.

له‌کۆبوونه‌وه‌که‌دا که‌ له‌هۆڵى ماده‌ى ۱٤۰ له‌ ته‌لارى په‌رله‌مان به‌ڕێوه‌چوو، راسپارده‌و پێشنیازه‌کانى به‌یاننامه‌ى کۆتایى کۆنفرانسى مه‌ترسییه‌کانى ماده‌ هۆشبه‌ره‌کان و رێگاکانى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى که‌رۆژى 28-4-2019 له‌زانکۆى لوبنانی-فه‌ڕه‌نسى به‌ڕێوه‌چوو، گفتوگۆى له‌باره‌وه‌ کراو هه‌ریه‌ک له‌ ئه‌ندامان و ڕاوێژکارانى لیژنه‌که‌ ڕاوبۆچوونه‌کانى خۆیان له‌باره‌یه‌وه‌ خسته‌ڕوو و بڕیاردرا به‌هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ لیژنه‌کانى دیکه‌ى په‌یوه‌ندیدار له‌ په‌رله‌مانى کوردستان و هێنانى که‌سانى پسپۆڕو شاره‌زا به‌مه‌به‌ستى سوودوه‌رگرتن له‌ سه‌رنج و تێبینى و پێشنیازه‌کانیان بۆ ئه‌نجامدانى رێکارى یاسایى پێویست بۆ هه‌موارکردنى یاساى ماده‌ هۆشبه‌ره‌کان ژماه‌ ٦٨ى ساڵى ۱۹٦٥ى هه‌موار کراو.