په‌یامى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان بۆ یه‌کى ئایار، ڕۆژى جیهانیى کرێکاران

ئایار 01, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


به‌ بۆنه‌ى یه‌کى ئایار، ڕۆژى جیهانیى کرێکارانه‌وه‌، گه‌رمترین پیرۆزبایى له‌ سه‌رجه‌م کرێکارانى کوردستان و جیهان ده‌که‌ین. یه‌کى ئایار ڕۆژێکى گرنگ و پرشنگداره‌ بۆ به‌بیرهێنانه‌وه‌ و درێژه‌پێدان به‌ خه‌باتى کرێکاران له‌پێناو داکۆکیکردن له‌ ماف و خواسته‌ ڕه‌واکانیان. کرێکاران توێژێکى زیندووى به‌رهه‌مهێنى کۆمه‌ڵگان، کرێکارانى کوردستانیش ڕۆڵى کاریگه‌ریان له‌ پرۆسه‌کانى ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ و بنیاتنان و په‌ره‌پێدانى کوردستاندا هه‌یه‌.


حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان به‌ بایه‌خه‌وه‌ له‌ ڕۆڵ و گرنگیى ئه‌م توێژه‌ى کۆمه‌ڵگاکه‌مان ده‌ڕوانێت و په‌رۆشى ده‌سته‌به‌رکردنى ماف و داخوازیه‌کانیانه‌، هه‌وڵى جددى ده‌دات بۆ باشترکردنى گوزه‌ران و ڕه‌خساندنى زیاترى ده‌رفه‌تى کار و خزمه‌تگوزارى و مافه‌کانیان، هانى که‌رتى تایبه‌تیش ده‌دات که‌ به‌ پشتیوانى و هاوکاریى لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کانى حکوومه‌ت، ڕه‌چاوى زیاترى ماف و داخوازییه‌کانى کرێکار بکه‌ن و خۆیان به‌ به‌رپرسیار بزانن به‌رامبه‌ر به‌ پێداویستییه‌کانى کرێکاران و ڕه‌خساندنى که‌ش و ژینگه‌ى کار له‌ ئاستێکى چاوه‌ڕوانکراو و سه‌رده‌میانه‌دا.


وێڕاى ده‌ستخۆشیکردن له‌ سه‌ندیکاى کرێکارانى کوردستان بۆ داکۆکیکردن و پشتیوانییان له‌ ماف و داخوازیه‌کانى ئه‌م توێژه‌ گرنگه‌ى کوردستان، هانیان ده‌ده‌ین بۆ کار و خزمه‌تى زیاتر له‌پێناو به‌دیهێنانى خواسته‌کانى کرێکاراندا، حکوومه‌تى هه‌رێمیش وه‌ک هه‌میشه‌ بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ پشتیوانى هه‌وڵه‌کانیان ده‌بێت.

به‌رز و پیرۆز بێت یه‌کى ئایار، ڕۆژى جیهانیى کرێکاران.
ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان
1ى ئایارى 2019