نێچیرڤان بارزانى: كه‌رتى ته‌ندروستى پێویستى به‌ ته‌رخانكردنى بودجه‌ى زیاتره

ئایار 01, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 1ی ئایار نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان له‌ كۆنگره‌ و پێشانگاى فارمیدێنتدا له‌ هه‌ولێر ڕایگه‌یاند دۆخى سه‌ختى ساڵانى ڕابردووى هه‌رێمى كوردستان هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاى ساڵى 2014ـه‌وه‌ كه‌ به‌ بڕینى بودجه‌ى هه‌رێمى كوردستان ده‌ستى پێكرد، تا شه‌ڕى داعش و هاتنى نزیكه‌ى دوو ملیۆن ئاواره‌ و په‌نابه‌ر بۆ هه‌رێمى كوردستان و دابه‌زینى نرخى نه‌وت، وه‌ك هه‌موو كه‌رته‌كانى دیكه‌، كاریگه‌ریى خراپى له‌سه‌ر كه‌رتى ته‌ندروستیى هه‌رێمى كوردستانیش هه‌بووه‌ و زۆربه‌ى پلان و به‌رنامه‌كانى حكومه‌تى له‌ هه‌موو كه‌رته‌كاندا په‌كخست، یان دوا خست.  

وتیشی بنیاتنانى سیسته‌مێكى ته‌ندروستیى پێشكه‌وتوو، ستراتیژ و كارێكى له‌پێشینه‌ى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بووه وه‌ك به‌رنامه‌‌. حكومه‌ت هه‌ر زوو دركى به‌وه‌ كردووه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان پێویستى به‌ سیسته‌مێكى ته‌ندروستیی هاوچه‌رخ هه‌یه‌، به‌ڵام بنیاتنانى سیستمێكى ئاوها له‌سه‌ر بنه‌ماى ئه‌و كولتووره‌ باوه‌ى پێشتر هه‌بووه‌ و به‌ ده‌یان ساڵ به‌رده‌وام بووه‌، هه‌روه‌ها ئه‌و كارانه‌ی پێشتر له‌ هه‌موو عێراق كراوه‌ و ڕوون نه‌بووه‌ سیستمه‌كه‌ به‌ چ شێوه‌یه‌كه‌، كارێكی ئاسان نییه‌ كه‌ بتوانین ئه‌مانه‌ هه‌موویان بگۆڕین، به‌ڵكو به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ته‌حه‌دییه‌كى گه‌وره‌یه‌ و كار و ماندووبوونێكی زۆرى ده‌وێت.

سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێم هێمای بۆ ئه‌وه‌ كرد حكومه‌ت به‌رده‌وام هه‌وڵى داوه‌ بۆ بره‌ودان به‌ كه‌رتى ته‌ندروستى و پزیشكى. له‌گه‌ڵ هه‌بوونى ئیراده‌یه‌كى به‌هێزى حكوومه‌ت بۆ په‌ره‌پێدان و چاكسازى له‌ كه‌رتى ته‌ندروستى، خزمه‌تگوزاریى ته‌ندروستیى كه‌رتى گشتى بێ به‌رامبه‌ر و بێ جیاوازى بۆ هه‌موو هاووڵاتییان پێشكه‌ش كراوه‌. كوتانى منداڵان به‌ ڕێكوپێكى ئه‌نجام دراوه‌، ڕێژه‌ى داموده‌زگا ته‌ندروستى و پزیشكییه‌كان به‌رز بووه‌ته‌وه‌، خوێندنى زانكۆیى و پسپۆڕیى جۆراوجۆرى پزیشكى په‌ره‌ى سه‌ندووه‌، خزمه‌تگوزارییه‌ ته‌ندروستى و پزیشكییه‌كان و به‌تایبه‌تى خزمه‌تگوزاریى چاره‌سه‌رى سه‌ره‌تاییى ته‌ندروستى له‌ ئاستێكى باشدا بووه‌.

نێچیره‌ڤان بارزانی ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كرد ئه‌گه‌ر به‌ خێرایى سه‌یرێكى ئاماره‌كان بكه‌ین ده‌بینین وێڕاى هه‌موو كێشه‌ و سه‌ختییه‌كانیش، بوارى ته‌ندروستى و پزیشكى چ له‌ ڕێگه‌ى حكومه‌ت، یان له‌ ڕێگه‌ى كه‌رتى تایبه‌ته‌وه‌، خێراش نه‌بێت، به‌ڵام به‌رده‌وامییه‌ك هه‌بووه‌ له‌م كه‌رته‌دا.

بۆ نموونه‌ ڕێژه‌ى نه‌خۆشخانه‌ حكومییه‌كان له‌ (26)ـه‌وه‌ بۆ (76) نه‌خۆشخانه‌ و بنكه‌كانى ته‌ندروستى له‌ (178)ـه‌وه‌ بۆ (967) به‌رز بۆته‌وه‌. ڕێژه‌ى قه‌ره‌وێله‌ بۆ مانه‌وه‌ى نه‌خۆش له‌ (3731)ـه‌وه‌ بۆ (7805) به‌رز بۆته‌وه‌، هۆڵه‌كانى نه‌شته‌رگه‌رى له‌ (45)ـه‌وه‌ بۆ (252) هۆڵ زیادى كردووه‌. ژماره‌ى پزیشكان له‌ (826)ـه‌وه‌ بۆ (6814) و ده‌رمانخانه‌كانیش له‌ (48)ـه‌وه‌ بۆ (1236) ده‌رمانخانه‌ چۆته‌ سه‌ره‌وه‌. له‌ كه‌رتى تایبه‌تیشدا (47) نه‌خۆشخانه‌ له‌ هه‌رسێ پارێزگاى هه‌ولێر، سلێمانى و دهۆك هه‌ن كه‌ چاره‌سه‌رى زۆرترین نه‌خۆشییه‌كان و نه‌خۆشییه‌ درێژخایه‌نه‌كان ده‌كه‌ن و نه‌شته‌رگه‌ریى زۆر ورد و هه‌ستیارى پیشكه‌وتووش ئه‌نجام ده‌ده‌ن. بۆ نموونه‌ ساڵى ڕابردووى 2018 (1760) نه‌شته‌رگه‌ریى دڵى كراوه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان ئه‌نجام دراون.

ژماریه‌كى زۆرى سه‌نته‌رى پسپۆڕیى بڕوانامه‌ى بۆردى عه‌ره‌بى و عێراقى له‌ هه‌رێمى كوردستان هه‌ن، له‌وانه:‌ بۆردى عه‌ره‌بى (26) سه‌نته‌ر و (24) سه‌نته‌رى تاقیكردنه‌وه‌ى كۆتایى، بۆردى عێراقى (32) سه‌نته‌ر‌، بۆردى هه‌رێمى كوردستانیش سه‌نته‌رى زۆربه‌ى زۆرى پسپۆڕییه‌كانى هه‌یه‌.

زیادبوونى ڕێژه‌ى نه‌خۆشخانه‌ حكومى و تایبه‌ته‌كان، فراوانبوونى تایبه‌تمه‌ندى و پسپۆڕیى جۆراوجۆرى پزیشكى، كردنه‌وه‌ى سه‌نته‌ر و كۆمه‌ڵگه‌ى پزیشكى و كلینیكى هاوچه‌رخ، به‌كارهێنانى نوێترین ئامێر و ته‌كنه‌لۆژیاى پزیشكى و چاره‌سه‌ركردنى زۆربه‌ى نه‌خۆشییه‌كان له‌ هه‌رێمى كوردستان، كۆنترۆلى ده‌رمان و باشتركردنى هه‌ڵگرتن و پاراستن و گواستنه‌وه‌ى، فراوانبوون و هه‌مه‌جۆربوونى خوێندنى پزیشكى و پسپۆڕییه‌كان، ئه‌مانه‌ هه‌موویان نیشانه‌ى به‌ره‌وپێشچوونى به‌رده‌وامى بوارى ته‌ندروستین له‌ هه‌رێمى كوردستان. هه‌ر ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ له‌ زۆربه‌ى ناوچه‌كانى عێراقه‌وه‌ بۆ چاره‌سه‌رى، بێن بۆ ماڵی خۆیان و بێت بۆ كوردستان.

سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێم ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو كه‌رتى ته‌ندروستى پێویستى به‌ ته‌رخانكردنى بودجه‌ى زیاتره له‌ هه‌موو عێراق‌، سیستمى ته‌ندروستى كه‌ تا ئێستا چاره‌سه‌ركردنه‌، ده‌بێ بكرێته‌ خۆپاراستن. ڕێژه‌ى پسپۆڕى له‌ پلاندانانى ته‌ندروستى، خزمه‌تگوزاریى په‌رستیارى و ته‌كنه‌لۆژیاى زانیاریى ته‌ندروستى ده‌بێ باشتر بكرێت و هه‌موو نه‌خۆشێك دۆسیه‌ى ئه‌له‌كترۆنى بۆ بكرێته‌وه‌. گرنگییه‌كى تایبه‌ت به‌ كوالیتیى خۆراك بدرێت و ئاسایشى خۆراك كه‌ به‌شێكى گرنگى ئاسایشى نه‌ته‌وه‌ییمانه‌ بپارێزرێت. هه‌ردوو كه‌رتى ته‌ندروستى گشتى و تایبه‌ت پێویستیان به‌ هه‌ماهه‌نگیى زیاتره‌، كواڵیتیى ده‌رمان ده‌بێ به‌رزتر بكرێته‌وه‌ و سیستمى پزیشكیى خێزان و سیستمێكى بیمه‌ كه‌ بۆ هه‌رێمى كوردستان و عێراق گونجاو بێت په‌یڕه‌و بكرێت، هه‌روه‌ها به‌هانا‌وه‌چوون و خزمه‌تگوزاریى فریاكه‌وتنى خێرا كاراتر بكرێت.


وتیشی تەندروستی بەشێکی سەرەکی و گرنگە لە ئاسایشی نەتەوەیی و نیشتمانیمان. ده‌بێ بایەخێکی سەرەکی بە بڵاوکردنەوەی ھۆشیاریی تەندروستی بدرێت چ لەڕووی خۆپاراستن لە نەخۆشییەکان و تەشەنەکردنیان، چ لەڕووی بەکارھێنانی دەرمان و چارەسەره‌وه‌ بە شێوەی دروست.

ھۆشیاریی تەندروستی دەبێ بەشێکی سەرەکی بێت لە كولتوور و فەرھەنگی کۆمەڵگا. میدیا ده‌توانێت ڕۆڵێكى گرنگ له‌ بڵاوكردنه‌وه ‌و به‌رزكردنه‌وه‌ى ئاستى هۆشیاریى ته‌ندروستیدا بگێڕێت و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ ده‌بێ داموده‌زگاكانى ته‌ندروستى پلانیان هه‌بێت و به‌رده‌وام كار له‌سه‌ر بڵاوكردنه‌وه‌ى ڕۆشنبیرى و ئاگایى و هۆشیاریى ته‌ندروستى بكه‌ن.

پێویسته‌ لە قۆناغی باخچەی ساوایانەوە ڕەگی ئەو ھۆشیارییە لە ھزری تاکەکانی کۆمەڵگادا بچێنین و قۆناغ لە دوای قۆناغ پەروەردەی زیاتر و دروستتر بکرێن. ده‌بێ گرنگى به‌ وه‌رزش بدرێت و ڕاهێنانه‌ وه‌رزشییه‌كان ببنه‌ به‌شێك له‌ ڕۆتین و ژیانى ڕۆژانه‌ی هه‌ر تاكێكی ئێمه‌. به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی هۆشیاری، تا هه‌ر كه‌سێك له‌ ئێمه‌ خۆی به‌ به‌رپرس بزانێت به‌رامبه‌ر ژیان و ته‌ندروستیی خۆی، به‌شێكی گرنگی كار و پیشه‌ی ئێوه‌یه‌.