نێچیرڤان بارزانى: به‌رده‌وام کار له‌سه‌ر باشترکردنى سیستمى ته‌ندروستى ده‌که‌ین

ئایار 01, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز

 

سه‌رله‌به‌یانیى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 1-5-2018 به‌ ئاماده‌بوونى نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان و قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان و ژماره‌یه‌ک له‌ وه‌زیر و په‌رله‌مانتارانى عێراقى فیدرال و هه‌رێمى کوردستان و کونسول و نوێنه‌رانى وڵاتانى بیانى و ژماره‌یه‌کى زۆرى پرۆفیسۆر و دکتۆر و پزیشک و شاره‌زا و پسپۆڕانى بوارى ته‌ندروستى و پزیشکیی هه‌رێمى کوردستان و عێراق و ناوچه‌که‌ و جیهان‌، له‌ هه‌ولێر کۆنگره‌‌ و پیشانگاى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست بۆ ده‌رمانسازى و پزیشکى و پزیشکیى ددان (فارمیدێنت) له‌ پێشانگاى نێوده‌وڵه‌تیى هه‌ولێر به‌ڕێوه‌چوو.

دواى کردنه‌وه‌ و به‌سه‌رکردنه‌وه‌ى پیشانگاکه‌ له‌لایه‌ن نێچیرڤان بارزانییه‌وه‌، له‌ وته‌یه‌کدا به‌خێرهاتنى ئاماده‌بووانى ڕێوڕه‌سمه‌که‌ى کرد و خۆشحاڵیى خۆى به‌ به‌شداریی ژماره‌یه‌کى زۆرى پرۆفیسۆر، دکتۆر، پزیشک، شاره‌زا و پسپۆڕانى بوارى ته‌ندروستى و پزیشکیی هه‌رێمى کوردستان و عێراق و ناوچه‌که‌ و چه‌ندین وڵاتانى جیهان له‌ چالاکییه‌که‌دا ده‌ربڕی.

نێچیرڤان بارزانى جه‌ختیشى کرده‌وه‌ که‌ به‌پێى توانا هه‌وڵیان بۆ بره‌ودان به‌ که‌رتى ته‌ندروستى داوه‌، هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ ‌بوونى ئیراده‌یه‌کى به‌هێز بۆ په‌ره‌پێدان له‌و که‌رته‌دا، خزمه‌تگوزاریى ته‌ندروستیى که‌رتى گشتى بێ به‌رامبه‌ر بۆ هاووڵاتییان پێشکه‌ش کراوه‌، ڕێژه‌ى داموده‌زگا ته‌ندروستى و پزیشکییه‌کان به‌رز بووه‌ته‌وه‌، خوێندنى زانکۆیى و پسپۆڕیى جۆراوجۆرى پزیشکى په‌ره‌ى سه‌ندووه‌، خزمه‌تگوزارییه‌ ته‌ندروستى و پزیشکییه‌کان و به‌تایبه‌تى خزمه‌تگوزاریى چاره‌سه‌رى سه‌ره‌تاییى ته‌ندروستى له‌ ئاستێکى باشدا بووه‌.

سه‌رۆک وه‌زیران دووپاتیشى کرده‌وه‌ که‌ ئه‌م پێشکه‌وتنه‌ له‌ ئاستى خواستى حکوومه‌تدا نییه‌ و چاویان له‌ ئاستێکى باشتره‌‌ و جه‌ختى له‌ پێداچوونه‌وه‌ و نوێکردنه‌وه‌ى ته‌واوى سیستمى ته‌ندروستى به‌ شێوه‌یه‌کى هاوچه‌رخانه‌ له‌ هه‌رێمى کوردستان و عێراق کرده‌وه‌ هه‌ر له‌ هه‌موارکردنه‌وه‌ى یاساکان و کارى کۆمه‌ڵه‌ و سه‌ندیکاکانه‌وه‌،‌ تا ده‌گاته‌ بازرگانى و هێنان و کۆنترڵکردنى ده‌رمان، به‌ڕێوه‌بردنى نه‌خۆشخانه‌ و کلینیک و کۆمه‌ڵگه‌ و سه‌نته‌ره‌ پزیشکییه‌کان، مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ نه‌خۆش و باشترکردنى په‌یوه‌ندیى نێوان دکتۆر و نه‌خۆش، پێشکه‌شکردنى هه‌موو جۆره‌ خزمه‌تگوزارییه‌ پزیشکییه‌کان به‌ جۆرێک هاووڵاتى ته‌وه‌رى سه‌ره‌کى بێت و باشترین چاره‌سه‌ر وه‌ربگرێت.

ئاماژه‌ى به‌وه‌ش دا که‌ که‌رتى ته‌ندروستى پێویستى به‌ ته‌رخانکردنى بودجه‌ى زیاتره‌، سیستمى ته‌ندروستى که‌ تا ئێستا چاره‌سه‌رکردنه‌ بکرێته‌ خۆپاراستن، ڕێژه‌ى پسپۆڕى له‌ پلاندانانى ته‌ندروستى، خزمه‌تگوزاریى په‌رستیارى، ته‌کنه‌لۆژیاى زانیاریى ته‌ندروستى باشتر بکرێت و هه‌موو نه‌خۆشێک دۆسیه‌ى ئه‌له‌کترۆنى بۆ بکرێته‌وه‌، گرنگییه‌کى تایبه‌ت به‌ کوالێتیى خۆراک بدرێت و ئاسایشى خۆراک که‌ به‌شێکى گرنگى ئاسایشى نه‌ته‌وه‌یییه‌ بپارێزرێت، هه‌ماهه‌نگیى نێوان هه‌ردوو که‌رتى ته‌ندروستیى گشتى و تایبه‌ت و کواڵیتیى ده‌رمان به‌رزتر بکرێته‌وه‌، سیستمى پزیشکیى خێزان و سیستمێکى بیمه‌ که‌ بۆ هه‌رێمى کوردستان و عێراق گونجاو بێت په‌یڕه‌و بکرێت و خزمه‌تگوزاریى فریاکه‌وتنى خێرا کاراتر بکرێت.

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌ گرنگیى سوودوه‌رگرتن له‌ ئه‌زموونى وڵاتانى پێشکه‌وتوو و ڕۆڵى که‌رتى تایبه‌ت کرد له‌ پێشخستنى سیستمى ته‌ندروستى و پێشکه‌شکردنى خزمه‌تگوزارییه‌کاندا کرد.

 

 

ده‌قى وته‌ى نێچرڤان بارزانى ...