به‌ڕێز محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود : زۆرناخۆشه‌ به‌هۆى چه‌ند شتێکى بچوکه‌وه‌ پێکهێنانى کابینه‌که‌ى نوێى حکومه‌ت دوابخرێت

ئایار 04, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


به‌ڕێز محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود واده‌ى پێکهێنانى حکومه‌تى نوێى هه‌رێمى کوردستان ئاشکراده‌کات و جه‌ختیشده‌کاته‌وه‌، "حکومه‌تى نوێ خزمه‌تگوزارى باشترى پێیه‌ بۆ هاوڵاتیان"، ڕاشیده‌گه‌یه‌نێت، "زۆرناخۆشه‌ هه‌رێمێک به‌چه‌ند شتێکى بچوکه‌وه‌ سه‌رقاڵبکرێت کابینه‌که‌ ئه‌وه‌نده‌ دوابخرێت".

به‌ڕێز محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود له‌لێدوانێکدا به‌SNNى ڕاگه‌یاند: "ڕێکه‌وتنه‌کان کۆتاییهاتوه‌و یه‌کێتیى و پارتى گه‌یشتونه‌ته‌ ئه‌نجام و شتێکى ئه‌ووتۆ نه‌ماوه‌ له‌سه‌رى ڕێکنه‌که‌ون، ئه‌وه‌نده‌شى زانیاریم هه‌بێت، هه‌ندێک کێشه‌ى بچوک لاى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان هه‌بوو، ئه‌وانیش چاره‌سه‌رکراون".

وتیشی:"پێکهێنانى کابینه‌ى نوێ‌ له‌سه‌رئه‌وه‌ ماوه‌، په‌رله‌مانى کوردستان کۆبێته‌وه‌و یاساى سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێم هه‌مواربکرێت و دواتریش کاندیدى لایه‌نى براوه‌ ڕابسپێردرێت بۆ پێکهێنانى حکومه‌ت، له‌هه‌موو حاڵه‌تێکدا له‌مانگى ڕه‌مه‌زاندا کۆتایى به‌کێشه‌کان دێت و کابینه‌ى نوێى حکومه‌ت ده‌ستبه‌کارده‌بێت".

ئه‌وه‌شى ڕونکرده‌وه‌، "وه‌کو شته‌ گشتییه‌کانى کابینه‌ى نوێ بۆ نمونه‌ چه‌ند وه‌زاره‌ت بۆ کام لایه‌نه‌ بێت و چى به‌ربکه‌وێت ئه‌وانه‌ کۆتاییان هاتووه‌، به‌ڵام هه‌ندێ‌ ورده‌کاریش ماوه‌ بۆ نمونه‌ کێ ببێته‌ وه‌زیر، ڕه‌نگه‌ ئه‌مه‌ش مابێتی، به‌ڵام به‌ڕاستى زۆرناخۆشه‌ هه‌رێمێک به‌چه‌ند شتێکى بچوکه‌وه‌ سه‌رقاڵبکرێت و کابینه‌که‌ ئه‌وه‌نده‌ دوابخرێت".

سه‌باره‌ت به‌پێشبینیه‌کانیش بۆ کابینه‌ى داهاتوو ته‌ئکیدیکرده‌وه‌، "به‌دڵنیاییه‌وه‌ حکومه‌تى داهاتوو کۆمه‌ڵێک گۆڕانکاریى گه‌وره‌ ڕوده‌دات، بۆ نمونه‌ ئاشتى ئێستاى هه‌رێم له‌گه‌ڵ عێراق، نه‌مانى شه‌ڕى داعش و باشبونى دۆخى دارایی، ئه‌مانه‌ش هۆکارن بۆ ئه‌وه‌ى حکومه‌تى داهاتوو کارى باشترى خزمه‌تگوزارى پێشکه‌ش به‌هاوڵاتیان بکات".