سه‌ندیکاى ڕۆژنامه‌نووسان : ساڵى رابردوودا نزیکه‌ى ١٣٦ پێشێلکارى به‌رامبه‌ر به‌ ڕۆژنامه‌نووسان ئه‌نجامدراوه‌

ئایار 04, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


جێگرى نه‌قیبى سه‌ندیکاى ڕۆژنامه‌نووسانى کوردستان ئامارى ساڵى ڕابردوو (٢٠١٨) ى پێشێلکارى به‌رامبه‌ر به‌ ڕۆژنامه‌نووسان ده‌خاته‌ ڕوو و ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ده‌کات که‌پێشێلکارییه‌کان نزیکه‌ى ١٣٦ حاڵه‌ت بووه‌ و وه‌ جۆرى پێشێلکارییه‌کان به‌رده‌وام ئه‌وانه‌ن که‌ خۆیان دووباره‌ ده‌که‌نه‌وه‌ وه‌ک: لێدان و سوکایه‌تیپێکردن و ڕێگریلێکردن و پێنه‌دانى زانیاری. ڕایشیگه‌یاند " جوێندان و تیرۆرکردنى که‌سایه‌تى ڕۆژنامه‌نووسان له‌ ڕێگه‌ى په‌یج و ئه‌کاونتى ساخته‌وه‌ پێشێلکارییه‌ و ئه‌وه‌یش ناشارێته‌وه‌ که‌ له‌ هه‌رێمى کوردستان تیرۆرکردنى که‌سایه‌تى ڕۆژنامه‌نووسان ڕێژه‌یه‌کى زۆرى تۆمارکردووه‌ و به‌رده‌وامیشه‌ و ئه‌گه‌ر حکومه‌ت و په‌رله‌مان یاسایه‌کى توند ده‌رنه‌که‌ن، ئه‌مه‌ گرفتى گه‌وره‌ى کۆمه‌ڵایه‌تى لێده‌که‌وێته‌وه‌."

ده‌نگى ئه‌مه‌ریکا له‌سه‌ر زارى ئه‌نوه‌ر حسێن جێگرى نه‌قیبى سه‌ندیکاى ڕۆژنامه‌نووسان بڵاویکرده‌وه‌ که‌رایگه‌یاندووه‌ لێکتێنه‌گه‌یشتن له‌ نێوان ده‌سه‌ڵات و ئه‌واندا هه‌یه‌ هۆکارى ئه‌مه‌یش بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ که‌ حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان کارى رۆژنامه‌وانى وه‌ک پیشه‌یه‌کى ڕه‌سمى نه‌ناساندووه‌ ده‌شڵێت " به‌شى زۆرى ئه‌و سکاڵایانه‌ى چوونه‌ته‌ به‌رده‌م دادگا، به‌ دۆڕانى ڕۆژنامه‌نووس کۆتاییان پێهاتووه‌، چونکه‌ ڕۆژنامه‌نووسه‌که‌ بێ ئه‌وه‌ى زانیارى ته‌واوى له‌ژێر ده‌ستدا بێ هه‌واڵه‌که‌ى بڵاوکردووه‌ته‌وه‌، له‌به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌دا هه‌موو ئه‌و که‌یسانه‌ى که‌ له‌ شه‌قام روویانداوه‌، ده‌سه‌ڵات دۆڕاندوویه‌تى و له‌ماوه‌ى ده‌ ساڵى رابردوویشدا ٩٦٦ حاڵه‌تى پێشێلکارى له‌سه‌ر شه‌قام به‌رامبه‌ر ڕۆژنامه‌نووسان ئه‌نجام دراوه‌ و ئه‌مه‌یش حکومه‌ت و دام و ده‌زگا ئه‌منییه‌کان لێى به‌رپرسن."

له‌ باره‌ى بارودۆخى ڕۆژنامه‌نووسانى ناوچه‌ جێناکۆکه‌کان وتی: ئێمه‌ له‌ چه‌ند ڕۆژى داهاتوودا کۆبوونه‌وه‌یه‌کى گشتیمان له‌گه‌ڵ سه‌ندیکاى ڕۆژنامه‌نووسانى عێراقیدا هه‌یه‌ و وه‌ یه‌کێک له‌ خاڵه‌کانى دانیشتنه‌که‌مان ئه‌وه‌یه‌ که‌ له‌گه‌ڵیاندا رێکبکه‌وین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى هه‌موو ئه‌و ڕۆژنامه‌نووسانه‌ى له‌ ناوچه‌ جێناکۆکه‌کانن ماف و ئیمتیازى سه‌ندیکاى ڕۆژنامه‌نووسانى عێراقیان هه‌بێ وه‌ به‌ پێچه‌وانه‌یشه‌وه‌ هه‌موو ئه‌ندامه‌کانى ئه‌وان له‌ هه‌رێمى کوردستان هه‌مان ماف و ئیمتیازیان پێبدرێ و پێشموایه‌ ئه‌م رێککه‌وتنه‌ رێککه‌وتنێکى باش ده‌بێ.
ته‌واوى گوتووێژه‌که‌ له‌م فایله‌ ده‌نگییه‌ى خواره‌وه‌ گوێبیست بن.