سلێمانى ... جۆرێک له‌گۆشت له‌ناوده‌برێت

ئایار 04, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


به‌هۆى سه‌ربڕینیان له‌ شه‌قام و کۆڵانه‌کان، و به‌ده‌ر له‌ ڕێنماییه‌ ڤێترنه‌رى و ته‌ندروستیه‌کان، لیژنه‌ هاوبه‌شه‌کانى قائیمقامیه‌تى سلێمانى ده‌ست به‌سه‌ر بڕێک گۆشتى سووردا ده‌گرن که‌ گۆشته‌که‌ مه‌ترسى گواستنه‌وه‌ى نه‌خۆشیه‌ مرۆژه‌ڵیه‌کانى لێده‌کرێت.

له‌دوو رۆژى رابردوودا، له‌لایه‌ن لیژنه‌ى دووى سه‌ربه‌ لیژنه‌ هاوبه‌شه‌کانى قائیمقامیه‌تى سلێمانی، ده‌ست به‌سه‌ر چه‌ند ئاژه‌ڵێکى سه‌ربراودا گیراوه‌، که‌ خاوه‌نه‌کانیان به‌ده‌ر له‌ رێنماییه‌ ڤێترنه‌رى و ته‌ندروستیه‌کان سه‌ریانده‌بڕن و له‌ شه‌قام و شارێکان، به‌هاوڵاتیانى ده‌فرۆشن.

پێشتر و چه‌ند جارێک ئه‌و گۆشتفرۆشانه‌ ئاگادار کراونه‌ته‌وه‌، که‌ ئاژه‌ڵه‌کانیان ببه‌ن بۆ کوشتارگه‌ى سلێمانى له‌پاش پشکنین و دڵنیابوونه‌وه‌ ئاژه‌ڵه‌کانیان سه‌ربڕن، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ لیژنه‌کانى قائیمقامیه‌ت رێگرى له‌و گۆشتفرۆشانه‌ ده‌کات له‌ماڵه‌وه‌ یان له‌ شه‌قام و کۆڵانه‌کان ئاژه‌ڵ سه‌رده‌بڕن.

ئه‌و ئاژه‌ڵانه‌ى له‌سه‌ر شه‌قام و شارێکاندا ده‌فرۆشرێت، پشکنینان بۆ ئه‌نجام نه‌دراوه‌ دوور له‌ رێنماییه‌کانیان سه‌رده‌برێن، هه‌روه‌ها گۆشته‌که‌ى گومانى گواستنه‌وه‌ى نه‌خۆشییه‌ هاوبه‌شه‌کانى نێوان مرۆڤ و ئاژه‌ڵى لێده‌کرێت که‌ مه‌ترسى بۆسه‌ر ته‌ندروستى به‌کارهێنه‌رانى دروست ده‌کات.

به‌فه‌رمانى قائیمقامى سلێمانی، ئاژه‌ڵه‌ سه‌ربراوه‌کان ڕاده‌ستى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى ڤێرته‌رنه‌رى سلێمانى ده‌کرێت، و ئه‌و ئامێر و ئه‌وکه‌لوپه‌لانه‌ى بۆکارى گۆشتفرۆشتن به‌کارده‌هێنرێت له‌لایه‌ن لیژنه‌ى له‌ناوبردنه‌وه‌ له‌ناوچه‌ى تانجه‌رۆى شارى سلێمانى له‌ناوده‌برێت.