ڕێکه‌وتنى کۆتایى نێوان پارتى و یه‌کێتی بۆ پێکهێنانى حکومه‌ت واژۆکرا

ئایار 05, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ یه‌کشه‌ممه‌ ٥-٥-٢٠١٩ له‌ باره‌گاى مه‌کته‌بى سیاسیى یه‌کێتیى نیشتمانیى کوردستان له‌ سلێمانی، به‌ ئاماده‌بوونى ئه‌ندامانى هه‌ردوو شاندى دانوستانکارى پارتى دیموکراتى کوردستان و یه‌کێتیى نیشتمانیى کوردستان، ڕێککه‌وتنى کۆتاییى نێوان پارتى دیموکراتى کوردستان و یه‌کێتیى نیشتمانیى کوردستان له‌لایه‌ن نێچیرڤان بارزانى جێگرى سه‌رۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان و کۆسره‌ت ڕه‌سووڵ عه‌لى جێگرى سکرتێرى گشتیى یه‌کێتیى نیشتمانیى کوردستانه‌وه‌ واژۆ کرا.

دواى واژۆکردنى ڕێککه‌وتننامه‌که‌، له‌ لێدوانێکى ڕۆژنامه‌وانیدا کۆسره‌ت ڕه‌سووڵ له‌ وته‌یه‌کدا وێڕاى پیرۆزبایى له‌ خه‌ڵکى کوردستان به‌بۆنه‌ى ڕێککه‌وتنى پارتى و یه‌کێتییه‌وه‌ له‌سه‌ر پێکهێنانى کابینه‌ى نوێى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان، هیواى خواست کابینه‌ى نوێى حکوومه‌ت ببێته‌ هۆى بووژاندنه‌وه‌ى ئابووریى کوردستان.

لاى خۆیه‌وه‌ نێچیرڤان بارزانى جێگرى سه‌رۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان له‌ وته‌یه‌کدا ڕایگه‌یاند "به‌ ناوى شاندى پارتى دیموکراتى کوردستانه‌وه‌ که‌ ئه‌مڕۆ ئێمه‌ پێشوازى کراین له‌ شارى سلێمانى له‌لایه‌ن کاک کۆسره‌ت جێگرى سکرتێرى گشتى و هه‌ڤاڵانى مه‌کته‌بى سیاسییه‌وه‌، زۆر سوپاسیان ده‌که‌ین".

هه‌روه‌ها ووتی: "خۆشحاڵین به‌وه‌ى که‌ ئه‌مڕۆ ڕایبگه‌یه‌نین دواى ماوه‌یه‌کى دوور و درێژ که‌ خه‌ڵکى کوردستانیش ته‌حه‌مولى ئێمه‌یان کرد، گه‌یشتینه‌ ئه‌وه‌ى ئه‌مڕۆ نه‌خشه‌ڕێگه‌ى دامه‌زراندنى کابینه‌ى نۆیه‌مى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان به‌ ته‌واوه‌تى به‌ ئه‌نجام بگات. گفتوگۆکانمان ئاسان نه‌بوون، زۆر زه‌حمه‌ت بوون، سه‌خت بوون، ماوه‌یه‌کى دوور و درێژى خایاند، به‌ڵام ئه‌وه‌ى گرنگه‌ و خۆشحاڵین به‌وه‌ى که‌ بڵێین و پێشتریش گوتوومه‌ دیموکراسیه‌ت هه‌روا ئاسان نییه‌، زه‌حمه‌ته‌. ئه‌وه‌ى گرنگه‌ کاره‌کانى ئێمه‌ هه‌ردوولا به‌ دانوستاندن و لێکگه‌یشتن به‌ ئه‌نجام گه‌یشت، چ له‌گه‌ڵ برایانى یه‌کێتیى نیشتمانی، چ له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان. ئه‌مڕۆ به‌ خۆشحاڵییه‌وه‌ ده‌توانم ڕابگه‌یه‌نم که‌ هه‌رسێ لامان ڕێککه‌وتنى ته‌واومان هه‌یه‌ بۆ پێکهێنانى کابینه‌ى نۆیه‌مى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان. هیوادارم ئه‌م سێ لایه‌نه‌ بتوانین کار بکه‌ین بۆ باشترکردنى گوزه‌رانى خه‌ڵک، کار بکه‌ین بۆ چه‌سپاندنى دامه‌زراوه‌ى حکوومه‌تى هه‌رێم که‌ به‌ شێوه‌یه‌کى باشتر به‌ڕێوه‌ بچێت و کار بکه‌ین بۆ ئه‌وه‌ى بژێویى خه‌ڵکى کوردستان به‌ره‌و ئاسۆیه‌کى باشتر ببه‌ین".

نێچیرڤان بارزانى له‌ به‌رده‌وامیى لێدوانه‌که‌یدا ئاشکراى کرد "جاران که‌ کێشه‌ دروست ده‌بوو له‌ نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان، ترس و دڵه‌ڕاوکێیه‌کى زۆر له‌ناو خه‌ڵک بڵاو ده‌بوویه‌وه‌، خۆشحاڵین به‌وه‌ى که‌ بڵێین ئێمه‌ ئه‌و قۆناغه‌مان تێپه‌ڕاندووه‌. ڕاسته‌ دانوستان و گفتوگۆى ئێمه‌ قورس بووه‌، به‌ڵام له‌ کۆتاییدا گه‌یشتینه‌ ئه‌نجامێکى باش که‌ ئه‌مڕۆ ده‌توانم بڵێم هه‌رسێ لایه‌نمان که‌ لایه‌نى سه‌ره‌کین بۆ پێکهێنانى کابینه‌ى نوێ، خۆمان به‌ براوه‌ى ئه‌م پڕۆسه‌یه‌ ده‌بینین. پیرۆزبایى له‌ خه‌ڵکى کوردستان ده‌که‌م و هیوادارم ئه‌مه‌ سه‌ره‌تایه‌کى باش بێت بۆ هه‌موو کاره‌ باشه‌کان له‌ هه‌رێمى کوردستان".

هه‌ر سه‌باره‌ت به‌ سه‌رکه‌وتنى کارى شانده‌کانى دانوستاندنى هه‌ردوولا، جێگرى سه‌رۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان وتی: "جێى خۆیه‌تى سوپاس و ده‌ستخۆشى له‌ وه‌فدى دانوستاندنى هه‌ردوولا بکه‌ین، هه‌م پارتى و هه‌م یه‌کێتى نیشتمانی، که‌ له‌ چه‌ند گه‌ڕه‌ى جیاوازدا که‌ وه‌فده‌کانى پێشتر ده‌ستیان به‌ دانوستان کردووه‌ له‌لایه‌ن خۆمانه‌وه‌ ماوه‌یه‌ک به‌ سه‌رۆکایه‌تیى کاک هوشیار بووه‌، ماوه‌یه‌ک کاک فازڵ بووه‌، کاک مه‌حموود بووه‌، براده‌رانى تر له‌ یه‌کێتى که‌ به‌شدار بوون له‌م دانوستاندنانه‌. گه‌ڕى دووهه‌میشیان که‌ کاک د. که‌مال که‌رکووکى و کاک عیماد ئه‌حمه‌د سه‌رپه‌رشتیى ئه‌م شانده‌ى دانوستاندنه‌یان کردووه‌، به‌ ڕاستى جێى خۆیه‌تى ده‌ستخۆشییه‌کى تایبه‌تیان لێ بکه‌م بۆ ته‌حه‌مولیان، ماندووبوونیان، سه‌بریان، و ئه‌گه‌ر ئه‌و ته‌حه‌مول و سه‌بر و ماندووبوون و پێداگرییه‌ نه‌بوایه‌، ئه‌مڕۆ ئێمه‌ش نه‌مانده‌توانى ئه‌م ڕێککه‌وتنه‌ ئیمزا بکه‌ین. سوپاسیان ده‌که‌ین و سوپاسى ماندووبوونیان ده‌که‌ین و هیوادارین به‌ خێر و خۆشى هه‌موو لایه‌کتان ببینین و زۆر سوپاس".