له‌باره‌ى سه‌ردانى منداڵانه‌وه‌ هۆشدارى ده‌درێته‌ کافێکان‌

ئایار 05, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


هه‌ماهه‌نگى له‌ نێوان حکومه‌ت و رێکخراوه‌کاندا ده‌کرێت بۆ رێگه‌گرتن له‌ سه‌ردانى منداڵان و مێردمنداڵان بۆ گازینۆ و یانه‌کانى خواردنه‌وه‌ و کافێکانى نێرگه‌له‌کێشان.

نوێنه‌رى به‌رێوبه‌رایه‌تى گشتى چاودێرى و گه‌شه‌پێدانى کۆمه‌ڵایه‌تى سلێمانى و ژماره‌یه‌ک له‌و رێکخراوانه‌ى له‌بوارى منداڵاندا ئیش ده‌که‌ن سه‌ردانى قائیمقامیه‌تى سلێمانیان کرد و له‌گه‌ڵ ئاوات محه‌مه‌د- قائیمقامى سلێمانى کۆبونه‌وه‌.

ئاراس ناسر- به‌رپرسى پارێزگارى خێزان له‌ به‌رێوبه‌رایه‌تى گشتى چاودێرى و گه‌شه‌پێدانى کۆمه‌ڵایه‌تى سلێمانى رایگه‌یاند:

سه‌ردانى قائیمقامیه‌تى سلێمانیمان کرد به‌مه‌به‌ستى باسکردنى ئه‌و گیروگرفتانه‌ى له‌ کافێ و یانه‌کانى خواردنه‌وه‌دا هه‌ن، وه‌کو ئه‌و که‌سانه‌ى که‌ ته‌مه‌نیان له‌ خوار 18 ساڵه‌وه‌یه‌ و کارى تێدا ده‌که‌ن یان سه‌ردانى ده‌که‌ن، قائیمقام زۆر هاوسۆزبوو له‌گه‌ڵمان و جه‌ختیکرده‌وه‌ له‌سه‌ر بڕیارى رێگه‌نه‌دان به‌ کارکردن یان سه‌ردانیکردنى کافێکان له‌لایه‌ن که‌سانى ته‌مه‌ن خوار 18 ساڵ و ئاماژه‌ى به‌وه‌کرد که‌ ده‌بێت به‌ گه‌وره‌یى بنوسرێت رێگه‌ به‌ هاتنه‌ژوره‌وه‌ى که‌سانى خوار 18 ساڵ نادرێت، هه‌ر کافێیه‌ک پابه‌ند نه‌بوو رووبه‌ڕوى داخستن ده‌بێته‌وه‌.

هاوکات لیژنه‌ هاوبه‌شه‌کانیشى راسپارد چاودێرى زیاترى کافتریاکانى نێرگه‌له‌کێشان و یانه‌کانى خواردنه‌وه‌ بکه‌ن و له‌کاتى سه‌رپێچیدا سزاى مادیى هه‌تا داخستنیان بده‌ن. هه‌ماهه‌نگیش له‌گه‌ڵ رێکخراوه‌کانى تایبه‌ت به‌ پاراستنى مافى منداڵ بکه‌ن بۆ پێدانى رێنمایى و هۆشیارى به‌ منداڵان و مێردمنداڵان.