نێچیرڤان بارزانى و کونسولى نوێى ئیمارات کۆده‌بنه‌وه‌

ئایار 06, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان له‌ کۆبوونه‌وه‌یه‌کدا له‌گه‌ڵ به‌ڕێز ئه‌حمه‌د ئیبراهیم سه‌عید ئه‌لزاهرى کونسولى گشتیى نوێى ئیمارات له‌ هه‌رێمى کوردستان، پیرۆزبایى ده‌ستبه‌کاربوونى لێ کرد و هیواى سه‌که‌وتنى بۆ خواست، پشتگیریى ده‌زگاکانى حکوومه‌تیشى بۆ کار و چالاکییه‌کانى نیشان دا، هه‌روه‌ها پوخته‌یه‌کى ده‌رباره‌ى شه‌ڕى داعش و هاتنى ژماره‌یه‌کى زۆرى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران، په‌یوه‌ندییه‌کانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و دوا هه‌وڵه‌کانى پێکهێنانى کابینه‌ى نوێى حکوومه‌تى هه‌رێم پێشکه‌ش کرد.

به‌ڕێزیان دووپاتى کرده‌وه‌ که‌ هه‌رێمى کوردستان خوازیارى په‌ره‌پێدانى په‌یوه‌ندییه‌کانییه‌تى له‌گه‌ڵ ئیمارات له‌ هه‌موو ڕوویه‌که‌وه‌ به‌تایبه‌تى که‌ ده‌رفه‌تى کار بۆ خاوه‌نکار و بزنسمان و کۆمپانیا بیانییه‌کان له‌ هه‌رێم هه‌یه‌ و سوپاسى هاوکارییه‌ مرۆییه‌کانى ئیماراتى کرد بۆ ئاواره‌ و په‌نابه‌ران.

له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا که‌ پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 6/5/2019 به‌ڕێوه‌ چوو، به‌ڕێز ئه‌لزاهرى سڵاو و ڕێزى سه‌رکردایه‌تیى وڵاته‌که‌ى گه‌یانده‌ به‌ڕێز سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان و باسى له‌ کار و چالاکییه‌کانی، به‌هێزکردنى زیاترى په‌یوه‌ندییه‌کانى هه‌رێمى کوردستان و ئیمارات‌ له‌ هه‌موو بواره‌کاندا، پشتگیریى دامه‌زراوه‌کانى حکوومه‌تى هه‌رێم له‌ کار و چالاکییه‌کانى و هاوکارییه‌ مرۆییه‌کانى وڵاته‌که‌ى بۆ ئاواره‌ په‌نابه‌ران له‌ هه‌رێمى کوردستان کرد.

له‌ به‌شێکى دیکه‌ى کۆیوونه‌وه‌دا جه‌خت له‌ کولتوورى پێکه‌وه‌ژیان له‌ هه‌رێمى کوردستان کرایه‌وه‌ هه‌روه‌ک چۆن له‌ ئیماراتیش گرنگییه‌کى زۆر به‌و پره‌نسیپه‌ ده‌دریت.