دیندار زێباری: له‌ ساڵى ٢٠١٨ دا رێکخراوه‌کان ١٦٨ جار سه‌ردانى گرتووخانه‌کانیان کردووه‌

ئایار 07, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


دیندار زێباری: له‌ ساڵى ٢٠١٨ ــه‌دا رێکخراوه‌کان ١٦٨ جار سه‌ردانى گرتووخانه‌کانیان کردووه‌ بۆ به‌دواداچوون و لێکۆڵینه‌وه‌ له‌ ره‌وشى به‌ندکراوان

ژماره‌یه‌کى زۆر ئاواره‌ و په‌نابه‌ر هه‌ن که‌ به‌هۆى شه‌ێ‌ و نائه‌منیه‌کانى عێراق و سووریا روویان له‌ هه‌رێمى کوردستان کردووه‌. له‌گه‌ڵ ده‌ستپێکى شه‌ێ‌ و ئاڵۆزییه‌کانى سوریا، هاتنى ئاواره‌کانى رۆژئاواى کوردستان بۆ هه‌رێمى کوردستان ده‌ستى پێکرد، دواتر له‌گه‌ڵ ده‌ستپێکردنى گرتنى موسڵ له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ و هه‌روه‌ها ناوچه‌کانى دیکه‌ى عێراق، ژماره‌یه‌کى زۆر ئاواره‌ى عێراقى روویان له‌ هه‌رێمى کوردستان کرد. ئه‌مه‌ش پاراستنى ره‌وشى ئه‌منى هه‌رێمى کوردستانى قورستر کرد و بارگرانییه‌کى زیاتر که‌وته‌ ئه‌ستۆى هێزه‌ ئه‌منییه‌کان به‌ گشتى و هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌ به‌تایبه‌تی.

د.دیندار زێباری، رێکخه‌رى راسپارده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان له‌ حکومه‌تى هه‌رێم ده‌ڵێت "تێکدانى ئه‌من و ئاسایشى هه‌رێمى کوردستان و ئه‌نجامدانى کرده‌وه‌ تیرۆریستییه‌کان یه‌کێکه‌ له‌ ئامانجه‌ سه‌ره‌کییه‌کانى تیرۆریستان و له‌و پێناوه‌دا هه‌موو هه‌وڵێک ده‌ده‌ن، لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کانى حکومه‌تى هه‌رێم بۆ رێگه‌گرتن له‌ کرده‌وه‌ى تیرۆریستى و سه‌قامگیرى و ئاسایشى هه‌رێم چه‌ند رێوشوێنێکى تایبه‌ت له‌ بازگه‌کان ده‌گرنه‌ به‌ر که‌ مه‌به‌ستى سه‌ره‌کى لێیان پاراستنى ئاسایشى کوردستانه‌".

رێکخه‌رى راسپارده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان له‌ حکومه‌تى هه‌رێم جه‌ختى له‌سه‌ر ئه‌وه‌ کرده‌وه‌ که‌ "ئه‌و رێوشوێنانه‌ى له‌ بازگه‌کاندا په‌یڕه‌و ده‌کرێن کارێکى ئاساییه‌ و په‌یوه‌ندى به‌ ئاسایشى و سه‌قامگیریى هه‌رێمه‌وه‌ هه‌یه‌ و نه‌ک ته‌نیا له‌ هه‌رێمى کوردستان به‌ڵکو له‌ هه‌موو جیهان رێوشوێنى تایبه‌ت پیاده‌ ده‌کرێت بۆ وردبینى و دڵنیا بوون له‌ ناسنامه‌ى هاولاتیان له‌گه‌ڵ ئه‌و زانیاریانه‌ى هه‌یه‌ لاى دام و ده‌زگا ئه‌منییه‌کان، ئه‌م رێوشوێنانه‌ش ته‌نیا بۆ پاراستنى سه‌لامه‌تى دانیشتوانى هه‌رێمى کوردستانه‌".

له‌درێژه‌ى قسه‌کانیدا سه‌باره‌ت به‌ ئازادى هاتوچۆى ئاواره‌کان، زێبارى گوتى "ئه‌وان ئازادان له‌ هاتوچۆ کردن، به‌ڵام بۆ پاراستنى سه‌قامگیرى و ئاسایشیان ئه‌و رێوشوێنانه‌ ده‌گیرێته‌ به‌ر، تا ئێستا ژماره‌یه‌ک له‌ تیرۆریستانى داعش له‌ نێو ئه‌و خانه‌واده‌ ئاوارانه‌ى که‌ روویان کردۆته‌ ناوچه‌کانى ژێرده‌سه‌ڵاتى پێشمه‌رگه‌ دزه‌یان کردووه‌ و دواتر له‌لایه‌ن ده‌زگا ئه‌منییه‌کانه‌وه‌ ده‌ستگیرکراون، جگه‌ له‌ بازگه‌کان چه‌ند جارێک له‌ کاتى پشکنینى ئه‌و که‌سانه‌ له‌ ساتره‌کان و خاڵه‌کانى پشکنین چه‌کى جۆراوجۆریان پێ بووه‌ و ویستوویانه‌ بیهێننه‌ ناوچه‌کانى ژێر ده‌سه‌ڵاتى پێشمه‌رگه‌ بۆیه‌ ئه‌و رێوشوێنانه‌ ئاسایین ته‌نانه‌ت پێشتر چه‌ند رێکخراوێک ئاماژه‌یان به‌وه‌ کردبوو که‌ رێوشوێنه‌کانى هاتوچۆکردن بۆ ناو که‌مپه‌کان پێویسته‌ توندتر بکرێت بۆ پاراستنى ئاسایش و ژیانى ئاواره‌ و په‌نابه‌رانى نیشته‌جێى که‌مپه‌کان".

زێبارى راشیگه‌یاند "داموده‌زگا ئه‌منییه‌کان به‌ ته‌واوى هاوکارى هه‌موو ئه‌و رێکخراو و لایه‌نانه‌ ده‌که‌ن که‌ ده‌یانه‌وێت سه‌ردانى که‌مپ یاخود گرتووخانه‌کان بکه‌ن. سه‌باره‌ت به‌ سه‌ردانى کردنى رێکخراوه‌کان، هه‌موو رێکخراوه‌کان رێگه‌یان پێدراوه‌ سه‌ردان بکه‌ن به‌پێى یاسا و رێنماییه‌کان، بۆیه‌ هه‌فتانه‌ رێکخراوه‌کان بۆیان هه‌یه‌ سه‌ردانیان بکه‌ن. به‌ گوێره‌ى دواین ئاماره‌کان له‌ ساڵى ٢٠١٨ ــه‌دا رێکخراوه‌کان ١٦٨ جار سه‌ردانى گرتووخانه‌کانیان کردووه‌ بۆ به‌دواداچوون و لێکۆڵینه‌وه‌ له‌ ره‌وشى به‌ندکراوان و به‌ ته‌واویش هاوکارى کراون". له‌ کۆتایى لێدوانه‌که‌یدا رێکخه‌رى راسپارده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان رایگه‌یاند "سه‌باره‌ت به‌وه‌ى ده‌گوترێت هێزه‌کانى ئاسایش و پێشمه‌رگه‌ ئه‌شکه‌نجه‌ى خه‌ڵک ده‌که‌ن، مامه‌ڵه‌ى نامرۆڤانه‌یان له‌گه‌ڵ ئه‌نجام ده‌ده‌ن و سوکایه‌تیان پێده‌که‌ن و سزایان ده‌ده‌ن له‌ کاتى ده‌ستگیر کردنیان، هیچ که‌س و لایه‌نێک تاوه‌کو ئێستا گله‌ و ڕه‌خنه‌ى ئه‌مه‌ى نه‌بووه‌ چ لاى ده‌زگاى داواکارى گشتى چ وه‌ک دادگاکان. هه‌روه‌ها به‌پێى یاسا ئه‌شکه‌نجه‌دانى تۆمه‌تبار و سزادراوان به‌شێوه‌یه‌کى گشتى بۆ وه‌رگرتنى ئیعتراف و زانیارى به‌ تاوان داده‌نرێت به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک رێگا نادرێت که‌ ئه‌فسه‌ر و کارمه‌ندانى پۆلیس راگیراوان ئه‌شکه‌نجه‌ بده‌ن به‌پێى مادده‌ى (333) له‌ یاساى سزادانى عێراقى ژماره‌ (١١١)ى ساڵى ١٩٦٩ى هه‌موارکراو و هه‌ر تۆمه‌تبارێک له‌کاتى لێکۆڵینه‌وه‌ ئه‌شکه‌نجه‌ درابێت له‌رووى یاساییه‌وه‌ مافى هه‌یه‌ سکاڵا تۆمار بکات"،