هه‌ردوو وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستى و وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ کۆبونه‌وه‌

ئایار 07, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


به‌سه‌رپه‌رشتى د.یوسف گۆران وه‌زیرى خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستى و، د.پشتیوان صادق وه‌زیرى په‌روه‌رده‌، هه‌ردوو وه‌زاره‌ت کۆبونه‌وه‌یه‌کى هاوبه‌شیان به‌ست و، چه‌ند بڕیارێکى گرنگیاندا.

له‌سه‌ره‌تاى کۆبونه‌وه‌که‌دا، وه‌زیرى خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستى دواى به‌خێرهێنانى د وه‌زیرى په‌روه‌رده‌ و، وه‌فدى هاوڕێى، به‌گرنگیه‌وه‌ باسى له‌و کۆبونه‌وه‌ هاوبه‌شانه‌ کرد و وتى: کاره‌کانى هه‌ردو وه‌زاره‌ت ته‌واوکه‌رى یه‌کتره‌، بۆیه‌ چه‌نده‌ زوتر به‌یه‌که‌وه‌ دابنیشین باشتر ده‌توانین کاره‌کانمان ڕایى بکه‌ن و ئه‌و گرفتانه‌ى هه‌ن چاره‌سه‌ربکرێن، هه‌روه‌ک وه‌زیرى خوێندنى باڵا جه‌ختى له‌ هه‌ماهه‌نگى و هاوکارى به‌رده‌وامى هه‌ردو وه‌زاره‌ت له‌ سێکته‌ره‌ هاوبه‌شه‌کان کرده‌وه‌و به‌تایبه‌ت ئه‌و لیژنه‌ هاوبه‌شانه‌ى له‌نێوان هه‌ردولا هه‌ن بۆ بابه‌ته‌کانى نێوان هه‌ردو وه‌زاره‌ت.

له‌ به‌رامبه‌ردا، وه‌زیرى په‌روه‌رده‌ دواى ئه‌وه‌ى سوپاسى ئه‌و پێشوازییه‌ى کرد، جه‌ختى له‌ قسه‌کانى وه‌زیرى خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستى کرده‌وه‌، هیواشى خواست په‌یوه‌ندى نێوان هه‌ردو وه‌زاره‌ت هه‌میشه‌ پته‌و بێت، به‌و پێیه‌ى بابه‌تى په‌روه‌رده‌و خوێندنى باڵا یه‌کێکه‌ له‌ بابه‌ته‌ گرنگه‌کان و، کارو پڕۆژه‌کان پێویستى به‌ هه‌ماهه‌نگیه‌ بۆ جێبه‌جێ کردنیان.

له‌به‌شێکى دیکه‌ى کۆبونه‌وه‌که‌دا چه‌ند بابه‌تێکى په‌یوه‌ست و هاوبه‌ش له‌ نێوان هه‌ردولا و تایبه‌ت به‌ پرۆگرامى خوێندنگه‌ ئاینیه‌کان و تاوتوێکردنى وه‌رگرتنیان له‌ زانکۆکان و ره‌خساندن و پێدانى ده‌رفه‌تى زیاتر به‌ ده‌رچووان له‌ قه‌زاکان و پێداویستییه‌کانى وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ له‌ به‌شه‌ زانستیه‌کان و ئینگلیزى و ده‌ستپێکردنى پرۆسه‌ى خوێندنى زانکۆ و خوێندنگه‌کان له‌سه‌ره‌تاى ساڵ و ناردنى ده‌ره‌نجامه‌کانى پۆلى دوانزه‌ى ئاماده‌یى بۆ وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستى له‌ کاتى دیاریکراو بۆ ئه‌وه‌ى پرۆسه‌ى خوێندنى قۆناخى یه‌که‌م له‌سه‌ره‌تاى مانگى ئه‌یلول ده‌ست پێکات، به‌شێکى سه‌ره‌کى خاڵ و بڕگه‌کانى کۆبونه‌وه‌ هاوبه‌شه‌که‌ى هه‌ردو وه‌زاره‌ت بون.

له‌ کۆتایشدا، له‌به‌ر ڕۆشنایى بڕگه‌کانى کۆبونه‌وه‌که‌، که‌ گفتوگۆیان له‌باره‌وه‌ کرا، بریاردرا له‌مانگى ته‌موزى ئه‌مساڵ وۆرکشۆپێکى هاوبه‌ش ئه‌نجامبدرێت، بۆ ئه‌وه‌ى له‌سه‌ر سه‌رجه‌م ورده‌کارى بابه‌ته‌کان بگه‌نه‌ ڕێکه‌وتن و دواتریش بڕیارى کۆتایى له‌باره‌وه‌ بدرێت. سه‌باره‌ت به‌ خاڵه‌ هاوبه‌شه‌کانى نێو هه‌ردولا و دانانى میکانیزم بۆ جێبه‌جى کردنیان بڕیاردرا له‌نێوان یه‌کتر ئالیه‌تى جێبه‌جێکردنیان بۆ دابنرێت.

جێگه‌ى ئاماژه‌یه‌ له‌و کۆبونه‌وه‌یه‌دا، ک ئه‌مڕۆ سێشه‌مه‌، ڕێکه‌وتى (٧/٥/٢٠١٩) له‌ دیوانى وه‌زاره‌ت به‌رێوه‌چوو، له‌ وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستى هه‌ریه‌ک له‌ د. خه‌تاب ئه‌حمه‌د شێخانى به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى کارگێڕى و دارایى و د.محمد صابر به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى فه‌رمانگه‌ى خوێندن و پلاندانان و به‌دواداچون و، د.داود ئه‌تروشى به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى فه‌رمانگه‌ى ئه‌ندازه‌ و پڕۆژه‌کان و، د. جه‌مال که‌مال جێگرى به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى خوێندن و پلاندانان و هه‌روه‌ک له‌ وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ش یوسف عوسمان به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى پلاندانان و ، شیلان خه‌لیل به‌رێوه‌به‌رى گشتى فه‌رمانگه‌ى بنه‌ره‌ت و باخچه‌ى منداڵان و ، کاوه‌ عومه‌ر به‌رێوه‌به‌رى گشتى پرۆگرامه‌کان و، مامۆستا که‌ریم به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى ئه‌زمونه‌کان ئاماده‌یبون.