له‌م مانگه‌دا لیژنه‌کان چوار هه‌زار سه‌ردانیان کردووه‌ و زیاترى ده‌که‌ن

ئایار 07, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز

 

لیژنه‌ هاوبه‌شه‌کانى قائیمقامییه‌تى سلێمانى ئامارى مانگانه‌ى خۆى بۆ راى گشتى بڵاوده‌کاته‌وه‌ و ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌کات هه‌ر شویێنک پابه‌ندى یاساو ریێنماییه‌کان نه‌بێت، رووبه‌رووى سزاى ماددى و داخستن ده‌کرێته‌وه‌.

به‌پێى ئامارى مانگانه‌ى لیژنه‌هاوبه‌شه‌کانى قائیمقامییه‌تى سلێمانى له‌ به‌روارى 1/4 تاوه‌کو 1/5/2019 لیژنه‌کان (4186) سه‌ردانیان بۆ دوکان و بازاێ‌ و شوێنه‌ گشتییه‌کان ئه‌نجام داوه‌، له‌ کۆى ئه‌و سه‌ردانانه‌شیاندا، (351) سه‌رپێچیان تۆمار کردووه‌ و به‌هۆى پابه‌ندنه‌بوون به‌ مه‌رج و رێنماییه‌ ته‌ندروستى و ڤیترنه‌رییه‌کانه‌وه‌ (743) شوێن ئاگادارکراونه‌ته‌وه‌ که‌ پابه‌ندى مه‌رج و رێنماییه‌کان بن و به‌هۆى سه‌رپێچیشه‌وه‌ (28) شوێن داخراون. ئه‌مه‌ له‌کاتێکدایه‌ له‌مانگى ئازارى ئه‌مساڵدا (3375) سه‌ردانیان کردبوو، (319) سه‌رێچیان تۆمار کردبوو، به‌وهۆیه‌شه‌وه‌ (21) حاڵه‌تى داخستنیان هه‌بووه‌.

له‌ ئاماره‌که‌دا هاتووه‌، له‌ماوه‌ى مانگى رابردوودا بڕى (114) تۆن و (673) کیلۆگرام مه‌وادو خۆراکى ماوه‌به‌سه‌رچوو له‌ ناوبراون، کۆى گشتى پاره‌ى وه‌رگیراوى غه‌رامه‌ش بریتییه‌ له‌ (12) ملیۆن و (550) هه‌زار دینار و پێى یاسا ده‌خرێته‌وه‌ سه‌ر داهاتى گشتی.

به‌پێى وته‌ى گۆران قادر- سه‌رۆکى لیژنه‌ هاوبه‌شه‌کان، له‌سه‌ر پێشنیارى ئاوات محه‌مه‌د- قائیمقامى سلێمانى له‌ مانگى پیرۆزى ره‌مه‌زاندا سه‌ردان و چاودێرى لیژنه‌کان بۆ دوکان و مارکێت و شوێنه‌ گشتییه‌کان فراوانتر ده‌کرێن بۆ ئه‌وه‌ى رێگه‌ نه‌ده‌ن هیچ که‌س و جێگایه‌ک زۆربوونى خواستى هاوڵاتیان به‌ ده‌رفه‌ت بزانێت و خۆراکى خراپ و نه‌شیاو بفرۆشێت.

به‌ پێى رێنماییه‌کانى لیژنه‌ هاوبه‌شه‌کان هه‌رشویێنێک پابه‌ند نه‌بێت به‌ ته‌واى رێنماییه‌ ته‌ندروستییه‌کانه‌وه‌، سه‌ره‌تا ئاگادار ده‌کرێته‌وه‌، دواتر سزاى ماددى ده‌درێت، له‌ حاڵه‌تى دووباره‌کردنه‌وه‌ى سه‌رپێچیه‌کانیشدا رووبه‌رووى دادگا ده‌کرێنه‌وه‌.