بۆ جارى سێیه‌م کۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى که‌رکوک شکستى هێنا

ئایار 07, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


شکستهێنانى کۆبوونه‌وه‌که‌ى ئه‌مڕۆ سێشه‌مه‌ى ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌، په‌یوه‌ندى به‌ ته‌واونه‌بوونى نیسابى یاسایى و کێشه‌ى نێوخۆیى کوتله‌کانه‌وه‌ هه‌بووه‌.

هه‌وڵه‌کانى ئه‌نجومه‌ن بۆ ئه‌نجامدانى کۆبونه‌وه‌ بۆ گفتووگۆکردنه‌ له‌سه‌ر بودجه‌ى پترۆ دۆلار، به‌تایبه‌ت به‌غدا 63 ملیار دینارى بۆ ئه‌و پارێزگایه‌ ته‌رخانکردووه‌ و نزیکه‌ى 51 ملیار دینارى ترى پترۆدۆلارى بۆ که‌رکوک گه‌ڕاندۆته‌وه‌ که‌پێشتر هه‌رێم ده‌ستى به‌سه‌ردا گرتبوو.

نه‌جات حسێن ئه‌ندامى کوتله‌ى تورکمانى، به‌ده‌نگى ئه‌مه‌ریکاى راگه‌یاند"جه‌مال مه‌ولود سه‌رۆکى به‌وه‌کاله‌ت بۆ کۆبونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆ ئاماده‌ نه‌بوو، هه‌روه‌ها برا عه‌ره‌به‌کانیش له‌نێوخۆیاندا کێشه‌یان هه‌یه‌، بۆیه‌ کۆبونه‌وه‌که‌ شکستى هێنا."

کوتله‌ى کوردى به‌هۆى ناکۆکى نێوان پارتى و یه‌کێتى، کوتله‌ى عه‌ره‌بى به‌هۆى ناکۆکى نێوان پارێزگار و چه‌ند ئه‌ندامێکى ئه‌نجومه‌ن که‌ ئه‌م ناکۆکیه‌ لابردنى ره‌مله‌ عوبه‌یدى له‌جێگرى سه‌رۆکى پرۆژه‌کان لێکه‌وتۆته‌وه‌، هه‌روه‌ها کوتله‌ى تورکمانیش به‌هۆى جیابوونه‌وه‌ى چه‌ند ئه‌ندامێکیه‌وه‌، هه‌موو ئه‌مانه‌ رێگرن له‌به‌رده‌م کۆبونه‌وه‌کانى ئه‌نجومه‌نى پارێزگادا.

شکستهێنانى کۆبونه‌وه‌کانى ئه‌نجومه‌ن،له‌کاتێکدایه‌ حکومه‌تى عێراق بڕى 450 ملیار دینارى بودجه‌ى په‌ره‌پێدانى پارێزگاکانیشى ره‌وانه‌ى که‌رکوک کردووه‌، خه‌رجکردنى ئه‌و پاره‌یه‌ پێویستى به‌ ره‌زامه‌ندى ئه‌نجومه‌نه‌.

ئازاد جه‌بارى ئه‌ندامى کوتله‌ى کوردى ، ئاماژه‌ى به‌وه‌کرد هه‌ڕه‌شه‌ له‌ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌ن ده‌کرێت و پاره‌ ده‌درێت بۆ شکست هێنان به‌کۆبونه‌وه‌کان، بێ ئه‌وه‌ى ئاماژه‌ به‌و که‌س و لایه‌نانه‌ بکات له‌پشت هه‌وڵى شکست هێنانن به‌کۆبونه‌وه‌کان.

ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى که‌رکوک له‌ 41 ئه‌ندام پێکدێت، کورد 26 کورسى، تورکمان 9 کورسى و عه‌ره‌بیش خاوه‌نى 6 کورسى یه‌.

 


ده‌نگى ئه‌مه‌ریکا