فڕۆکه‌خانه‌ى نێوده‌وڵه‌تى هه‌ولێر پێشوازى له‌ هێڵى ئاسمانى (Free Bird) ده‌کات

ئایار 07, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


رۆژى یه‌کشه‌ممه‌ 5-5-2019 هێڵى ئاسمانى فرى بێرد (Free Bird) یه‌که‌مین گه‌شتى ئاسمانى خۆى بۆ فڕۆکه‌خانه‌ى نێوده‌وڵه‌تى ئه‌ربیل ئه‌نجامدا. ئه‌م هێڵه‌ ئاسمانییه‌ گه‌شت بۆ هه‌ریه‌ک له‌ شاره‌کانى ئایندهۆڤنى هۆڵه‌ندی، کولونى ئه‌ڵمانیا و ئه‌نتاڵیاى تورکیا ئه‌نجام ده‌دات و به‌مه‌ش گه‌شتیار و هاووڵاتیان بژارده‌ى زیاتر و نرخى بلیتى فڕۆکه‌ى هه‌رزانتریان دێته‌ به‌رده‌م بۆ گه‌شت کردن.

گه‌شته‌کانى شارى ئایندهۆڤنى هۆڵه‌ندى له‌ کاتژمێر (15:25)ى رۆژانى یه‌ک شه‌ممه‌ى هه‌موو هه‌فته‌یه‌ک ئه‌نجام ده‌درێن. هه‌رچى گه‌شته‌کانى شارى کۆڵۆنه‌ ئه‌وا له‌ کاتژمێر (14:25)ى رۆژانى پێنج شه‌ممه‌ى هه‌موو هه‌فته‌یه‌ک ئه‌نجام ده‌درێن. سه‌باره‌ت به‌ گه‌شته‌کانى شارى ئه‌نتاڵیاى تورکیش ئه‌وا له‌ کاتژمێر (18:15)ى رۆژانى سێ شه‌ممه‌ و کاتژمێر (20:00)ى رۆژانى شه‌ممه‌ ئه‌نجام ده‌درێن.

به‌ هاتنى هێڵى ئاسمانى فرى بێرد (Free Bird)، ژماره‌ى ئه‌و هێڵه‌ ئاسمانییانه‌ى که‌ گه‌شت بۆ فڕۆکه‌خانه‌ى نێوده‌وڵه‌تى ئه‌ربیل ئه‌نجام ده‌ده‌ن گه‌یشته‌ (21) هێڵى ئاسمانى که‌ گه‌شت بۆ (17) وڵات و (32) شوێنى جیاجیا ئه‌نجام ده‌ده‌ن. له‌ وه‌رزى هاویندا، ژماره‌ى گه‌شته‌ ئاسمانییه‌کان له‌ هه‌فته‌یه‌کدا له‌ فڕۆکه‌خانه‌ى نێوده‌وڵه‌تى ئه‌ربیل ده‌گاته‌ (396) گه‌شت، به‌ تێکڕاى (56) گه‌شتى چوون له‌ رۆژێکدا.

له‌ مانگى ئازارى ئه‌مساڵدا، ژماره‌ى گه‌شتیارانى فڕۆکه‌خانه‌ گه‌یشته‌ (171370) به‌ چوون و هاتنه‌وه‌.