حکوومه‌تى هه‌رێم بودجه‌ى خێرا بۆ چاککردنه‌وه‌ى ڕێگاوبانه‌کان ته‌رخان ده‌کات

ئایار 08, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


به‌ سه‌رپه‌رشتیى قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان، دووه‌م کۆبونه‌وه‌ى تایبه‌ت به‌ چاککردنه‌وه‌ى ڕێگاوبانه‌کانى هه‌رێم ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 8 ئایارى 2019 به‌ڕێوه‌ چوو و هه‌ریه‌ک له‌ وه‌زیرانى ناوخۆ، دارایی، شاره‌وانى و گه‌شتوگوزار، ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ و نیشته‌جێکردن له‌گه‌ڵ هه‌ر چوار پارێزگارى هه‌رێم و سه‌رپه‌رشتیارانى ئیداره‌کانى گه‌رمیان و ڕاپه‌ڕین به‌شدار بوون.

له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا بڕیار له‌سه‌ر کۆمه‌ڵێک هه‌نگاو درا له‌پێناو چاککردنه‌وه‌ى هه‌موو ڕێگاوبانه‌ زیان به‌رکه‌وتووه‌کانى کوردستان و ڕێکخستنه‌وه‌ى باشترى هاتووچۆى بارهه‌ڵگره‌کان، له‌مباره‌یه‌وه‌ بڕیار درا بودجه‌ى زیاترى خێرا و پێویست بۆ هه‌موو ڕێگاوبانه‌کانى کوردستان ته‌رخان بکرێت به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ى به‌هۆى لافاو و باران بارینى ئه‌مساڵه‌وه‌ زیانى گه‌وره‌یان به‌رکه‌وتووه‌.

کۆبوونه‌وه‌ بڕیارى دا هه‌فته‌ى داهاتوو کۆبونه‌وه‌یه‌کى دیکه‌ى تایبه‌ت به‌ شه‌قامى 100 مه‌ترى سلێمانى بۆ خێراکردنى هه‌نگاوه‌کانى جێبه‌جێکردنى پرۆژه‌که‌ سازبکرێت.

سه‌باره‌ت به‌ ڕێکخستنى هاتوچۆش، بڕیار درا وه‌زاره‌تى ناوخۆ له‌ رێگاى لیژنه‌ى تایبه‌ته‌وه‌ چاودێرى زیاترى جوڵه‌ى بارهه‌ڵگره‌کان بکات به‌تایبه‌ت بارهه‌ڵگره‌ بیانى و ترانزێته‌کان، له‌گه‌ڵ دانانى کاتى گونجاو بۆ هاتوچۆکردنیان به‌جۆرێک نه‌بنه‌ ئاسته‌نگ بۆ هاتووچۆى هاووڵاتیان.