هۆکاری گرانی‌ خورما ئاشکرا ده‌کرێت

ئایار 08, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


به‌هۆى قه‌ده‌غه‌کردنى خورماى ئێرانی، نرخى خورما له‌بازاڕه‌کانى شارى سلێمانى و ده‌وروبه‌رى به‌شێوه‌یه‌کی به‌رچاو به‌رزبۆته‌وه‌ سه‌رۆکى لیژنه‌ هاوبه‌شه‌کانیش ده‌ڵێت؛ خورمای ئێرانی کێشه‌ی ته‌ندروستى بۆ‌ مرۆڤ دروستکردوه.

گۆران قادر سه‌رۆکى لیژنه‌ هاوبه‌شه‌کانى قائیمقامیه‌تى سلێمانى ڕایگه‌یاند؛ به‌رزبونه‌وه‌ی نرخی خورما په‌یوه‌ندی به‌هاتنی مانگی ڕه‌مه‌زانه‌وه‌ نییه‌، به‌ڵکو نرخه‌که‌ پێشتر هه‌ر گران بووه‌، به‌ڵام پێش ڕه‌مه‌زان خه‌ڵک له‌خورمای نه‌ده‌پرسی و نه‌یده‌زانی نرخی چه‌نده‌.

وتی؛ به‌هۆى دروستکردنى کێشه‌ى ته‌ندروستى بۆسه‌ر مرۆڤ له‌ هه‌ندێک وڵاتى ئه‌وروپا، حکومه‌تى عێراق زیاتر له‌مانگێکه‌ بڕیاری هاورده‌کردنى خورماى ئێرانى ‌قه‌ده‌غه‌کردووه‌، بڕیاره‌که‌ش گه‌یشتۆته‌ هه‌رێم و پێوه‌ی پابه‌ندین، ئه‌مه‌ش وایکردووه‌ نرخى خورما له‌ بازاڕه‌کاندا به‌رزبێته‌وه‌.

وتیشی؛ به‌رزبونه‌وه‌ى نرخیش په‌یوه‌ندى به‌ خواست و خستنه‌ روه‌وه‌ هه‌یه‌ که‌ به‌هۆى خواست له‌سه‌ر خورما له‌ مانگى ره‌مه‌زاندا و‌ خواردن و به‌کارهێنانی، هاوڵاتیان واده‌زانن هۆکاری به‌رزبونه‌وه‌که‌ی په‌یوه‌ندی به‌مانگی ڕه‌مه‌زانه‌وه‌ هه‌یه‌.

سه‌رۆکى لیژنه‌ هاوبه‌شه‌کانى قائیمقامیه‌تى سلێمانى ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌کرد، ده‌رکردنی بڕیاری قه‌ده‌غه‌کردنی خورمای ئێرانی بۆ ئه‌وه‌ گه‌ڕانده‌وه‌، هه‌ندێک وڵاتی ئه‌وروپی ڕایانگه‌یاندوه‌، خورمای ئێرانی کێشه‌ی بۆسه‌ر ته‌ندروستی مرۆڤ دروستکردوه‌و بۆته‌ هۆی نه‌خۆشی زه‌ردوی.