له‌ سلێمانى زه‌رفى کاغه‌ز شوێنى زه‌رفى نایلۆن ده‌گرێته‌وه‌

ئایار 08, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


له‌ سلێمانى به‌کارهێنانى زه‌رفى کاغه‌ز له‌ سه‌مونخانه‌و نانه‌واخانه‌کاندا شوێنى زه‌رفى نایلۆن ده‌گه‌رێته‌وه‌ و سه‌رۆکى لیژنه‌هابه‌شه‌کانى قائیمقامیه‌تى سلێمانیش هۆکاره‌که‌ى بۆ زیانه‌ ته‌ندروستیه‌کانى زه‌رفى نایلۆن ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌.

له‌ چه‌ند رۆژى رابردوودا قائیمقامیه‌تى سلێمانى بڕیارى دا "زه‌رفى کاغه‌ز له‌برى زه‌رفى نایلۆن" له‌ نانه‌واخانه‌و سه‌مونخانه‌کاندا به‌کاربهێندرێت و لیژنه‌یه‌کیشى بۆ جێبه‌جێکردنى بڕیاره‌که‌ پێکهێناوه‌ و ئه‌رکى لیژنه‌که‌ به‌دواداچون و ئاگادارکردنه‌وه‌ى هه‌موو سه‌مونخانه‌و نانه‌واخانه‌کان ده‌بێت بۆ پابه‌ندبونیان به‌ بڕیاره‌که‌وه‌.

گۆران قادر سه‌رۆکى لیژنه‌هاوبه‌شه‌کانى قائیمقامیه‌تى سلێمانى رایگه‌یاند، لیژنه‌که‌ ده‌ستى به‌کاره‌کانى کرووه‌ و رۆژانه‌ سه‌ردانى سه‌مونخانه‌و نانه‌واخانه‌کانى سلێمانى ده‌کات و دواى روونکردنه‌وه‌ى هۆکارى بڕیاره‌که‌ى قائیقامیه‌تى سلێمانى پابه‌ندیان ده‌کات به‌ جێبه‌جێکردنى بڕیارى به‌کارهێنانى "زه‌رفى کاغه‌ز له‌برى زه‌رفى نایلۆن" ئه‌وه‌ش له‌پێناو پاراستنى ته‌ندروستى هاوڵاتیان , گۆران قادر ووتیشى به‌پێى ئه‌و به‌دواداچون و توێژینه‌وه‌دانه‌ى که‌ کراوه‌ و بۆچونى پسپۆڕانى ته‌ندروستیش وه‌رگیراوه‌ ده‌رکه‌وتووه‌ به‌کارهێنانى زه‌رفى نایلۆن بۆ "سه‌مون و نانى گه‌رم" ده‌بێته‌ هۆى کارلێکردنى هه‌ندێک ماده‌ى زیان به‌خش که‌ زیان به‌ته‌ندروستى مرۆڤ ده‌گه‌یه‌نێت.

سه‌رۆکى لیژنه‌هاوبه‌شه‌کانى قائیمقامه‌یه‌تى سلێمانى راشیگه‌یاند: بۆ پاراستنى ته‌ندروستى هاوڵاتیان قائیقامیه‌تى سلێمانى بڕیارى قه‌ده‌غه‌کردنى زه‌رفى نایلۆنى داوه‌ و بڕیاره‌که‌ش له‌لایه‌ن لیژنه‌هاوبه‌شه‌کانه‌وه‌ جێبه‌جێ ده‌کرێت .