له‌سلێمانى لیژنه‌یه‌ک بۆ پاراستنى شوێنه‌ دێرین و مێژوویه‌کان راگه‌یه‌ندرا

ئایار 09, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


له‌ شارى سلێمانى لیژنه‌یه‌کى تایبه‌ت بۆ پاراستنى شوێنه‌ مێژووى و که‌له‌پورییه‌کان پێکهێنراو ئه‌رکى لیژنه‌که‌ پاراستنى کۆى ئه‌و خانوو شوێنه‌ دێرین و مێژوویانه‌یه‌ که‌ به‌شێکن له‌ شارستانى سلێمانى و له‌ به‌رده‌م مه‌ترسى له‌ناوچوندان , پارێزگار و قائیمقامى شاره‌که‌ش ده‌ڵێن: هه‌موو هه‌نگاوێکى پێویست ده‌گیرێته‌به‌ر بۆ پاراستن و رێگرى کردن له‌ له‌ناوچوونى شه‌وێنه‌ مێژووى و دێرینه‌کانى سلێمانی.

ئه‌مڕۆ پێنج شه‌ممه‌ 9 ئایارى 2019, له‌ دیوانى قائیمقامیه‌تى سلێمانى و به‌ ئاماده‌بونى "د.هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌کر پارێزگارى سلێمانى و ئاوات محه‌مه‌د قائیمقامى سلێمانی" لیژنه‌یه‌کى تایبه‌ت به‌ پاراستنى خانوو شوێنه‌واره‌ دێرین و مێژوویه‌کانى سلێمانى به‌ناوى " لیژنه‌ى پاراستنى شوێنه‌ که‌له‌پورییه‌کانى سلێمانی" راگه‌یه‌ندرا.

له‌ کۆنگره‌یه‌کى رۆژنامه‌وانیشدا هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌کر پارێزگارى سلێمانى رایاگه‌یاند: له‌ سلێمانى چه‌ندین خانوو شوێنى مێژووى و که‌له‌پورى هه‌یه‌, هه‌ندێک له‌و شوێنانه‌ له‌ به‌رده‌م مه‌ترسى له‌ناوچوندان, ئامانجى دروست کردنى لیژنه‌که‌ بۆ پاراستنى کۆى ئه‌و شوێنانه‌یه‌, وتیشی: بۆ پاراستنى شوناس و شوێنه‌ دێرین و مێژوویه‌کانى سلێمانى رووخاندنى خانوو شوێنى که‌له‌پورى به‌پێى یاسا و رێنماییه‌کان رێگه‌ پێدراو نیه‌ و رێگه‌ به‌هیچ که‌سێک نادرێت ئه‌و شوێنه‌ که‌له‌پوریانه‌ بڕوخێنێت به‌ مه‌به‌ستى دروستکردنى پرۆژه‌ى بازرگانى یان پارکى ئوتومبێل .

پارێزگارى سلێمانى راشیگه‌یاند: تائێستا چه‌ندین خانوو شوێنى که‌له‌پورى و مێژووى له‌ سلێمانى له‌ ناوچوون پارێزراوه‌ و له‌ چوارچێوه‌ى پرۆژه‌ى پاراستنى ئه‌و شوێنانه‌ حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان چه‌ند خانوویه‌کى که‌له‌پورى کڕیووه‌ته‌وه‌ و هه‌وڵه‌کانیش له‌م رووه‌وه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت بۆ پاراستنى کۆى شوێنه‌ مێژووى و که‌له‌پورییه‌کانى سلێمانى.

ئاوات محه‌مه‌د قائیمقامى سلێمانیش رایگه‌یاند: ئامانجى دروستکردنى لیژنه‌ى پاراستنى شوێنه‌ که‌له‌پورییه‌کانى سلێمانى بۆ پارێزگارى کردنه‌ له‌ هه‌موو شوێنه‌ دێرین و مێژوویه‌کانى سلێمانى و بۆ هێشتنه‌وه‌ى ئه‌و شوێنانه‌ش لیژنه‌که‌ له‌ به‌ر رۆشنایى یاسا و رێنمایه‌ تایبه‌ت مه‌نده‌کان هه‌موو هه‌نگاوێکى پێویست ده‌نێت و رێگرى ته‌واو ده‌کات له‌ له‌ناوچونى ئه‌و شوێنانه‌ .

قائیقمقامى سلێمانى ووتیشی: له‌ سلێمانى 107 خانوو شوێنى دێرین و مێژووى هه‌یه‌ و تا ئێستا به‌شێک له‌و شوێنانه‌ له‌ لایه‌ن حکومه‌تى هه‌رێمه‌وه‌ کڕدراونه‌ته‌وه‌ و له‌ له‌ناوچون پارێزراوه‌ و به‌شێکیشیان نۆژه‌نکراونه‌ته‌وه‌, کارى لیژنه‌که‌ش پارێزگارى کردن و پاراستنى کۆى ئه‌و شوێنانه‌یه‌ له‌ مه‌ترسى له‌ناوچوون, ئه‌مه‌ش وه‌ک هه‌نگاوێکى گرنگ بۆ پاراستنى مێژوو شارستانى شارى سلێمانى .