چیاى ئه‌زمڕ و گۆیژه‌ له‌ مه‌ترسى ئاگرکه‌وتنه‌وه‌ ده‌پارێزرێت

ئایار 09, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


به‌ر له‌ هاتنى وه‌رزى هاوین و گه‌رما له‌ سلێمانى لیژنه‌یه‌ک بۆ پاراستنى چیایى ئه‌زمڕ و گۆیژه‌ له‌ ئه‌گه‌رى سوتان پێکده‌هێندرێت و قائیمقامى سلێمانیش ده‌ڵێت: بنکه‌یه‌کى پۆلیس له‌ چیاى ئه‌زمڕ جێگیر ده‌کرێت و هه‌ر که‌سێک هۆکاربێت بۆ ئاگرکه‌وتنه‌وه‌ رووبه‌ڕووى سزاى توندى یاسایى ده‌کرێته‌وه‌.

ئه‌مڕۆ پێنج شه‌ممه‌ 9 ئایارى 2019, له‌ دیوانى قائیمقامیه‌تى سلێمانى به‌ئاماده‌بوونى "د.هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌کر پارێزگارى سلێمانى و ئاوات محه‌مه‌د قائیمقامى سلێمانى" و به‌رپرسى فه‌رمانگه‌ په‌یه‌ندیداره‌کان کۆبوونه‌وه‌یه‌کى فراوان به‌ڕێوه‌چوو, ده‌رباره‌ى گرتنه‌به‌رى رێوشوێنى پێویست بۆ پاراستنى داراستان و پوش و پاوانى "چیاى ئه‌زمڕ و گۆیژه‌" له‌ ئه‌گه‌رى ئاگرکه‌وتنه‌وه‌ و سوتان .

له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا به‌رنامه‌یه‌کى تۆکمه‌ دانرا بۆ پاراستنى"چیاى ئه‌زمڕ و گۆیژه‌" له‌ مه‌ترسى سوتان و هه‌موو فه‌رمانگه‌ په‌وه‌ندیداره‌کانیش راسپێردران له‌م رووه‌وه‌ هه‌نگاوى پێویست بنێن , وه‌ک ئاماده‌کارى پێشوه‌خت و به‌ر له‌ هاتنى وه‌رزى هاوین و گه‌رما بڕیاردرا له‌ نزیکترین کاتدا تیمه‌کان ده‌ستبه‌کارده‌بن و سه‌ره‌تاش "ئاگربڕ" بۆ "چیاى ئه‌زمڕ و گۆیژه‌" ده‌کرێت , له‌ دواى کۆبوونه‌وه‌که‌ش هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌کر پارێزگارى سلێمانى و ئاوات محه‌مه‌د قائیمقامى سلێمانى له‌ کۆنگره‌یه‌کى رۆژنامه‌وانیدا رایانگه‌یاند: بۆ که‌مکردنه‌وه‌ى ئه‌و مه‌ترسیتانه‌ى که‌ ساڵانه‌ له‌سه‌ر چیاى ئه‌زمڕ و گۆیژه‌ دروست ده‌بێت تیمێکى پۆلیسى دارستان به‌ هه‌میشه‌یى له‌سه‌ر چیایى ئه‌زمڕ و گۆیژه‌ جێگیر ده‌کرێت که‌ ئه‌رکیان پارێزگارى کردن ده‌بێت له‌ چیاکه‌و رێگرى کردن له‌ مه‌ترسى ئاگر که‌وتنه‌وه‌ , هه‌روه‌ها تیمه‌کانى به‌رگرى شارستانى سلێمانیش له‌ حاڵه‌تى ئامادیى ته‌واودا ده‌بن بۆ پاراستنى چیاکه‌ , ئه‌وه‌شخرایه‌ڕوو لیژنه‌ى فراگوزارى خێرا پێکهێنراوه‌ که‌ نوێنه‌رى هه‌موو فه‌رمانگه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان له‌ خۆده‌گرێت و رێوشوێنێکى پێویست ده‌گیرێته‌ به‌ر بۆ پاراستنى چیاى ئه‌زمڕ و گۆیژه‌و هه‌رکه‌سێک هۆکار بێت بۆ ئاگرکه‌وتنه‌وه‌ رووبه‌ڕووى سزاى توندى یاسایى ده‌کرێته‌وه‌ .

هه‌وڵه‌کانى به‌رپرسانى سلێمانى بۆ پاراستنى "چیاى ئه‌زمڕ و گۆیژه‌" له‌ مه‌ترسى سوتان و ئاگرکه‌وتنه‌وه‌ له‌ کاتێکدایه‌ که‌ ئه‌مساڵ به‌هۆى بارینى رێژه‌یه‌کى زۆرى باران و زۆربونى پوش و پاوان ئه‌گه‌رى زۆرى ئاگرکه‌وته‌وه‌ له‌ ئارادایه‌ .