کێشه‌ى جووتیارانى سنوورى قه‌راج و که‌ندێناوه‌ ده‌گه‌یه‌نرێته‌ په‌رله‌مان

ئایار 12, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


پێش نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ یه‌کشه‌ممه‌ 12-5-2019، لیژنه‌ى کشتوکاڵ و ئاودێرى له‌ په‌رله‌مانى کوردستان، به‌سه‌رپه‌رشتیى مه‌لا عوسمان کانى کورده‌یی، سه‌رۆکى لیژنه‌و ئاماده‌بوونى ژماره‌یه‌ک له‌ئه‌ندامانى لیژنه‌که‌، له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ک له‌ پارێزه‌رانى خۆبه‌خشى جووتیارانى سنورى قه‌راج و که‌ندێناوه‌و شارۆچکه‌ى مه‌خموور کۆبۆوه‌.

له‌کۆبوونه‌وه‌که‌دا گفتوگۆ له‌سه‌ر کێشه‌و گرفته‌کانى به‌رده‌م که‌رتى کشتوکاڵ و هه‌ڕه‌شه‌کانى تیرۆریستانى داعش بۆ سه‌ر ده‌غڵ و زه‌وییه‌ کشتوکاڵییه‌کانى ناوچه‌که‌ کراو پارێزه‌رانى خۆبه‌خشى جووتیارانى سنوورى قه‌راج و که‌ندێناوه‌و شارۆچکه‌ى مه‌خموور مه‌ترسییه‌کانى داعشیان له‌سه‌ر جووتیارانى سنووره‌که‌و ناڕه‌زایه‌تى جووتیارانیان به‌رامبه‌ر به‌ هه‌ڕه‌شه‌کانى داعش له‌ یاداشتێکدا گه‌یانده‌ په‌رله‌مانى کوردستان.

دواتر له‌کۆنگره‌یه‌کى رۆژنامه‌وانیى هاوبه‌شدا له‌ په‌رله‌مانى کوردستان، پارێزه‌ر گۆران دیبه‌گه‌یی، نوێنه‌رى لقى هه‌ولێرى سه‌ندیکاى پارێزه‌رانى کوردستان، ڕایگه‌یاند: "یاداشتى ناڕه‌زایه‌تیى جووتیارانى سنووره‌که‌ سه‌باره‌ت به‌هه‌ڕه‌شه‌کانى تیرۆریستانى داعش بۆ سه‌ر خۆیان و دغڵ و به‌رووبوومه‌ کشتوکاڵییه‌کانیان که‌ به‌رده‌وام هه‌ڕه‌شه‌یان له‌سه‌ره‌ گه‌یانده‌ په‌رله‌مانى کوردستان".

گووتیشی: "له‌ یاداشته‌که‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌کراوه‌ به‌هۆى کشانه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌ بۆشایى ئه‌منى له‌سنووره‌که‌ دروست بووه‌، ئێستاش که‌ وه‌رزى دروێنه‌ نزیکبووه‌ مه‌ترسى و هه‌ڕه‌شه‌ى تیرۆریستانى داعش بۆ سه‌ر جووتیاران هه‌یه‌، به‌تایبه‌ت ئه‌و گوندانه‌ى که‌وتوونه‌ته‌ هه‌ردوو دیوى چیاى قه‌ره‌چوغ، چونکه‌ به‌شێوه‌یه‌کى هه‌ڕه‌مه‌کى داواى باج و سه‌رانه‌ له‌ جووتیاران ده‌که‌ن".

ئه‌وه‌شیان خسته‌ڕوو پێویسته‌ هه‌رچى زووه‌ کارێک بکرى بۆ ئه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ناوچه‌کانیان وترس و دڵه‌ڕاوکێى جووتیاران نه‌مێنێ، چونکه‌ به‌مشێوه‌یه‌ جووتیاران به‌رى ڕه‌نجى ساڵێکیان به‌ فیڕۆ ده‌ڕوات.

هه‌ر له‌کۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌که‌دا، مه‌لا عوسمان کانى کورده‌یی، سه‌رۆکى لیژنه‌ى کستوکاڵ و ئاودێرى له‌ په‌رله‌مانى کوردستان، رایگه‌یاند: "ئێمه‌ وه‌کو لیژنه‌ى کشتوکاڵ یاداشتى ئه‌و برا چووتیارانه‌مان وه‌رگرتووه‌و له‌ کۆبوونه‌وه‌ى لیژنه‌که‌ماندا کارى له‌سه‌ر ده‌که‌ین و سه‌ردانى هه‌ریه‌که‌ له‌ وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌و ناوخۆو بازرگانیش ده‌که‌ین بۆئه‌وه‌ى ماف و داوکارییه‌کانیان بگه‌ێنینه‌ حکومه‌ت و لایه‌نه‌ په‌یوندیداره‌کان".
هه‌روه‌ها رایگه‌یاند: "سه‌ردانى سنوورى مه‌خمورو ده‌شتى قه‌راج و که‌ندێناوه‌ ده‌که‌ین بۆئه‌وه‌ى له‌ نزیکه‌وه‌ ئاگادارى کێشه‌و گرفته‌کانى جووتیارانى ئه‌و سنووره‌ بین، چونکه‌ سه‌ره‌ڕاى چه‌ندین کێشه‌و گیروگرفت، رووبه‌ڕووى هه‌ڕه‌شه‌کانى داعش بوونه‌ته‌وه‌".
سه‌رۆکى لیژنه‌ى کشتوکاڵ له‌ په‌رله‌مانى کوردستان گووتیشی: "داوا له‌ سه‌رۆکایه‌تیى په‌رله‌مانى کوردستان ده‌که‌ین بۆ پێکهێنانى لیژنه‌یه‌ک به‌سه‌رۆکایه‌تى لیژنه‌ى کشتوکاڵ، بۆئه‌وه‌ى سه‌ردانى به‌غدا بکه‌ن و له‌گه‌ڵ هه‌ردوو وه‌زاره‌تى بازرگانى و کشتوکاڵ گفتوگۆ بکه‌ن بۆ پێدانى شایسته‌ داراییه‌کانى جووتیاران و زیادکردنى رێژه‌ى وه‌رگرتنى گه‌نمى جووتیارانى هه‌رێمى کوردستان، چونکه‌ ئه‌مساڵ رێژه‌ى به‌رهه‌مى گه‌نم له‌ ساڵانى رابردوو زیاتر ده‌بێت".