قوباد تاڵه‌بانى له‌گه‌ڵ لیژنه‌ى شه‌قامى 100مه‌ترى سلێمانی، واده‌ى 10 رۆژیان دیاریى کرد

ئایار 14, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


به‌ سه‌رپه‌رشتى قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان، کۆبوونه‌وه‌ى تایبه‌ت به‌ جێبه‌جێکردنى پرۆژه‌ى شه‌قامى ١٠٠ مه‌ترى سلێمانى به‌ڕێوه‌چوو و تیایدا تاوتوێى چۆنیه‌تیى ده‌ستپێکردنى پڕۆژه‌که‌ کرا و واده‌ى 10 رۆژ بۆ پێشکه‌شکردنى راپۆرت و پێشنیاره‌کان دیاریکرا.

له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا که‌ ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ ١٤ ئایارى 2019 له‌ سلێمانى به‌رێوه‌چوو و وه‌زیرانى ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ و نیشته‌جێکردن، شاره‌وانى و گه‌شتوگوزار، له‌گه‌ڵ پارێزگارى سلێمانى و بریکارى وه‌زیرى شاره‌وانى وسه‌رۆکى شاره‌وانى سلێمانى و ئه‌ندامانى لیژنه‌ى سه‌رپه‌رشتیارى جێبه‌جێکردنى پڕۆژه‌ى شه‌قامى ١٠٠ مه‌ترى سلێمانى ئاماده‌یبوون، بڕیاردرا لیژنه‌ى سه‌رپه‌رشتیارى جێبه‌جێکردنى پڕۆژه‌که‌ له‌ ماوه‌ى ١٠ رۆژى کاریدا له‌ راپۆرتێکدا پێشنیار و راسپارده‌کانى خۆى سه‌باره‌ت به‌ چۆنیه‌تیى ده‌ستپێکردنى پڕۆژه‌که‌ پێشکه‌شى وه‌زاره‌تى شاره‌وانى و سه‌رۆکایه‌تیى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران بکات، بۆ ئه‌وه‌ى به‌ زووترین کات بڕیار له‌ چۆنیه‌تى ده‌ستپێکردنى بدرێت.

ئه‌م کۆبوونه‌وه‌یه‌ دواى ئه‌و هات که‌ له‌ کۆبوونه‌وه‌ى هه‌فته‌ى رابردووى قوباد تاڵه‌بانى له‌گه‌ڵ وه‌زیره‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان و پارێزگاره‌کانى هه‌ر چوار پارێزگاکه‌ى هه‌رێم سه‌باره‌ت به‌ چاککردنه‌وه‌ى ڕێگاوبانه‌کان، بڕیار درا کۆبوونه‌وه‌یه‌کى تایبه‌ت به‌ جێبه‌جێکردنى پڕۆژه‌ى شه‌قامى ١٠٠ مه‌ترى سلێمانى ئه‌نجام بدرێت بۆ ئه‌وه‌ى بخرێته‌ بوارى جێبه‌جێکردنه‌وه‌.