Error: No articles to display

ده‌بێت حکومەتی بەغدا قەرەبووی زیانلێکەوتوانی کوردستان بکاتەوە

ئەیلول 02, 2018

 

لە یادی 30 ساڵەی ئەنفالی بادینان نێچیره‌ڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند  بەغدا ئەرکی خۆی بەرامبەر کەسوکاری ئەنفالکراوان جێبەجێنەکردووە و داواش لە حکومەتی عێراق دەکات ئەرکی دەستووریی، یاسایی و ئەخلاقی بەرامبەر کەسوکاری ئەنفال و کیمیاباران جێبەجێبکات و قەرەبووی ماددی و مەعنەوییان بکاتەوە.
 
نێچیره‌ڤان بارزانی هێمای بۆ ئه‌وه‌ کرد لەو یادەدا دەمەوێت داوا لە حکومەتی عێراق بکەم، هەموو ئەرکە دەستووری و یاسایی و ئەخلاقییەکانی بەرامبەر بە کەسوکار و قوربانیانی ئەنفال بەجێبگەینێت و لەلایەنی ماددی و مەعنەوییەوە قەرەبوویان بکاتەوە، پەرلەمان و حکومەتی عێراق دەبێت پێداگری لەسەر بڕیاری دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق بکەن و ئەنفال وەکو جینۆساید و تاوانی دژی مرۆڤایەتی و تاوانی جەنگی لە قەڵەم بدات، ئەو بڕیارە و ماددەی 132ـی دەستووری عێراق حکومەتی عێراق پابەند دەکات قەرەبووی ناوچە ئەنفالکراوەکان بکات، هەروەها دەبێت ژیانی ماڵبات و کەسوکاری قوربانییەکان دابینبکات، بەڵام تاوەکو ئێستا عێراق نە ئەرکی خۆی لەبەرامبەر بڕیاری دادگای باڵای تاوانەکان و نە ئەو ماددە دەستوورییە بۆ هەرێمی کوردستان جێبەجێنەکردووە، حکومەت و پەرلەمانی عێراق دەبێت بە جددی شان بدەنە بەر ئەو بەرپرسیاریێتیە و قەرەبووی ماددی و مەعنەوی کەسوکار و قوربانیان بکرێتەوە، هەروەها ئەو داواکارییە بەشێکی سەرەکی دەبێت لە دانوستاندنی هەرێمی کوردستان بۆ پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق، یەکێک لە ئەرکە لە پێشینەکانی پەرلەمانتارانی هەرێمی کوردستانە لە پەرلەمانی نوێی عێراقدا.
 
وتیشی لەو رۆژانەدا لە کاتێکی ناسک و هەستیاردا دەژین یەکڕیزی و یەکگرتنی ئێمە تاکە کلیلی دەرگای پاشەڕۆژی گەش و سەرفرازییە، ئێمە دۆزێکی رەوامان هەیە، ئامادەین بۆ هەموو ئەگەرێک، چۆن پێشتر سەرکەوتووبووینە ئەمڕۆش سەردەکەوین، ئێمە حەز بە دیالۆگ و ئاشتی دەکەین، ئەو رێگەیەش بە رێگایەکی باشتر دەبینین بۆ چارەسەرکرنی هەموو کێشەکانی هەرێمی کوردستان، لە هەمان کاتیشدا ئامادەین بەرگری لە دەستکەوتەکانی خۆمان بکەین، ئێمە پێکەوە بەهێزین و هەر پێکەوەش دەمێنین لە کوردستاندا.