Error: No articles to display

سێ شه‌ممه‌ سیسته‌می زانكۆلاین ده‌كرێته‌وه‌

ئەیلول 02, 2018
پرۆسه‌ی وه‌رگرتنی ده‌رچوانی پۆلی دوانزه‌ی ئاماده‌یی له‌ زانکۆکانی هه‌رێمی کوردستان ده‌ستپێده‌کات و، له‌ چه‌ند ڕۆژی داهاتودا زانکۆلاین ده‌که‌وێته‌کار.
 
 عه‌باس ئه‌کره‌م وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند: دوای ئه‌وه‌ی (ناوی به‌کارهێنه‌ر، وشه‌ی تێپه‌ڕ) له‌لایه‌ن وه‌زاره‌ته‌که‌مانه‌وه‌ ئاڕاستەی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی پەروەردەی پارێزگاکانی (هەولێر، سلێمانی، دهۆک ، هەڵەبجە) و، ئیداره‌ی(گەرمیان و ڕاپه‌ڕین)  کرا بۆ ئەوەی لە ڕێگەی ئاماده‌ییه‌کانیانه‌وه‌ به‌سه‌ر ده‌رچوانی پۆلی (12)ی ئاماده‌یی دابه‌ش بکرێت، کارکردنیش له‌ سیستمه‌کانی وه‌رگرتن به‌رده‌وامی هه‌بوو.
 
سەبارەت بە واده‌ی ڕاگەیاندن و کاراکردنی سیستمه‌کانی وه‌رگرتن عەباس ئەکرەم ڕایگەیاند: لە ڕۆژی سێشه‌ممه‌ی داهاتوو، که‌ ده‌کاته‌ ڕێکه‌وتی 4- 9- 2018 له‌ کاتژمێر (8)ی سه‌رله‌به‌یانی وێبسایتی (www.regayzanko.com) بۆ دەرچوانی خولی یه‌که‌م و دووه‌م دوانزەی ئامادەیی کارا دەکرێت، به‌وه‌ش ده‌رچوانی پۆلی (12)ی ئاماده‌یی ده‌توانن فۆرمی وه‌رگرتن له‌ زانکۆ و په‌یمانگه‌کان پڕبکه‌نه‌وه ‌و پێشکه‌شی بکه‌ن.
 
وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئه‌وه‌شی ڕایگەیاند: ده‌رچوانی پۆلی دوانزه‌ له‌ ڕێگه‌ی هه‌مان وێبسایت داواکاری به‌سیستمه‌کانی (زانکۆلاین، ڕاسته‌وخۆ به‌کریدیت، پارالێل و ئێواران) بۆ وه‌رگرتن له‌ زانکۆکان پێشکه‌ش بکه‌ن، ڕونیشیکرده‌وه‌ ده‌رچوانی قۆناغی دوانزه‌ تا كاتژمێر (12)ی شه‌وی رێکه‌وتی (14-9-2018) ده‌رفه‌تیان له‌ پێشه‌ بۆ پڕکردنه‌وه‌ی فۆرمی وه‌رگرتن له‌ زانکۆکانی کوردستان، هه‌روه‌ک جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌شکرده‌وه‌ که‌ ده‌رچوان ده‌بێ بەبەکارهێنانی هەمان ناوى بەکارهێنەرو وشەى تێپەڕ (یوزەیەر نەیم و پاسۆرد) کە پێشتر له‌ قوتابخانه‌کانیان وه‌ریانگرتۆته‌وه‌ ده‌توانن فۆرمی وه‌رگرتن پڕبکه‌نه‌وه‌.