Error: No articles to display

ڕاگه‌یه‌نراوێك له‌ سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌وه‌

ئەیلول 08, 2018

 

ده‌رباره‌ى بۆمبارانى سه‌رله‌به‌یانیى ئه‌مڕۆى کۆمارى ئێسلامیى ئێران بۆ سه‌ر بارەگاکانی حیزبی دێموکراتى ئێران (حدکا) و حیزبى دێموکراتى کوردستان (حدک) لە قەزای کۆیە، حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان ڕاگه‌یانراوێکى بڵاو کرده‌وه‌، ئه‌مه‌ ده‌قه‌که‌یه‌تی.

 

ڕاگەیەنراوێک لە سه‌رۆکایه‌تیى ئەنجومەنی وەزیرانى هه‌رێمى کوردستانەوه‌:

 

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ 8- 9-2018 بارەگاکانی حیزبی دێموکراتى ئێران (حدکا) و حیزبى دێموکراتى کوردستان (حدک) لە قەزای کۆیە له‌لایه‌ن کۆمارى ئیسلامیى ئێرانه‌وه‌ بۆمباران کران که‌ له‌ ئه‌نجامدا چه‌ند که‌سێک گیانیان له‌ ده‌ست دا و ژماره‌یه‌کى دیکه‌ش بریندار بوون.

 

وێڕاى ئیدانەکردنى ئه‌و بۆمبارانه‌، دووپاتى ناڕەزایەتیی خۆمان لە بەکارهێنانی خاکی هەرێمی کوردستان بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانى دراوسێ ده‌که‌ینه‌وه‌ که‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک قبووڵکراو نییه‌ و ده‌بێته‌ هۆى تێکدانى ئارامى و سه‌قامگیریى هه‌رێمى کوردستان، بۆیه‌ داواکارین دووباره‌ نه‌بێته‌وه‌، ڕێز له‌ یاساکانى هه‌رێمى کوردستان بگیریت و هه‌رێم نه‌کرێته‌ گۆڕه‌پانیى یه‌کلاکردنه‌وه‌ى ململانێکان.

 

پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشى له‌ که‌سوکارى قوربانییان ده‌که‌ین و هیواى زووچاکبوونه‌ بۆ بریندارن ده‌خوازین، هەموو لایەکیش دڵنیا دەکەینەوە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئه‌رکى خۆى بۆ هاوکاریکردنی لێقەوماوان جێبه‌جێ ده‌کات و تیمەکانی فریاگوزاریمان ڕاسپاردووە بە هەموو توانایەکی خۆیانه‌وه‌ فریای زیانلێکەوتووان و خه‌ڵکى سڤیلى ناوچه‌که‌ بکەون.

 

سه‌رۆکایه‌تیى ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان

8ی ئه‌یلول