مه‌كته‌بی سیاسی حزبی سۆسیالیست ڕاگه‌یه‌نراوێك بڵاوده‌كاته‌وه‌

کارنامه‌ى لیستى سه‌رده‌م ژماره‌ 127

ئەیلول 12, 2018
کارنامه‌ى لیستى سه‌رده‌م
بۆ خوولى پێنجه‌مى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى کوردستان
 
لیستى سه‌رده‌م هاوپه‌یمانیه‌کى سه‌رده‌میانه‌ به‌ کارنامه‌یه‌کى سیاسى نوێوه‌ و به‌ ئامانجى به‌ره‌و پێشچوونى پڕۆسه‌ى سیاسى و خۆش گوزه‌رانى له‌ هه‌رێمى کوردستان به‌شدارى هه‌ڵبژاردنى په‌ڕله‌مانى کوردستان ده‌کات ، پێمان وایه‌ پڕۆسه‌ى سیاسه‌تى نا ته‌ندروستى ده‌سه‌ڵات و ئه‌و لایانانه‌ى که‌ پێشتر خۆیان له‌ به‌ره‌ى ئۆپۆزسیۆندا ده‌بینیه‌وه‌ گه‌یشتۆته‌ بن به‌ست ، له‌دواى هه‌ڵبژاردنه‌کانى 21-9-2013  که‌ له‌ ئه‌نجامدا حکومه‌تێکى پێنج لایه‌نیان لێ پێکهێنا و ئۆپۆزسیۆن و ده‌سه‌ڵاتى کابینه‌یه‌کدا کۆکردۆده‌وه‌، خراپترین ئه‌زموونى حوکمڕانى له‌ هه‌رێمى کوردستاندا پیاده‌کرد و نه‌ک کێشه‌ و قه‌یرانه‌ سیاسى و ئابورییه‌کانى پێ چاره‌سه‌ر نه‌کرا ، به‌ڵکو  هێنده‌ى ترى ئاڵۆزکرد ، ئه‌و بارودۆخه‌ ناهه‌مواره‌ى له‌ماوه‌ى له‌ ماوه‌ى چوار ساڵى ڕابردوودا به‌سه‌ر خه‌ڵکى هه‌رێمى کوردستان هێنرا ، ئه‌نجامى شکستى ئه‌م حکومڕانیه‌ بوو که‌ له‌لایه‌نه‌کان هێنده‌ى خه‌ریکى به‌ش به‌شێنه‌ و ده‌ستکه‌وتى حزبى و ململانێ و ناکۆکى و ناوخۆیى و مل شکاندنى یه‌کترى بوون ئاگایان له‌ خه‌مى خه‌ڵک و ژیان و گوزه‌رانى هاوڵاتیان نه‌مابوو.
 
بۆیه‌ لیستى سه‌رده‌م وه‌ک ڕه‌وت و ئاڕاسته‌یه‌کى نوێ له‌ ژێر دروشمى "دادپه‌روه‌رى و خۆشگوزه‌رانى " کارنامه‌ى سیاسى خۆى بۆ هه‌ڵبژاردنه‌کانى په‌ڕله‌مانى کوردستان ده‌خاته‌ ڕوو .
 
1ـ کارکردن بۆ دانانى ده‌ستورێک بۆ هه‌رێمى کوردستان که‌ تیایدا سیسته‌مى سیاسى و کارگێڕى و ئه‌رک و ماف و ده‌سه‌ڵاته‌کان دیارى بکرێت .
2ـ پێکهێنانى حکومه‌تێکى نیشتیمانى کارا و به‌هێز که‌ له‌ توانایدابێت زۆرترین خزمه‌ت و ئاوه‌دانى پێشکه‌ش بکات  و سنورێک بۆ دیارده‌ى گه‌نده‌ڵى و پاوانکارى ئابوورى دابنێت و حکومه‌تى هاوڵاتى فه‌راهه‌م بکات .
3ـ کۆتایهێنان به‌ سیاسه‌تى ڕه‌تکردنه‌وه‌ى یه‌کترو سه‌قامگیرکردنى ئاشته‌واى کۆمه‌ڵایه‌تى 
4ـ ئاسایکردنه‌وه‌ى دۆخى شێوێندراوى دواى داگیرکردنى که‌رکوک و ناوچه‌ کوردستانیه‌کانى ترى ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێم و ڕێکخستنه‌وه‌ى کارگێڕى و سیاسى به‌ جۆرێک هاوسه‌نگى بپارێزێت .
5ـ پاراستنى سه‌ربه‌خۆیى دادگاکان و ڕۆڵى داواکارى گشتى و پابه‌ندبوون به‌ سه‌روه‌رى یاسا .
6ـ بنیادنانه‌وه‌ى ژێرخانى ئابوورى و به‌هه‌مه‌جۆرکردنى سه‌رچاوه‌کانى داهات.
7ـ په‌ره‌بێدان و ڕێکخستنى سیسته‌مى بانکى و دڵنیایى له‌ دانه‌وه‌ و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ى پاشه‌که‌وتى موچه‌ و پێدانى موچه‌ له‌ کاتى خۆیدا .
8ـ هه‌وڵدان بۆ بنیادنانى پیشه‌سازى و پیترۆ کمیاوى  که‌ ببێته‌ به‌ردى بناغه‌ى ئابووریه‌کى به‌هێزى پشت به‌خۆ به‌ستوو .
9ـ دابینکردنى شوێنى نیشته‌جێبوون بۆ فه‌رمانبه‌ران و کرێ نشینان له‌ پڕۆژه‌ نیشته‌جێکردن .
10ـ داڕشتنى پلانێکى ستراتیجى بۆ پێشخستنى که‌رتى گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندن له‌ ڕووى "زه‌مینى وئاسمانى " یه‌وه‌ 
11ـ ڕه‌خساندنى هه‌لى کار و دامه‌زراندن بۆ ده‌رچوانى زانکۆ و په‌یمانگاکان و ئاماده‌ییه‌ پیشه‌ییه‌کان .
12ـ بودجه‌ى گشتى کوردستان به‌شێوازێکى دادپه‌روه‌رانه‌ بێت که‌ تیایدا هه‌موو چین و توێژه‌کانى کۆمه‌ڵگه‌ ده‌سته‌به‌ر بکات .
13 ـ چاکردنى سیسته‌مى ته‌ندروستى و ڕێکخستنى کارى نه‌خۆشخانه‌و نۆرینگه‌ ئه‌هلیه‌کان و هه‌وڵدان بۆ فه‌راهه‌مکردنى ده‌سته‌به‌رى ته‌ندروستى بۆ هاوڵاتییان و و سزادانى بازرگانانى بوارى ته‌ندروستى که‌ ڕه‌چاوى کواڵێتى ده‌رمان که‌رسته‌ پزیشکیه‌کان ناکه‌ن . 
14 ـ زیادکردنى ڕێژه‌ى سه‌وزایى و پاراستنى ژینگه‌ و بایه‌خدان به‌ وه‌رزش وه‌رزشوانان له‌پێناو ژیانێکى ته‌ندروستدا.
15 ـ چاککردنى دۆخى خوێندگاکان و سیسته‌مى په‌روه‌رده‌ به‌ شێوه‌یه‌ک که‌ له‌گه‌ڵ واقعى کۆمه‌ڵایه‌تى وئابوورى کوردستاندا بگونجێت .
16 ـ پشتگیرى مامۆستایان و خوێنکاران و گرنگى دانى زیاتر به‌ ژیان و توانایان و دابینکردنى ده‌رماڵه‌و مووچه‌کانیان .
17 ـ گرنگیدان به‌ به‌نداوه‌کان و دروستکردنى به‌نداوى زیاتر له‌ پێناو گه‌شه‌سه‌ندنى کوشتوکاڵ.
18ـ گرینگیدان به‌ به‌روبومى ناوخۆیى و ساغکردنه‌وه‌ى به‌رهه‌مى چووتیاران .
19ـ پاراستنى مافه‌کانى مرۆڤ و به‌هێزکردنى دامه‌زراوه‌کانى کۆمه‌ڵگاى مه‌ده‌نى . 
20ـ زامنکردنى کار و پاراستنى سه‌لامه‌تى کرێکاران و دابینکردنى ده‌سته‌به‌رى کۆمه‌ڵایه‌تى له‌ کاتى نه‌خۆشى و به‌رکه‌وتن و به‌ساڵاچوون و مردندا به‌ پێى یاسا.
21ـ ڕه‌تکردنه‌وه‌ى هه‌موو شێوازه‌کانى توندوتیژى خێزانى 
22ـ باشترکردنى ژیان و گوزه‌رانى زیندانیان و خێزانه‌کانیان.