Error: No articles to display

راگەیەنراوی لیستی سەردەم بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان

ئەیلول 16, 2018
لیستی سه‌رده‌م به‌ ژماره‌ 127 به‌شداری خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی کوردستان ده‌کات و له‌ راگه‌یه‌نراوێکدا ئه‌و ده‌خاته‌ڕوو " دەنگدان بە لیستی سەردەم ژمارە ۱۲۷ دەنگدانە بە گەڕاندنەوەی مووچەی بڕدراوی خاوەن پێداویستی تایبەت و چارەسەرکردنیان و باشکردنی گوزەرانی خێزانەکانیان".
 
له‌ راگه‌یه‌نراوه‌که‌ هێماش بۆ ئه‌وه‌ کراوه‌ "
‎لیستی سەردەم ژمارە ۱۲۷ لیستی بووژاندنەوەی کشتوکاڵ و دابینکردنی ژیانی شایستەیە بۆ ئێوەو خێزانەکانتان، ئاوەدانکردنەوەی گوندەکانتان و کارئاسانی بۆ دەستخستنی پێداویستی کشتوکاڵ و پەیداکرنی بازاڕ و ساخکردنەوەی بەروبوومی جوتیاران".
 
ده‌قی راگه‌یه‌نراوه‌کی لیستی سه‌رده‌م ژماره‌ 127
جەماوەری تێکۆشەری کوردستان
‎کەسوکاری سەربەرزی شەھیدانی رێگای رزگاری و پاراستنی کوردستان
‎خانەوادەی پێشمەرگەو زیندانییان و قوربانییانی تاوانەکانی ئەنفال و کیمیاباران و مەینەتی چەشتووانی گەلی کوردستان
‎زانایان، رۆشنبیران، ھونەرمەندان، مامۆستایان، فەرمانبەرانی خۆڕاگر و داینەمۆی بەردەوامی و پێشکەوتن
‎لاوان و خوێندکاران و ھەڵگرانی مەشخەڵی زانست و ئاییندە
‎خوشکان .. برایان
‎سڵاوتان لێ بێت
‎سڵاوی فیداکاری و خزمەت
‎سڵاوی ئەمەک و رابردووی گەش و ئاییندەی رووناک
‎سڵاوی لیستی سەردەم ژمارە (۱۲۷) و کاندیدەکانی بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان
 
‎بەڕێزان.
‎ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان لە ۹/۳٠ بەرێوەدەچێت
 
‎ئەو ھەڵبژاردنەی کە بۆ گەلەکەمان و ئەزموونی دیموکراسی و خۆ بەڕێوەبردنی ھەرێمی کوردستان گرنگییەکی گەورەی ھەیە، بەتایبەت کە لە کات و قۆناغێکی ھەستیاردا بەڕێوە دەچێت.
‎قۆناغێک کە ئێمە بەدەنگ و متمانەی ئێوە دەیکەینە قۆناغی گەڕاندنەوەی شکۆو شانازییەکانی گەلەکەمان و بەدیھێنانی عەدالەت و ماف و خواست و ژیانی سەربەرز و شایستە بۆ جەماوەری کوردستان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و رەخساندنی ھەلی کار و بەگژاچوونەوەی گەندەڵی و ناعەدالەتی.
 
‎لیستی ژمارە ۱۲۷ی سەردەم، لیستی ئامانجی جەماوەر و داخوازییە رەواکانی چین و توێژەکانی کۆمەڵگای کوردستانە کە دەیان ساڵ لەپێناویدا بەخوێن و خەباتی پێشمەرگانە دژ بە دوژمنانی کورد و دواتریش بە جووڵانەوەی مەدەنی و رێگاکانی داواکاریی رەوای جەماوەریی دژ بە گەندەڵی و ناعەدالەتی کارمان بۆ کردووە و ئێوەو مێژووی دوور و نزیک شاھێدن.
 
‎ دەنگدەری بەڕێزی کوردستان
 
‎بە بەشداری کردن لە ھەڵبژاردنەکانی ۳٠ی ئەیلولی پەرلەمانی کوردستان و دەنگدان بە کاندیدەکانی لیستی ژمارە ۱۲۷ی سەردەم، پەرلەمانی کوردستان دەکەنە سەنگەری پێشەوەی بەرگری لەئیرادەی سەربەخۆیی گەلی کوردستان لەپێناو بەدیھێنانی مافەکانیاندا و چەسپاندنی لە دەستوری کوردستان و بەدەستھێنانی پشتیوانیی بۆ ئەو مافانە و کارکردن بۆ دانانی دەستوورێک بۆ ھەرێمی کوردستان کە تیایدا سیستەمی سیاسی و کارگێڕی و ئەرک و ماف و دەسەڵاتەکان دیاریبکرێن و بنەمای ھاوڵاتیبوون لە ماف و ئەرکەکاندا بچەسپێن دوور لە پێوەری حزب و پشک پشکێنە.
 
‎کاندیدەکانی لیستی سەردەم دەبنە پێشمەرگە بۆ گەڕاندنەوەی شکۆ و پێگەی ھاوبەشی راستەقینە بۆ گەلی کوردستان لە عێراقداو چەسپاندنی بنەمای تەوافق و ھاوبەشیی لەتەواوی ئاست و جومگەکانی حوکمداریی لە عێراقدا و ئاساییکردنەوەی دۆخی شێوێنراوی دوای داگیرکردنی کەرکوک و خانەقین و شنگال و مەخموور و ناوچە کوردستانییەکانی تر و رێکخستنەوەی کارگێڕی و سیاسیی ئەو ناوچانە بەجۆرێک کە ھاوسەنگی بپارێزرێت و چیتر لۆژیکی براوەو دۆڕاو بۆ ئەو پرسە نەتەوەیی و مێژووییانە قەبووڵ ناکرێت.
 
‎چارەسەر کردنی کێشە ھەڵواسراوەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ و جێگیر و مسۆگەرکردنی ماف و شایستە داراییەکانی ھاوڵاتیانی کوردستان لە بودجەی گشتی عێراق و جیاکردنەوەی پرسی قووت و ژیانی خەڵک لە ململانێ سیاسییەکاندا.
 
‎ لیستی سەردەم ژمارە ۱۲۷ بە پشتیوانیی ئێوە دەبێتە دەستێکی ئەمین بۆ بنیادنانەوەی ژێرخانی ئابووری.
 
‎بەھەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داھات و رێکخستنەوەی بودجەی گشتی کوردستان، بەجۆرێک کە مافی ھەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگای کوردستانی فەراھەم بکرێت و کاربکرێت بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بژێوی خەڵک و ھاوسەنگی نێوان بازاڕ و داھات.
 
‎دەنگدان بە لیستی سەردەم ژمارە ۱۲۷ دەنگدانە بە گەڕاندنەوەی مووچەی بڕدراوی خاوەن پێداویستی تایبەت و چارەسەرکردنیان و باشکردنی گوزەرانی خێزانەکانیان.
 
‎دەنگدانە بە کۆتاییھێنان بە بازرگانی کردن بە تەندروستی و ژیان و مەرگی ھاوڵاتیان لەڕێگای گرنگیدان بەسیستەمی تەندرووستی و بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزاری تێیاندا و ڕێگریکردن لە ھاوردەکردنی دەرمانی خراپ و بەسەرچوو.
‎مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو پرسە وەک بەشێک لە ئاسایشی نەتەوەیی نەک بازاڕ و بازرگانیی قازانج ویست.
‎مامۆستایانی بەڕێز .خوێندکارانی خۆشەویست
 
‎کاندیدەکانی لیستی سەردەم ژمارە ۱۲۷ کە ھاوخەم و بەشێکییشیان ھاوپیشەی خۆتانن، پلانی تۆکمەیان ھەیە بۆ پێشخستنی بەرنامەی خوێندن و پشتگیری مامۆستایان و گرنگیدانی زیاتر بە ژیان و توانایان و دابینکرنی موچەی شایستە بۆیان. پشتیوانیکردنی خوێندکاران لە دابیکردنی پێداویستی و دەرماڵە و مسۆگەرکردنی ھەلی یەکسان بۆ خوێندکاران و کۆتاییھێنان بە بێکاریی دەمامکدار و بۆ ماڵەوە ناردنەوەی خوێندکاران دوای ھەوڵ و ماندووبوونی زۆری خۆیان و خانەوادەکانیان و بەدەستھێنانی بڕوانامەکانیان.
 
‎جووتیارانی رەنجدەر و جەفاکێش
 
‎لیستی سەردەم ژمارە ۱۲۷ لیستی بووژاندنەوەی کشتوکاڵ و دابینکردنی ژیانی شایستەیە بۆ ئێوەو خێزانەکانتان، ئاوەدانکردنەوەی گوندەکانتان و کارئاسانی بۆ دەستخستنی پێداویستی کشتوکاڵ و پەیداکرنی بازاڕ و ساخکردنەوەی بەروبوومی جوتیاران.
 
‎جەماوەری تێکۆشەری کوردستان
 
‎ئەندام و لایەنگرانی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان .
‎پارتی کرێکاران و رەنجدەرانی کوردستان. یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان .
‎حزبەکانتان دوای مێژوویەکی درێژی خەبات و تێکۆشان وا بە سەر بەرزییەوە لاپەڕەکانی مێژوو ھەڵدەدەنەوە کە لە ھەر وێستگەیەکیدا ھەزاران شەھید و نەبەردی و داستانی مقاوەمەی جەسوورانە یاد دەکەنەوە و ئێستاش بەھەمان گوڕوتین، 
بەھەمان گیان و گەرمیی، بەڵێنی نەسرەوتن تا بەدیھێنانی ئامانجی سەدان ساڵەمان دووپات دەکەینەوەو گەلەکەشمان شاھێدە کە ئێمە بەرامبەر ئەو بەڵێنە چەند راستگۆ و چ نرخێکی گەورەمان بۆ داوە.
 
‎بەڵێن بە جەماوەری کوردستان دەدەین وەک ھەمیشە خەباتکاری سەرسەختی بەدیھێنانی سەروەری و ئارامی و خۆشگوزەرانی بین تا ئەم گەلە ئازار چەشتوو برسیکراوە بە ژیانێکی شایستە دەگات. 
‎بەڵێن بە کرکوک و گەرمەسێر، کە وەک چۆن بە خوێن لە تیرۆر پاراستمان، جارێکی تر ئاڵای شەکاوەی کوردستان بگەیەنینەوە دوایین سنوورەکانی کوردستان.
 
‎کاندیدەکانی لیستی ژمارە ۱۲۷ی سەردەم لەبەردەم خواو خوێنی شەھیدان و ئێوەدا سوێند دەخۆن کە ئەمەکداربن بەرامبەر بە دەنگی ئێوەو بەڵێن دەدەن کە ھەموو توانای خۆیان لە چوار ساڵی داھاتوودا بخەنەگەڕ بۆ جێبەجێ کردنی بەرنامەکانی لیستی سەردەم.
 
‎ئێوەش ویژدانی زیندووتان بکەنە مەحەک و رۆژی ۳٠ی مانگ روو لە سندوقەکانی دەنگدان بکەن و دەنگ بدەن بە نوێنەرەکانتان لە لیستی سەردەم.
 
‎ئاسۆمان روون و ئامانجمان رەواو ورەمان بە جەماوەری کوردستان بەرزە
‎خوای گەورەش پشت و پەنای ھەموو لایەکمان بێت
 
‎لەگەڵ ڕێزماندا