
ئهتوانى لهرێگاى ئیمه‌یڵ و ژماره تهلهفۆنهکانمانهوه په‌یوه‌ندیمان پێوهبکهیت و راوسهرنج وپێشنیارو داواکاریهکانى خۆت بخهیتهروو.
07705066052
jamawar.news2014@gmail.com
جه‌ماوه‌رنیوز
نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ پێنج شه‌ممه 4ى تشرینى یه‌که‌مى 2018 له کۆنگره‌یه‌کى ڕۆژنامه‌وانیدا، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان، باسى له پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مان له هه‌رێمى کوردستان و چه‌ند بابه‌تێکى په‌یوه‌ندیدار به دۆخى ئێستاى به‌غدا و هه‌رێمى کوردستانه‌وه کرد.
سه‌ره‌تاى کۆنگره ڕۆژنامه‌وانییه‌که، سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان له وته‌یه‌کدا گوتى "هه‌روه‌ک ئاگادارن ڕۆژى 30ى ئه‌یلول 2018 پرۆسه‌یه‌کى سه‌رکه‌وتووى هه‌ڵبژاردن له هه‌رێمى کوردستان بۆ هه‌ڵبژاردنى خولى پێنجه‌مى په‌رله‌مانى کوردستان به‌ڕێوه چوو، ئه‌م پرۆسه‌یه به شێوه‌یه‌کى هێمنانه و ڕێکوپێک له ته‌واوى هه‌رێمى کوردستان ئه‌نجام درا که جێى خۆشحاڵیى هه‌م گه‌لى کوردستان و هه‌م کۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تیش بوو و له هه‌موو لایه‌که‌وه پیرۆزبایى له سه‌رکه‌وتنى ئه‌و پرۆسه‌یه کرا. لێره‌وه سوپاسى هه‌موو گه‌لى کوردستان ده‌که‌م، هه‌روه‌ها سوپاسى لایه‌نه سیاسییه‌کانیش ده‌که‌م که هه‌موو لایه‌ک هه‌وڵیان دا به شێوه‌یه‌کى هێمنانه و دیموکراسى و دوور له دروستکردنى هیچ کێشه‌یه‌ک ئه‌م پرۆسه‌یه به‌ڕێوه بچێت، هیوادارم کۆمسیۆن له نزیکترین کاتدا ئه‌نجامى به‌راییى پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردن ڕابگه‌یه‌نێت".
له به‌شێکى دیکه‌ى وته‌که‌یدا ووتى "بێگومان سه‌رکه‌وتنى ئه‌م پرۆسه‌یه سه‌رکه‌وتنى گه‌لى کوردستانه، سه‌رکه‌وتنى پرۆسه‌یه‌کى دیموکراسییه که گه‌لى ئێمه چه‌ندین ساڵه بڕیارى له‌سه‌ر داوه بۆ یه‌کلاییکردنه‌وه‌ى کێشه‌کان و هیوادارین له داهاتووشدا هه‌میشه ئه‌م پرۆسه‌یه به شێوه‌یه‌کى ئاشتیانه و دیموکراسیانه له وڵاتى ئێمه‌دا به‌ڕێوه بچێت. ئه‌وه‌ى یه‌کجار زۆر گرنگه ئه‌نجامه‌کان به هه‌ر شێوه‌یه‌ک بێت، پێویسته هه‌موو ده‌زگا ئه‌منییه‌کان به‌تایبه‌تى هاووڵاتیانى خۆشه‌ویستى هه‌رێمى کوردستان له‌به‌رچاویان بێت، ئه‌وه‌یه که بارى سه‌قامگیرى و تێکدانى ئاسایشى خه‌ڵک له‌به‌رچاو بگرن و کارێکى زۆر ناشرینه که شتێکى وا ده‌کرێت به هه‌ر شێوه‌یه‌ک ده‌ست به ته‌قه‌کردن ده‌که‌ن به حساب ته‌قه‌ى خۆشییه. ئه‌وه ته‌قه‌ى خۆشى نییه، به ڕاستى ئه‌وه دیارهدهیهکه تا بڵێى ناشرینه له وڵاتى ئێمه و هیوادارم و داوا ده‌که‌م له ڕێگه‌ى ده‌زگاکانى ڕاگه‌یاندنه‌وه ئارامى و سه‌قامگیرى و ئاسایشى خه‌ڵک به هیچ شێوه‌یه‌ک له کاتى ڕاگه‌یاندنى ئه‌نجامه‌کان جا به هه‌ر شێوه‌یه‌ک بێت، تێک نه‌ده‌ن. هه‌روه‌کو وتم سه‌رکه‌وتنى ئه‌م پرۆسه‌یه، سه‌رکه‌وتنى گه‌لى کوردستانه".
دواتر له وه‌ڵامى پرسیارێکدا سه‌باره‌ت به ناکۆکییه‌کانى یه‌کێتى و پارتى له‌سه‌ر پۆستى سه‌رۆک کۆمار و ورده‌کاریى ئه‌م پرسه، به‌ڕێز سه‌رۆک وه‌زیران ڕایگه‌یاند "ڕاستیى چوونى ئێمه بۆ به‌غدا بۆ شه‌ڕکردن و کۆکردنه‌وه‌ى ده‌نگ نه‌بوو بۆ پۆستى سه‌رۆک کۆمار، چوونى ئێمه بۆ به‌غدا بۆ ئه‌وه بوو که هه‌موو هه‌وڵێک بده‌ین یه‌کێتیى ڕیزه‌کانى کورد بپارێزین. جارێ با من له‌وه ده‌ستپێبکه‌م که پۆستى سه‌رۆک کۆمار ئیستحقاقى گه‌لى کوردستانه و هى هیچ لایه‌نێک نییه، نه هى یه‌کێتییه، نه هى پارتییه. بۆچوونى ئێمه وه‌کو پارتى ئه‌وه بووه که ئه‌و پرسه له‌ناو فراکسیۆنه کوردستانییه‌کانى ناو په‌رله‌مانى عێراق یه‌کلا بکرێته‌وه و پێمانخۆش بوو ئه‌و میکانزمه جێبه‌جێ بکرێت و هۆیه‌که‌شى زۆر ساده‌یه، چونکه له خوله‌کانى دیکه‌ى دیاریکردنى سه‌رۆک کۆمارى عێراقدا ئه‌و میکانزمه ئه‌نجام دراوه. له خولى پێشوو ته‌نیا له نێوان دوو کاندید که له براده‌رانى یه‌کێتى بوون کێشه دروست بوو، به ده‌نگدان له‌ناو فراکسیۆنه کوردستانییه‌کاندا یه‌کلا کرایه‌وه، ئه‌وه‌ى که زۆر جێگه‌ى نیگه‌رانییه بۆ ئێمه، ئه‌مه دهستپێکردنێکى ترسناکه و مهترسییهکهیشى له‌وه‌دایه که له ده‌ره‌وه‌ى خواست و ئیراده‌ى کوردستان و هێزه سیاسییه‌کانى کوردستان، خه‌ڵکى دیکه ده‌نگى بۆ داوه. ئه‌مه‌یه جێى نیگه‌رانیى ئێمه، ئه‌گه‌رنا پۆستى چى و حاڵى چی، له‌گه‌ڵ ڕێزم بۆ ئه‌و شوێنه، ئێمه که‌ى گرنگى به‌و پۆسته ده‌ده‌ین. هه‌روه‌ک خۆت گوتت نوکته‌ى له‌سه‌ره، ئێمه میکانزمان داناوه بۆ ئه‌و کاره و داوامان کردووه ئه‌گه‌ر ئه‌مه کێشه‌یه له نێوان هێزه سیاسییه‌کانى کوردستان، با فراکسیۆنه کوردستانییه‌کان دابنیشن و یه‌کێک هه‌ڵبژێرن و ئه‌مه ڕێگه‌ى دروست بوو".
له به‌رده‌وامیى وه‌ڵامى ئه‌م پرسیاره‌دا، سه‌رۆک وه‌زیران ئاشکراى کرد "بیننه به‌ر چاوى خۆتان چوار ساڵى دیکه، یان هه‌شت ساڵى دیکه که‌سێکى دیکه‌ى کورد له ده‌ره‌وه‌ى وڵات خۆى بۆ پۆستى سه‌رۆک کۆمارى هه‌ڵده‌بژێرێت که هیچ پهیوهندییهکیشى به هه‌رێمى کوردستانه‌وه نییه. ئه‌مه‌ى که براده‌رانى یه‌کێتى ئه‌نجامیان دا، بۆ ئاینده‌ى دۆخى کوردستان مه‌ترسیداره، نه‌ک بۆ ئه‌وه‌ى که پارتى داواى پۆستى کردبێت. با من ڕوونتر قسه بکه‌م، ئه‌گه‌ر ئێمه داواى پۆستمان بکردبا هه‌رچى لایه‌نى سیاسى هه‌یه له عێراق به وڵاتانیشه‌وه داوایان ده‌کرد من خۆم هه‌ڵبژێرم و هیچ مونافه‌سه‌ش نه‌ده‌بوو و بێ کێشه ده‌رده‌چووم و هه‌مووشیان داوایان کردووه که من خۆم بۆ ئه‌م پۆسته کاندید بکه‌م. نه‌مانکردووه چونکه بابه‌ته‌که شه‌خسى نییه و مه‌سه‌له من نیم. ئێمه کرۆکى مه‌سه‌له‌که‌مان پێ دروست نییه، شێوه‌ى هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆک کۆمارمان پێ هه‌ڵه‌یه، له ده‌ره‌وه‌ى ئیراده و خواستى کوردى خه‌ڵکێک بێن و ده‌نگ به سه‌رۆک کۆمار بده‌ن. شیعه‌کان توانیان بۆخۆیان یه‌کلا بکه‌نه و کاندیدێکیان هه‌بوو، ئێمه‌ش پێمان ناشرین بوو به دوو کاندید هه‌ڵبژاردن بکرێت. له‌لایه‌کى دیکه‌وه ئێمه له‌گه‌ڵ براده‌رانى یه‌کێتى به‌رده‌وام له قسه‌کردندا بووین بۆ ئه‌وه‌ى یه‌ک کاندید ده‌ستنیشان بکه‌ین، هه‌موو نه‌رمییه‌کمان بۆ براده‌رانى یه‌کێتى نیشان دا و هه‌رچى ویستیان گوتمان ئێمه ڕازین، ته‌نیا به مه‌رجێک به یه‌ک کاندیده‌وه بچینه ناو هۆڵى په‌رله‌مان. له کۆتاییدا خۆیان هاتنه سه‌ر ئه‌وه‌ى که داوایان له ئێمه کرد هه‌ندێک له پۆسته‌کانى هه‌رێمى کوردستانیشیان بده‌ینێ، له‌سه‌ر ئه‌ویش ڕ‌ازى بوون ته‌نیا له‌پێناو ئه‌وه‌ى یه‌کڕیزییه‌که تێکنه‌چێت و نه‌چێته ناو ئه‌وه‌ى که کێ ده‌نگى زۆرتره و کێ ده‌نگى که‌متره، چونکه به بڕواى ئێمه ئه‌مه له قازانجى هه‌رێمى کوردستاندا نییه. جارێکی دیکه ده‌یڵێم که نیگه‌رانیى ئێمه لێره‌وه ده‌ستپێده‌کات نه‌ک له‌وه‌ى که‌سێک بۆته سه‌رۆک کۆمار. بابه‌ته‌که ئه‌وه نییه پارتى له به‌رامبه‌ر یه‌کێتى شکستى هێناوه، به‌ڵکو هه‌موو گه‌لى کوردستان به‌و کاره‌ى که تاکڕه‌وانه ئه‌نجام درا زیانى به‌رکه‌وت و زۆر به‌داخه‌وه من پێموایه ئه‌مه زۆر خراپ ده‌بێت و دهستپێکردنێکى باشیش نابێت بۆ کوردستان".
سه‌باره‌ت به کاریگه‌ریى پرسى پۆستى سه‌رۆک کۆمارى عێراق له‌سه‌ر هه‌رێمى کوردستان به‌تایبه‌تى ئه‌گه‌رى دروستبوونى دوو ئیداره‌یی، سه‌رۆک وه‌زیران ئاشکراى کرد "که‌س له هه‌رێمى کوردستان باسى دوو ئیداره‌یى ناکات، ئێمه قه‌واره‌یه‌کى ده‌ستووریمان هه‌یه که پێى ده‌ڵێن هه‌رێمى کوردستان و له‌و قه‌واره ده‌ستوورییه‌ى که ئێمه هه‌مانه به‌رده‌وام ده‌بین، له‌وانه‌یه شته‌کان وه‌ک پێشوو نه‌بن، ئه‌گه‌ر سه‌یرى بکه‌ین هه‌موو ئه‌و قۆناغانه‌ى ئێمه وه‌کو پارتى ده‌بوایه بڕیارى تێدا بده‌ین، هه‌میشه له‌گه‌ڵ یه‌کێتى به هاوبه‌شى بڕیارمان له‌سه‌ر شته‌کان داوه، په‌نجا به په‌نجا نه‌بووین، به‌ڵام قبووڵمان کردووه که په‌نجا به په‌نجا بین و له هه‌ڵبژاردنه‌کانى هه‌رێمى کوردستان به‌یه‌که‌وه حکوومه‌تمان پێکهێناوه، له کاتێکدا کورسییه‌کانیان له پارتى که‌متر بوو و هه‌میشه ئێمه وه‌ک یه‌ک سه‌یرى پرسه‌کانمان کردووه. ئێستا وا پێده‌چێت براده‌رانى یه‌کێتى به‌ره‌و زۆرینه و که‌مینه برۆن، بێگومان له‌مباره‌یه‌وه پارتیش پێداچوونه‌وه به حساباتى خۆیدا ده‌کات و له‌سه‌ر بنه‌مایه‌کى نوێ مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ یه‌کێتیدا ده‌کات، به‌ڵام بابه‌تى دوو ئیداره‌یى نییه".
دواتر له وه‌ڵامى پرسیارێکدا ده‌رباره‌ى ناوه‌رۆک و مه‌رجه‌کانى پارتى و یه‌کێتى له‌سه‌ر پۆستى سه‌رۆک کۆمار و داواى ئه‌مه‌ریکا بۆ پێکهێنانى کابینه‌ى نوێى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان و میکانزمى پێکهێنانى حکوومه‌ت، ووتى "ئه‌وله‌ویه‌تى کارى ئێمه ئه‌وه بوو که به یه‌ک کاندیده‌وه بچینه ناو هۆڵى په‌رله‌مانى عێراق، نه‌ک له‌به‌رده‌م په‌رله‌مانتاره‌کانى لایه‌نه‌کانى دیکه ئێمه ئه‌و شه‌ڕه بکه‌ین، ئه‌وه بۆچوونى ئێمه بوو وه‌ک پارتی، ئێمه پێمانگوتن که ئێوه ده‌توانن جێگرى سه‌رۆک وه‌زیران له به‌غدا و وه‌زاره‌تێکى سیادى و هه‌رچى ئه‌وانه‌ى که ده‌تانه‌وێ هه‌ڵیگرن به‌رامبه‌ر به‌وه‌ى که دوازده ساڵه ئه‌م پۆسته له ده‌ست یه‌کێتییه، با ئه‌م چوار ساڵه له ده‌ست پارتى بێت، مه‌به‌ستى ئێمه‌ش به‌رگریکردن بووه له مافه‌کانى هه‌رێمى کوردستان و بۆ پۆست نه‌بووه و بۆ ئه‌وه هه‌وڵمان داوه. ئه‌وان له ئه‌نجامدا پێشنیارێکیان خسه ڕوو و گوتیان ئه‌گه‌ر ئێوه قبووڵى بکه‌ن له هه‌رێمى کوردستاندا نه‌رمیى زیاتر بنوێنین له بابه‌تى پۆست‌دا، ئێمه پێمانگوتن که ڕازین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش و پێشمان گوتن ئاماده‌ین ئیمزاى بکه‌ین له هه‌رێمى کوردستان. ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر پرسى سه‌رۆکایه‌تى و سه‌رۆکایه‌تیى حکوومه‌تیش باسمان کرد و پێمانگوتن که یه‌کڕیزیى گه‌لى کوردستان بۆ ئێمه له پۆست و پایه زۆر گرنگترن و یه‌کێتى هێزێکى سه‌ره‌کییه و ده‌مانه‌وێ مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵ بکه‌ین و نامانه‌وێ نێوانمان تێک بچێت".
هه‌ر له‌مباره‌یه‌وه ڕایگه‌یاند "مه‌سه‌له‌که ئه‌وه نییه که یه‌کێتى سه‌رکه‌وت و پارتى شکستى هێنا، به هیچ شێوه‌یه‌ک وا نییه. هێزى ئێمه له‌و دهنگانهوهیه ئه‌وانه‌ى له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا به پارتى دراوه. هێزى ئێمه ئه‌و پۆسته نییه که هیچ ده‌سه‌ڵاتێکى نییه له به‌غدا و له‌وێ دانراوه. هێزى ئێمه لێره‌یه، سه‌نگى پارتیش هه‌ر لێره‌یه نه‌ک له‌وه‌ى ئاهه‌نگ بگێڕین کێ له‌وێ ده‌بێته سه‌رۆک کۆمار یان نا. بۆ ئێمه ئه‌و پۆسته هیچ به‌هایه‌کى نییه، ئه‌وه‌ى بۆ ئێمه گرنگ بوو ئه‌وه‌یه ئه‌و یه‌کڕیزییه تێک نه‌چێت که به‌داخه‌وه تێکیان دا. هه‌موو نه‌رمییه‌کمان بۆ نواندن و پێمان گوتن هه‌موو پۆست و پایه‌یه‌کى ئه‌وێ با بۆ ئێوه بێت و له کوردستانیش ئاماده‌ین هه‌رچى ده‌تانه‌وێ بتانده‌ینێ ته‌نیا یه‌کڕیزیى تێک نه‌ده‌ن، به‌ڵام هه‌ر تێکیان دا و هه‌ڵوێستى ئێمه‌ش له به‌یاننامه‌ى مه‌کته‌بى سیاسی‌دا هاتووه و ڕوونه که چییه. سه‌باره‌ت به هه‌ڵبژاردنه‌کان که چ لایه‌نێک به‌شدارى ده‌کات، ئێمه جارێ چاوه‌ڕێى ئه‌وه‌ین ئه‌نجامى فه‌رمیى هه‌ڵبژاردن له‌لایه‌ن کۆمسیۆنى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌کانه‌وه ڕابگه‌یه‌نرێت، دواتر ده‌که‌وینه دانوستان بۆ پێکهێنانى کابینه‌ى نوێى حکوومه‌تى داهاتووى هه‌رێمى کوردستان و بێگومان ده‌مانه‌وێ به زووترین کات ئه‌و حکوومه‌ته پێکبهێنرێت".
سه‌باره‌ت به کاریگه‌ریى ڕیفراندۆم له‌سه‌ر هه‌ڵنه‌بژاردنى د. فوئاد حسێن له‌لایه‌ن لایه‌نه عه‌ره‌به‌کانه‌وه بۆ پۆستى سه‌رۆک کۆمارى و ئه‌گه‌رى پێکهێنانى کابینه‌ى نوێى حکوومه‌تى هه‌ێمى کوردستان له‌لایه‌ن پارتییه‌وه بێى به‌شداریى یه‌کێتی، ڕایگه‌یاند "به‌غدا پایته‌ختى عێراقه و زۆر به جددى به‌شدارین و لایه‌نێکى سه‌ره‌کین له پرۆسه‌ى سیاسى له عێراقدا وه‌ک پارتی، ئه‌مه ڕوونه. ئێمه هه‌میشه به براده‌رانى یه‌کێتیمان گوتووه که ئه‌وان هاوبه‌شى ئێمه‌ن له حکوومه‌تدا، ئێستا ئه‌وان خۆیان ڕێگه‌یه‌کى دیکه‌یان هه‌ڵبژاردووه و ئه‌م ڕێگه‌یه‌ش له‌سه‌ر ئیستحقاقى هه‌ڵبژاردن و زۆرینه و که‌مینه و ده‌نگدان بووه و له‌سه‌ر بنه‌ماى ته‌وافق نه‌بووه، بێگومان ده‌بێت ئه‌و مافه‌ش به هێزى یه‌که‌مى هه‌رێمى کوردستان بدرێت له پێکهێنانى حکوومه‌تدا و له‌وانه‌یه به‌و میکانزمه‌ى پێشتر حکوومه‌ت دروست ده‌کرا، ئێستا به میکانزمێکى دیکه حکوومه‌ت پێکبهێنرێت. هیچ کاتێک باوه‌ێ ناکه‌م به‌غدا بیه‌وێت پارتى سزا بدات له‌سه‌ر پرسى ڕیفراندۆم و وه‌ک پارتى زۆر باجمان داوه له پرسى به‌رگریکردن له پرسى کورد و به‌رده‌وامیش ده‌بین له‌سه‌ر ئه‌و ڕێچکه‌یه‌ى خۆمان. به‌ڵام ئه‌گه‌ر پرسیاره‌که ئه‌وه‌یه که به‌غدا لایه‌نێکى هه‌ڵبژاردووه؟ باوه‌ێ ناکه‌م، چونکه به‌غدا زۆر باش ده‌زانێت بڕیارى سیاسى له هه‌رێمى کوردستان له کوێیه؟ به‌غدا زۆر ڕوون ئه‌وه تێده‌گات، دڵیان له‌گه‌ڵ هه‌رلایه‌ک بێت، مێشکیان له هه‌ولێره و له‌وه تێده‌گه‌ن و ده‌شزانن بڕیارى سیاسى له کوێیه؟ باوه‌ێ ناکه‌م نه‌زانن".
سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان له کۆنگره ڕۆژنامه‌وانییه‌که‌یدا باسى له میکانیزمى پێکهێنانى کابینه‌ى نوێى حکوومه‌تى هه‌ریمى کوردستان کرد و به‌ستییه‌وه به ڕاگه‌یاندنى فه‌رمیى ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى کوردستان و گوتى "دواتر له چوارچێوه‌ى یاسادا به‌و شێوه‌یه که لایه‌نى براوه‌ى یه‌که‌م ڕاده‌سپێردرێت بۆ پێکهێنانى حکوومه‌ت، ئێمه‌ش له سه‌ر ئه‌و پێشهاتانه‌ى که ئێستا هه‌یه، بڕیار ده‌ده‌ین. ئه‌وه‌ى که ڕوویدا کاریگه‌رى له‌سه‌ر هه‌رێم ده‌کات. وا نییه که بڵێن به که‌یفى خۆمان له به‌غدا وا ده‌که‌ین و له هه‌رێم وا ده‌که‌ین، بۆیه ئێمه پێداچوونه‌وه‌ى بۆ ده‌که‌ین و ناکرێت ڕێک وا ڕه‌فتار بکه‌ین وه‌ک ئه‌وه‌ى پێشتر کردوومانه. بۆیه به‌ڵنیاییه‌وه به شێوه‌یه‌کى دیکه ده‌بێت. به‌ڵام چۆن ده‌بێت، ئه‌وه ده‌که‌وێته دواى ڕاگه‌یاندنى ئه‌نجامه‌کانى هه‌ڵبژاردن."
نیگه‌رانى له تێکچوونى بارودۆخى ئه‌منى له شارى که‌رکوک ڕاگه‌یاند و لایه‌نى ئه‌نجامده‌رى ١٦ى ئۆکتۆبه‌رى به وه‌ڵامده‌رى ئه‌و بارودۆخه‌ى که‌رکوک زانی. سه‌باره‌ت به پڕۆژه‌ى حکوومه‌تیش بۆ چاکسازیى ئیدارى که درایه خولى چواره‌مى په‌رله‌مانى کوردستان، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى گوتى "با په‌رله‌مانى نوێ ده‌ست به کاره‌کانى بکات و ئێمه پشتیوانى له هه‌ر پرۆسه‌یه‌کى چاکسازى ده‌که‌ین و ده‌مانه‌وێ ئه‌و پڕۆژه‌یه وه‌ک هه‌موو پڕۆژه‌کانى دیکه له چوارچێوه‌ى چاکسازیدا بێت و بێگومان هه‌وڵى بۆ ده‌ده‌ین."
هه‌ر ده‌رباره‌ى پێکهاته‌ى کابینه‌ى داهاتووى حکوومه‌تى هه‌رێم و پۆستى سه‌رۆکایه‌تیى هه‌رێم، باسى له‌وه کرد که "هێشتا ئه‌نجامه‌کان ڕانه‌گه‌یه‌ندراوه، دواتر که‌س تا ئێستا ڕانه‌سپێردراوه بۆ پێکهێنانى حکوومه‌ت، بۆیه هێشتا کات ماوه."
له‌سه‌ر ڕێککه‌وتنى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا بۆ ڕه‌وانه‌کردنى بڕى ٣١٧ ملیار دینار بۆ هه‌رێم له به‌غداوه، به‌ڕێز سه‌رۆک وه‌زیران ڕایگه‌یاند "تا ئێستا ئه‌و ڕێککه‌وتنه به‌رده‌وامه و هیوادارین به‌رده‌وام بێت".
نێچیرڤان بارزانى وه‌ک جێگرى سه‌رۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان، هه‌ڵوێستى مه‌کته‌بى سیاسیى حزبه‌که‌ى له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆک کۆمارى عێراق دووپات کرده‌وه و گوتى "له‌گه‌ڵ ئه‌و میکانیزمه نین که بووه هۆکارى هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆک کۆمار، له‌گه‌ڵ ڕێزمان هه‌ر که‌سێک بێت. ئێمه پێمان وابوو به‌و میکانیزمه نه‌ده‌بوایه دکتۆر به‌رهه‌میش قبووڵى بکات و بچێته ناو ئه‌و کێبڕکێیه و به‌و شێوه‌یه هه‌ڵبژێردرێت. پێمان وابوو نه براده‌رانى یه‌کێتى ده‌بوایه ئه‌وه بکه‌ن و نه کاک به‌رهه‌میش ده‌بوایه ئه‌و میکانیزمه قبووڵ بکات، چونکه ئه‌و میکانیزمه له ده‌ره‌وه‌ى ئیراده‌ى خه‌ڵکى کوردستان بوو، بۆیه داکۆکیى ئێمه له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌یه، له‌سه‌ر ئه‌وه نییه کێ سه‌رۆک کۆماره و کێ سه‌رۆک کۆمار نییه. هه‌موومان ده‌زانین کاک به‌رهه‌م گه‌ڕایه‌وه ناو یه‌کێتى بۆ ئه‌وه‌ى کاندید بکرێت بۆ ئه‌و پۆسته و هه‌موو ئه‌وه ده‌زانن. کاتى خۆى له ناو ئه‌و حزبه بوو، دوایى حزبێکى دیکه‌ى دروست کرد. نه بۆ حزبى یه‌که‌مى وه‌فادارى هه‌بوو، نه بۆ هاوپه‌یمانى هه‌یبوو، هیوادارین بۆ کوردستان هه‌یبێت".
نێچیرڤان بارزانى له‌باره‌ى دانوستانه‌کانیان له به‌غدا له‌گه‌ڵ یه‌کێتى بۆ هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆک کۆمار باسى له‌وه کرد که "له‌گه‌ڵ یه‌کێتى له دانوستان بووین و هه‌موو لایه‌کمان خۆشحاڵ بووین له‌وه‌ى که گه‌یشتووینه‌ته ڕێککه‌وتن. پێشنیارى یه‌کێتى ئه‌وه بوو که ته‌نیا ڕێگه‌ى قبوڵکردنى ئێمه ئه‌وه‌یه که له کوردستان له‌سه‌ر پۆسته‌کانى حکوومه‌ت نه‌رمى هه‌بێ و ئێمه‌ش قبووڵمان کرد و گوتمان چیتان ده‌وێ ئاماده‌ین. ڕ‌ازى بووین ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ى یه‌کڕیزییه‌که تێکنه‌چێت، زۆریش خۆشحاڵ بووین به ڕێککه‌وتنه‌که، به‌ڵام ئه‌وان به شێوه‌یه‌کى دیکه کردیان. ئێمه له شاشه‌ى ته‌له‌ڤزیۆن بینیمان که ده‌نگدان ده‌ستى پێکردووه، چونکه ڕێککه‌وتنى ئێمه به شێوه‌یه‌ک بوو که به یه‌ک کاندید بڕۆین بۆ ناو هه‌ڵبژاردن و خه‌ڵکى دیکه‌ش له نێوانماندا هه‌بوون و خۆشحاڵ بووین له‌وه‌ى که ئه‌و ڕێککه‌وتنه‌مان کردووه له‌پێناو یه‌کڕیزیى کورد و هه‌مووشیان زۆر زۆر سوپاسى ئێمه‌یان کرد بۆ ئه‌و هه‌موو نه‌رمى نواندنهى پیشانمان دا بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و یه‌کڕێزییه تێکنه‌چێت، هه‌م له به‌غدا و هه‌م له هه‌رێمى کوردستانیش ڕه‌زامه‌ندیمان نیشان دابوو له‌گه‌ڵیان و ڕێککه‌وتبووین، به‌ڵام دوایى نازانم چۆن به شێوه‌یه‌کى دیکه بردیان."
ده‌رباره‌ى ئه‌گه‌رى ڕه‌تکردنه‌وه‌ى ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنه‌کانى په‌رله‌مانى کوردستان له‌لایه‌ن هه‌ندێ حزبى کوردستانه‌وه، سه‌رۆک وه‌زیران ڕایگه‌یاند که گوێیان لێ نه‌بووه لایه‌نه‌کانى دیکه ڕهتیانکردبێتهوه، چونکه ئه‌وه پرسێکه ده‌بێ کۆمسیۆن وه‌ڵامده‌ر بێت. گوتى "ئه‌وه‌نده‌ى ئاگادارم پڕۆسه‌که به باشى به‌ڕێوه چووه و کۆمسیۆن خه‌ریکن له ماوه‌یه‌کى نزیکدا هه‌ندێ له ئه‌نجامه‌کان ڕابگه‌یه‌نن".
سه‌باره‌ت به هه‌ڵوێستیان له‌سه‌ر کاندیدکردنى د. عادل عه‌بدولمه‌هدى بۆ پێکهێنانى کابینه‌ى نوێى حکوومه‌تى عێراق، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان ڕایگه‌یاند "هه‌م وه‌کوو پارتى و به شێوه‌یه‌کى فه‌رمیش پیرۆزباییمان له د. عادل عه‌بدولمه‌هدى کردووه، بێگومان د. عادل عه‌بدولمه‌هدى شایسته‌ى ئه‌وه‌یه که ئه‌و پۆسته وه‌ربگرێت. لێره‌وه پیرۆزبایى له جه‌نابى ده‌که‌ین و خۆشحاڵین. ده‌یناسین و مێژوویه‌کى دوور و درێژمان پێکه‌وه هه‌یه و پێمان وایه به هه‌موو پێوه‌رێک د. عادل عه‌بدولمه‌هدى شایسته‌ى ئه‌وه‌یه که هه‌موو لایه‌ک له عێراق نه‌ک ته‌نیا کورد، هه‌موو لایه‌نه سیاسییه‌کان پشتگیرى بکه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى له‌و ئه‌رکه‌یدا سه‌رکه‌وتوو بێت و ئێمه‌ش هیواى سه‌رکه‌وتنى بۆ ده‌خوازین و پێم گوتووه که هه‌موو پشتیوانییه‌کى ئێمه‌ى هه‌یه بۆ ئه‌و پرسه."
له‌سه‌ر چۆنیه‌تیى مامه‌ڵه‌ى پارتى له‌گه‌ڵ یه‌کێتى له‌سه‌ر پێکهێنانى کابینه‌ى نوێى حکوومه‌تى هه‌رێم. نێچیرڤان بارزانى ئه‌وه دووپات کرده‌وه که "براده‌رانى یه‌کێتى ئه‌م ڕێگه‌یه‌یان هه‌ڵبژاردووه، ئێمه له هه‌موو وێستگه‌کانى پێشتر یه‌کێتیمان وه‌کوو هاوبه‌شى خۆمان حیساب کردووه. ئێمه له په‌رله‌مانى پێشوو ٣٨ کورسیمان هه‌بوو و یه‌کێتى چه‌ند کورسییان هه‌بوو، که‌چى ئێمه پێنج وه‌زاره‌تمان هه‌بوو، ئه‌وانیش پێنج وه‌زاره‌ت. واته هه‌میشه مامه‌ڵه‌ى ئێمه له‌گه‌ڵ یه‌کێتى به‌و شێوه‌یه نه‌بووه که چه‌ند کورسییان هه‌بووه، هه‌میشه به‌و شیوه‌یه بووه که یه‌کێتى به‌لاى ئێمه‌وه هێزێکى سه‌ره‌کییه و هاوبه‌شى یه‌کترین و پێکه‌وه ئه‌م وڵاته‌مان به‌ڕێوه بردووه تا ئێستا. بۆیه ئه‌مڕۆ یه‌کێتى ڕێگه‌ى دیکه‌ى هه‌ڵبژارد و به‌ره‌و سازان و ڕێککه‌وتن نه‌ڕۆیشت، یه‌کێتى به‌ره‌و ئه‌وه چوو که من ده‌نگم هه‌یه و ئیراده‌ى خۆم فه‌رز ده‌که‌م له‌سه‌ر ئه‌م ده‌نگانه، که‌واته ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ش ده‌بێ به لایه‌نى دیکه‌یش بدرێت بڵێ منیش ئه‌وه‌نده کورسیى زیاده‌م هه‌یه له‌سه‌ر بنه‌ماى کورسییه‌کان مامه‌ڵه ده‌که‌ین و ئه‌وه بۆچوونیکه ده‌بێ ئه‌وانیش له ئێمه‌ى قبووڵ بکه‌ن له هه‌رێمى کوردستان. دواى ئه‌وه‌ى ئه‌و هه‌موو نه‌رمى نواندنه‌ش که نیشانمان دا و ئه‌و هه‌موو سازشهمان بۆ کرد، سروشتییه که ده‌بێت ئه‌و ڕێکاره‌ش قبووڵ بکه‌ن. پێم وایه بڕیارى خۆیان داوه که پێیان سروشتییه و ده‌بێ قبووڵى بکه‌ن."
ده‌رباره‌ى مووچه‌ش ووتى "ئێستا له کوردستان چه‌ندین مانگه مووچه‌کان له کاتى خۆیدا ده‌درێت، ئه‌و کاتانه‌ى که ئێمه کێشه‌ى گه‌وره‌مان هه‌بوو، به به‌راورد له‌گه‌ڵ ئه‌م کاته، ئێستا دۆخى کوردستان باشتره، به‌و مانایه‌ش نییه که هیچ کێشه‌یه‌ک نه‌ماوه، ئێمه هه‌میشه به‌راورد ده‌که‌ین دواى ئه‌و قه‌یرانه سه‌ختانه‌ى که چه‌ند ساڵه به‌رۆکى هه‌رێمى کوردستانى گرتووه. من ئه‌و ده‌سته‌واژه‌یه به‌کار دێنم که له ناو تونێلیکى تاریک‌دا بووین و ئێستا ڕووناکیمان لێ دیاره." بۆیه به‌ڕێزیان هیواى خواست له ماوه‌یه‌کى نزیکدا بتوانن به ته‌واوى له‌و تونێله ده‌ربچن و هه‌م مووچه و هه‌م ژیانى خه‌ڵکیش به‌ره‌و ئاسۆیه‌کى باشتر ببرێت.
سه‌باره‌ت به چۆنیه‌تیى به‌شداریى لایه‌نه‌کان له پێکهێنانى حکوومه‌تى عێراق و گه‌ره‌نتى له‌و باره‌یه‌وه، ئه‌وه ڕایگه‌یاند "هیچ گه‌ره‌نتییه‌ک نییه بۆ هیچ شتێک، چونکه ئه‌م وڵاته وایه. ده‌بێ هه‌وڵى خۆت بده‌ی. پێم وایه له ٢٠٠٣ه‌وه تا ئێستا ماوه‌یه‌کى زۆر باشه بۆ به‌غدا و کوردستان پێداچوونه‌وه به شته‌کانى خۆیاندا بکه‌ن. ئه‌مڕۆ ده‌رفه‌تێک بۆ به‌غدا و هه‌رێمى کوردستان هاتووه‌ته پێش که له‌سه‌ر بنه‌مایه‌کى نوێ و دوور له‌وه‌ى کێ به‌هێزه و کێ لاوازه و کێ چى هه‌یه و کێ کێى له‌گه‌ڵه، له‌سه‌ر بنه‌مایه‌کى نوێ و ده‌ستوورى عێراق ئێمه ئه‌و ده‌رفه‌ته‌مان بۆ هاتووه‌ته پێش و ئه‌زموونیش وه‌ربگرین له‌و هه‌ڵانه‌ى که پێشتر کراون و هه‌ردوولامان به‌ره‌و داهاتوویه‌کى گه‌شتر هه‌م بۆ عێراق هه‌نگاو بنێین و هه‌م بۆ هه‌رێمى کوردستانیش له چوارچێوه‌ى عێراقدا، که من پێم وایه بۆ هه‌ر شتێک هاوبه‌شى ستراتیژیى ئێمه له هه‌رێمى کوردستان به‌غدایه و هیچ شتێک نه‌گۆڕاوه و پێش ڕیفراندۆمیش ئه‌و بۆچوونه‌مان هه‌بوو، ئێستاش ئه‌و ڕایه‌مان هه‌یه و له داهاتووش ئه‌و بۆچوونه‌مان ده‌بێت. هیوادارم ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ش له به‌غدا بکرێت و بگه‌ین به چاره‌سه‌رێکى گونجاو."