Error: No articles to display

به‌رێز محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود : هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مان ده‌ریده‌خات که‌نه‌خشه‌ى سیاسى هه‌رێم گۆڕانى به‌سه‌ردا هاتووه‌

تشرینی یەکەم 09, 2018

جه‌ماوه‌رنیوز


به‌رێزمحه‌مه‌دى حاجى مه‌حموود ووتى : " ئه‌نجامى به‌رایى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى کوردستان ده‌ریده‌خات که‌ نه‌خشه‌ى سیاسى هه‌رێمى کوردستان گۆڕانى به‌سه‌ردا هاتووه‌ وپارتى یان یه‌کێتى ناتوانن به‌ ته‌نها حکوومه‌ت پێکبهێنن، چونکه‌ هه‌ر لایه‌ک بۆخۆى شوێنێکى هه‌یه‌ و هێزى سه‌ربازى و ئه‌منى هه‌یه‌".

به‌رێزمحه‌مه‌دى حاجى مه‌حموود له‌ لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسى ئانادۆڵ باس له‌ شێوازى به‌ڕێوه‌چوونى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى کوردستان و ده‌رئه‌نجامى به‌رایى هه‌ڵبژاردنه‌که‌، هه‌روه‌ها پێکهێنانى حکوومه‌تى نوێى هه‌رێمى کوردستان و ده‌سه‌ڵاتى لایه‌نى براوه‌ى یه‌که‌م بۆ پێکهێنانى حکوومه‌تى زۆرینه‌ ده‌کات.

حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان له‌ هه‌ڵبژاردنى ئه‌مجاره‌ى په‌رله‌مانى کوردستان له‌گه‌ڵ چه‌ند لایه‌نێکى دیکه‌له‌چوارچێوه‌ى لیستى سه‌رده‌م به‌شدارییان کردبوو، به‌پێى ده‌رئه‌نجامه‌ به‌راییه‌کان ئه‌و هاوپه‌یمانییه‌تییه‌ زیاتر له‌ 15 هه‌زار ده‌نگى به‌ده‌ستهێناوه‌ و کورسییه‌کى په‌رله‌مانى مسۆگه‌ر کردووه‌.

محه‌مه‌د حاجى مه‌حموود سه‌ره‌تا له‌ باره‌ى چۆنیه‌تى به‌ڕێوه‌چوونى پڕۆسه‌که‌ وتی: "له‌ هه‌ڵبژاردنى ئه‌مجاره‌دا ئومێدمان خواست که‌ هه‌ڵبژاردنێکى باشتر بکرێت له‌ژێر سایه‌ى کۆمیسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردن و راپرسى ئه‌و ساخته‌کارییه‌ى له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانى رابردوودا کراوه‌،نه‌کرێته‌وه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ له‌ هه‌ندێک شوێن له‌ 25% تا سه‌دا 35% ده‌نگ درابوو، له‌ دواى کاتژمێر دووى پاش نیوه‌ڕۆوه‌ رێژه‌که‌ کرایه‌ له‌ 56% و زیاتر، ئه‌وه‌ش شتێکى خراپ بوو ماناى وایه‌ واز له‌ ئه‌نجامدانى ساخته‌کارى ناهێنن".

ئه‌و وتی: "پڕۆسه‌ى هه‌ڵبژاردن بۆ ئه‌وه‌یه‌ هاووڵاتیان بچنه‌ سه‌ر سندووقه‌کانى ده‌نگدان و نوێنه‌رى خۆیان هه‌ڵبژێرن بۆ په‌رله‌مان، ئێستا ماوه‌ى دوو هه‌فته‌یه‌ سه‌رقاڵى ئه‌وه‌ن چۆن ده‌ستکارى ده‌نگه‌کان بکه‌ن و ده‌نگى ئه‌و لایه‌نانه‌ى ناڕازین بۆیان زیاد بکه‌ن و لایه‌نى تر که‌م بکه‌نه‌وه‌".

به‌رێز محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌کات که‌ ئه‌نجامى به‌رایى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى کوردستان ده‌ریده‌خات که‌ نه‌خشه‌ى سیاسى هه‌رێمى کوردستان گۆڕانى به‌سه‌ردا هاتووه‌، ئه‌و ووتی: "به‌پێى ئه‌نجامه‌ به‌راییه‌کانى کۆمیسیۆنى هه‌ڵبژاردن، نه‌خشه‌ى سیاسى و قه‌باره‌ى لایه‌نه‌کان له‌ په‌رله‌مان تێکچووه‌ و وه‌ک پێشتر نه‌ماوه‌، لایه‌نه‌کان به‌شێکیان له‌ 60% و به‌شێکى دیکه‌یان 50% ده‌نگه‌کانیان که‌مى کردووه‌، په‌رله‌مانى ئه‌مجاره‌ وه‌ک پێشتر نابێت، به‌ڵام له‌ هه‌موو حاڵه‌تێکدا پێویسته‌ لایه‌نه‌کان پێکه‌وه‌ کار بکه‌ن به‌تایبه‌ت له‌ پێکهێنانى حکوومه‌تدا، چونکه‌ له‌م وڵاته‌دا هه‌ر لایه‌ک بۆخۆى شوێنێکى هه‌یه‌ و هێزى سه‌ربازى و ئه‌منى هه‌یه‌ و ره‌نگه‌ ئه‌گه‌ر له‌ حکوومه‌ت هه‌موو پێکه‌وه‌ نه‌بن کارێکى ئاسان نه‌بێت به‌ته‌نها لایه‌نێک به‌ڕێوه‌ بچێت".

هه‌روه‌ها ووتیشی: "په‌رله‌مان ده‌کرێت هه‌موو حزبه‌کانى تێدا بێت، به‌ڵام حکوومه‌ت ئه‌رکى جێبه‌جێکردنى هه‌یه‌ و به‌و عه‌قڵیه‌ته‌ ناکرێت، هه‌رکه‌س له‌ حکوومه‌ت بێت پێویسته‌ به‌جددى له‌ حکوومه‌ت بێت نه‌وه‌ک پێیه‌کى له‌ناو حکوومه‌ت و پێیه‌کى له‌ناو ئۆپۆزسیۆن بێت و، پێش چه‌ند مانگێک له‌ هه‌ڵبژاردن له‌ ترسى ده‌نگى هاووڵاتیان حکوومه‌ت به‌جێبهێڵیت، ناکرێت بۆ چه‌ند ساڵ له‌ حکوومه‌ت بیت و له‌ خێر و بێره‌که‌ى بخۆیت به‌ڵام که‌ نزیکى هه‌ڵبژاردن بوویه‌وه‌ بیکه‌یته‌ هه‌را و، پاشه‌کشه‌ بکه‌یت، ئه‌وکات خه‌ڵک باوه‌ێ‌ به‌وه‌ ناکه‌ن".

محه‌مه‌دى حاجى مه‌حموود که‌ ئه‌زموون و خه‌باتى ده‌یان ساڵى پێشمه‌رگایه‌تى و سیاسى هه‌یه‌ له‌ هه‌رێمى کوردستان و پێشتر په‌رله‌مانتار و له‌ نێو حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستانیشدا پۆستى وه‌زیرى هه‌بووه‌، جه‌ختى کرده‌وه‌ له‌وه‌ى پێکهێنانى حکوومه‌ت ته‌نها به‌ پارتى دیموکراتى کوردستان یان یه‌کێتیى نیشتمانى کوردستان ناکرێت که‌ براوه‌ى یه‌که‌م و دووه‌مى هه‌ڵبژاردنه‌که‌ن، له‌و باره‌یه‌وه‌ ووتی: "پێکهێنانى حکوومه‌ت به‌ ته‌نها به‌ پارتى دیموکراتى کوردستان یان یه‌کێتیى نیشتمانى کوردستان ناکرێت، پێویسته‌ پێکه‌وه‌ بن بۆ پێکهێنانى حکوومه‌ت و ئه‌وکات ده‌توانن لایه‌نى دیکه‌ش به‌شدارى پێبکه‌ن له‌گه‌ڵ خۆیاندا".

محه‌مه‌دى حاجى مه‌حموود باسى له‌وه‌ش کرد، له‌ماوه‌ى چه‌ند ساڵى رابردوودا ئه‌زموونى حکوومه‌تى بنکه‌ فراوان ئه‌زموونێکى سه‌رکه‌وتوو نه‌بووه‌ له‌ هه‌رێمى کوردستان و شکستى هێناوه‌.

وتیشى: "حکوومه‌ت و په‌رله‌مانى کوردستان له‌ خوولى چواره‌مدا نه‌ک نه‌یانتوانى خزمه‌تى خه‌ڵک بکه‌ن، به‌ڵکو بوون به‌ کێشه‌ بۆ خه‌ڵکی، ره‌نگه‌ هاووڵاتیان زیاتر به‌ده‌ست ئه‌ندامانى په‌رله‌مانه‌وه‌ گیریان خواردبێت، چونکه‌ ئه‌وان له‌ برى ده‌رکردنى یاسا و رێکخستنى هه‌رێمى کوردستان کێشه‌کانى په‌رله‌مانیان هێنابووه‌ سه‌ر شه‌قام و ناو خه‌ڵکه‌وه‌، ئه‌وان بۆ خۆیان باش بوون و ئاسوده‌ بوون، به‌ڵام بۆ خه‌ڵک بوونه‌ کێشه‌".