Error: No articles to display

پرۆژه‌ی هۆشیاری هاتوچۆ ڕاگه‌یه‌نرا

تشرینی یەکەم 18, 2018

جه‌ماوه‌رنیوز
بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی پرۆژەیەکی تایبەت بەهۆشیاری هاتووچۆ لەژێر دروشمی (ئامانجمان سزادانتان نیە پەرۆشی سەلامەتیتانین) ڕاگه‌یاند.
پرۆژه‌که‌ یەک مانگ بەردەوام دەبێت بۆ کەمردنەوەی ڕووداو‌و سەرپێچییەکانی هاتووچۆ.
کاروان محەمەد صدیق،وتەبێژی هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند، هاتووچۆی سلێمانی بۆ ماوەی یەک مانگ پرۆژەی هۆشیاری هاتووچۆ لەژێر دروشمی (ئامانجمان سزادانتان نیە پەرۆشی سەلامەتیتانین) ئەنجامدەدات کە لە بەرواری (18/10/2018 وە تا 18/11/2018) بەردەوامی دەبێت، ئامانجی پرۆژەکەش بریتیە لە کەمکردنەوە یاخود بنەبڕکردنی ژمارەیەک سەرپێچی زەقی هاتووچۆیی کە ڕەوشی هاتووچۆیان شێواندوە‌و لای بەشێک لەشۆفێران بووە بەدیاردە، هاوکات ئەو سەرپێچیانە کاریگەری نەرێنیان لەسەر ڕەوشی هاتووچۆ دروستکردوە‌و زۆرجار ڕوداوی جۆراوجۆری لێکەوتوەتەوە.
وتەبێژی هاتووچۆی سلێمانی ئاماژەی بەوەکرد، کە لەچوارچێوەی ئەم پرۆژەیەدا هۆشداری هاتووچۆیی دەدرێت بەشۆفێران بۆ دورکەوتنەوە لە پێشێلکردنی یاسا‌و ڕێنماییەکانی هاتووچۆ بەگشتیو زیاتریش هەڵمەتەکە لەسەر ئەم سەرپێچیانە چڕدەکرێتەوە:
1. بەکارهێنانی مۆبایل لەکاتی شۆفێریدا.
2. پەیڕەونەکردنی خێرایی ڕێگە پێدراو.
3. ڕاگرتنی ئۆتۆمبێل لەشوێنی قەدەغە.
4. پابەند نەبوونی بارهەڵگرەکان بەیاساو ڕێنماییەکانی هاتووچۆ.
5. نەبوونی مەرجەکانی توندوتۆڵیو پیسکردنی ژینگە.
6. پێشێلکردنی مافی پیادە.
7. شۆفێریکردن لەژێر کاریگەری مادەی هۆشبەر.
8. هەڵگرتنی تابلۆی ساختە.
9. بەکارنەهێنانی کڵاوی ماتۆرسکیل.
10. لێدانی گڵۆپی سور لە ترافیک لایتەکان.
11. بەکارنەهێنانی قایشی سەلامەتی.
ڕائیدکاروان محەمەد صدیق سەبارەت بە هەڵمەتی هۆشیاری هاتووچۆ ڕایگەیاند، بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی ئامانجی سزادانی شۆفێران نیە، بەڵکو پەرۆشی پاراستنی سەر‌و ماڵی هاوڵاتیان‌و کەمکردنەوەی ڕوداوەکان‌و قوربانیان‌و سەرپێچییەکانی هاتووچۆیە، هەروەها سەبارەت بەئامڕاز‌و میکانیزمی جێبەجێکردنی پرۆژەکە وتی: ئامڕازەکانی جێبەجێکردنی پرۆژەکە بریتین لە (ڕاگەیاندنی هاتووچۆ، ڕادیۆی ترافیک، هاتووچۆی ناوشار، هاتووچۆی قەزاری ناوەند، هاتووچۆی قەزاکان، ئەندازەی هاتووچۆ‌و کۆمەڵەو ڕێکخراوەکانی مەدەنی تایبەت بەبواری هاتووچۆ)، هەروەها میکانیزمی جێبەجێکردنی پرۆژەکە بریتییە لە چڕکردنەوەی بەرنامەکانی (شۆفێریو ترافیک) کە لەتەلەفزیۆنەکانەوە پەخش دەکرێن، پایەخدانی ڕادیۆی ترافیک بەپرۆژەکە لەڕێگەی ئەنجامدانی چەندین بەرنامە‌و دیدار لەگەڵ کەسایەتیو چالاکوانی بواری هاتووچۆ‌و شۆفێران‌و قوربانیانی ڕووداوەکانی هاتووچۆ، ئەویش بەمەبەستی پاڵپشتی کردن لەپرۆژەکە، ئەنجامدانی چەندین سیمینار‌و ۆرکشۆپی تایەبت بەپرۆژەکە.
وتەبێژی هاتووچۆی سلێمانی خەتی لەوەشکردەوە، بەهەماهەنگی لەنێوان بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانیو بەڕێوەبەرایەتی ئەوقاف‌و کاروباری ئاینی سلێمانی کۆبونەوەیەک لەگەڵ مامۆستایانی ئاینیو وتاربێژی ڕۆژانی هەینی سازبکرێت، بۆ ئەوەی وتاری هەینی تایبەت بکلرێت بە پیشێل نەکردنی یاسا‌و ڕێنماییەکانی هاتووچۆ، وتیشی، دوای تەواوبوونی ماوەی پرۆژەکە هەڵسەنگاندن دەکرێت بۆ کاریگەری هەڵمەتەکە لەسەر کەمکردنەوەی ئەو دیاردە زەقانەی ڕەوشی هاتووچۆ دەشێوێنن، هەروەها بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆ لێپرسینەوە لە سەرپێچیکاران چالاکتر دەکات.