Error: No articles to display

داوای قه‌ره‌بوو بۆ كارمه‌ندانی كۆمسیۆن ده‌كرێت

تشرینی دووەم 04, 2018

جه‌ماوه‌رنیوز
ئیسماعیل خورماڵی، بڕیارده‌ری ئه‌نجومه‌نی کۆمسیاران چه‌ند داواکاریه‌ک ئاراسته‌ی سه‌رۆک و ئه‌ندامانی کۆمسیاران ده‌کات داوا ده‌کات .
قەرەبووى ماددى و مەعنەوى بۆ ئەو کارمەندانەى کۆمسیۆن بکرێتەوە کە لەپێناو سەرخستن و پاکى پرۆسەکەدا قوربانیانداوە و توشى ئازار و ئەشکەنجە و سوکایەتى بوونەتەوە، لەهەندێ شوێن مۆبایل و کەرەستەکانیان زیانى بەرکەوتووە یان دزراون.

بریارده‌ری ئه‌نجومه‌نی کۆمسیاران ئاماژه‌ی به‌وه‌کردووه‌ لەڕۆژانى هەڵبژاردنى 28 و 30/9/2018 ژمارەیەکى زۆر سەرپێچى و لادان و کەمتەرخەمى ڕوویداوە لەزۆربەى بنکەکانى دەنگدان لەسەرتاسەرى هەرێمى کوردستان، هەروەها ژمارەیەکى زۆرى فەرمانبەرانى کۆمسیۆنیش تووشى هەڕەشە و لێدان و سوکایەتى بوونەتەوە، کە بەداخەوە لەهەندێ لەو شوێنانە فەرمانبەرانى کۆمسیۆنیش بەشێک بوون لەو پێشێلکارى و ئازاردانە بەڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ. بۆیە داوا دەکەم لە ئەنجومەنى کۆمسیاران وەک ئەرکێکى یاسایی و ئەخلاقى خۆى هەستێت بە:
1) تۆمارکردنى سکاڵا لەدادگاکان لەسەر ئەو کەس و لایەنانەى کە بەکارى گێرە شێوێنى و لادان و کەمتەرخەمى هەستاون بە فەرمانبەرانى کۆمسیۆنیشەوە.
2) هەروەک پێشتر بڕیاردرا بوو دۆسیە لە دادگاکان بکرێتەوە بۆ سەندنەوەى مافى ئەو کارمەندانەى کۆمسیۆن کە بەهەرشێوەیەک لەشێوەکان زیانیان بەرکەوتووە و ئازاردراون.
3) قەرەبووى ماددى و مەعنەوى بۆ ئەو کارمەندانەى کۆمسیۆن بکرێتەوە کە لەپێناو سەرخستن و پاکى پرۆسەکەدا قوربانیانداوە و توشى ئازار و ئەشکەنجە و سوکایەتى بوونەتەوە، لەهەندێ شوێن مۆبایل و کەرەستەکانیان زیانى بەرکەوتووە یان دزراون.
4) وەک کەمترین سزای سەرەتاییش هەموو ئەو کارمەندانەى کە بەشێک بوون لەو پێشێلکاریانە و هاوکار بوون بۆ ساختەکارى و لادان و کەمتەرخەم بوون، شایستە داراییەکانیان پێنەدرێت و بخرێنە لیستى ڕەشەوە بۆ ئەوەى لەداهاتوودا بەهیچ شێوەیەک نەبنەوە بەکارمەندى کۆمسیۆن.
ئەمەى سەرەوە کەمترین کارە کە ئەنجومەنى کۆمسیاران بڕیارى لەبارەوە بدات و جێبەجێى بکات. بەپێچەوانەوە هیچ متمانەیەک بەو کۆمسیۆنە نامێنێت کە نەتوانێت پابەند بێت بە بڕیارو پەیڕەو و ڕێکارەکانى خۆیەوە.
ئیسماعیل خورماڵی ئه‌وه‌ی خستۆته‌ڕوو ئەگەر کۆمسیۆنیش بەو ئەرکەى هەڵنەسا، جێگاى خۆیەتى کە ڕێکخراوەکانى بوارى هەڵبژاردن و مافى مرۆڤ کەمپین بۆ ئەم کارە پێکبهێنن و دەستەیەک لەیاساناسان و ڕۆژنامەنوسان تەرخان بکەن بۆ بەدواداچوونى ئەم کەیسانە و ئێمەش لاى خۆمانەوە پشتیوانیان لێدەکەین و هەموو زانیاریەکى پێویست دەخەینە بەردەستیان، بەتایبەت ئەو سکاڵایانەى کە لەو بارەیەوە بەردەستن.
لەکۆتاییدا: سەرەڕاى سەختى ڕێگاکە و نائومێدکردنى خەڵکى بە هەزاران شێواز، بەڵام ئەرکى کەسە دڵسۆزەکانە زیاتر لەخەمى داهاتووى ئەم هەرێمەدا بن و هەموو ڕێگایەک بگرنەبەر تا کارەکان بچنەوە سەر ڕێچکەى ئەسڵى خۆیان و کار بکەن بۆ ئەوەى نەوەکانى داهاتوو لەکەشێکى باشترى ئابورى و دیموکراسى و ئازادیدا بژین و لەمپەر و کۆسپەکانى ڕێگا کۆڵیان پێنەدات.