Error: No articles to display

پۆلیسی‌ سلێمانی‌ ده‌ستگیركردنی‌ باندێكی‌ دزیكردنی‌ گه‌وره‌ راده‌گه‌یه‌نێت

تشرینی دووەم 04, 2018

جه‌ماوه‌رنیوز‌
ئه‌مرۆ یه‌ک شه‌ممه‌ 4ی تشرینی دووه‌م به‌رێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی له‌کۆنگره‌یه‌کی رۆژنامه‌وانیدا ده‌ستگیرکردنی باندێکی دزیکردنی گه‌وره‌ی راگه‌یاند که‌ بڕی 600 هه‌زار دۆلاریان دزی بوو.
له‌کۆنگره‌یه‌کی رۆژنامه‌وانیدا نه‌قیب سه‌رکه‌وت ئه‌حمه‌د، به‌رێوه‌به‌ری به‌شی راگه‌یاندن‌و په‌یوه‌ندییه‌کانی به‌رێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رونیکرده‌وه‌ که‌ پاش ئه‌وه‌ی رۆژی 7/6/2018، بری 600 هه‌زار دۆلار (60 ده‌فته‌ر دۆلار) له‌نوسینگه‌یه‌کی دراو له‌شاری به‌غداوه‌ هێنراوه‌ته‌ سلێمانی له‌به‌رده‌م گه‌راجی پاسه‌کانی وڵوبه‌ ئوتومبیلێکی جۆری پاترۆڵ جام ره‌ش به‌جل‌و به‌رگی سه‌ربازییه‌وه‌ رێگه‌ له‌و ئوتومبیله‌ ده‌گرن‌و کۆی پاره‌که‌ ده‌دزن‌و به‌ره‌و شوێنێکی نادیار هه‌ڵدێن.
وتیشی، یه‌کێک له‌تۆمه‌تباره‌کان به‌ناوی (ا، ح، ا) که‌ راسپێردراوه‌ بۆ وه‌رگرتنی ئه‌و بره‌ پاره‌یه‌، خۆی پلاندانه‌ری ئه‌و تاوانه‌ بووه‌، دوای ته‌واوبونی کاره‌که‌ی رۆژی 7/6/2018 وه‌ک هه‌واڵده‌ر چۆته‌ به‌شی پۆلیسی نه‌هێشتنی تاوان‌و هێزه‌کانی پۆلیسی ئاگادار کردۆته‌وه‌، به‌ڵام دوای لێکۆڵینه‌وه‌ی هێزه‌کانی پۆلیسی سلێمانی، به‌تایبه‌ت به‌شی پۆلیسی نه‌هێشتنی تاوان توانرا رۆژی 31/10/2018 ته‌واوی سیناریۆکه‌ ئاشکرا بکرێت‌و هه‌واڵده‌ری ناوبراو ده‌ستگیر بکرێت‌و دانبنێت به‌تاوانه‌که‌یدا که‌ به‌هاوکاریی 7 تۆمه‌تباری دیکه‌و دوای دارشتنی پیلانه‌که‌یان ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌یان بردوه‌و له‌نێوان خۆیاندا دابه‌شیانکردوه‌و دواتر بۆ شوێنێکی نادیار هه‌ڵهاتون.
نه‌قیب سه‌رکه‌وت ئه‌حمه‌د راشیگه‌یاند، سه‌رئه‌نجام هێزه‌کانی پۆلیس توانیان ده‌ستبه‌گرن به‌سه‌ر دو ئوتومبیلدا که‌ به‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ له‌لایه‌ن تۆمه‌تباره‌کانه‌وه‌ کڕدراوه‌، هه‌روه‌ها ده‌ستیشگیرا به‌سه‌ر دو ده‌فته‌ر دۆلارو یه‌ک ده‌مانچه‌ له‌جۆی کڵۆکدا