Error: No articles to display

ديندار زێباری: بە دەیان گۆڕی بە کۆمەڵ لە ناوچە جێناکۆکەکان دۆزراونەتەوە

تشرینی دووەم 07, 2018

جه‌ماوه‌رنیوز
دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: دوای ئەوەی لە رۆژی 3/8/ 2014 تیرۆریستانی داعش هێرشیان کردە سەر ناوچەیەکی موسڵ و زۆربەی ناوچەکانی داگیر کرد و بە دڕندەترین شێوە رەفتاریان لەگەڵ ئێزیدییەکان و پێڕەوانی ئایینەکانی دیکەی ناوچەکە ئەنجامدا دوور لە عورف و دابێکی مرۆڤانە و تا ئێستاش دوای نەمانی کۆنتڕۆڵی تیرۆیستانی داعش، بەڵام رۆژانە تاوانەکانیان ئاشکرا دەبێت.
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەم بارەوە وتی ئەو کردەوە نامرۆڤانەی داعش دەچێتە خانەی تاوانی (جینۆساید) ئەمە سەرەڕای سووتانی گوند و ماڵ و رفاندنی هەزاران پیاو و ئافرەت و منداڵی ئێزیدی و ئایینەکانی دیکە و مامەڵە کردن لەگەڵیان وەک سەبییە و فرۆشتنیان لە بازاڕەکانی موسڵ و رەققە، بۆ ئەم مەبەستەش حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رۆژی 25/11/2014 لێژنەیەکی دامەزراند بۆ کۆکردنەوەی زانیاری و بەدواداچوون لە کەیسی ئێزیدییە رفێندراوەکان و بودجەیەکی تایبەتی تەرخان کردووە بۆ رزگارکردنیان و لە چوارچێوەی ئەو هەوڵانەی حکومەتی هەرێم توانراوە ژمارەیەکی زۆر لە رفێندراوەکان ئازاد بکرێن.
دیندار زێباری دەربارەی ژمارەی قوربانیانی ئێزیدی کە رفێندراوان و دواتر بە هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئازاد کراون وتی: بەپێی دوایین ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری ئێزیدییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی ژمارەی ئافرەتە رفێنردراوەکان بەم شێوەیە بووە: لە ئەنجامی داگیرکردنی ناوچەکانیان لەلایەن داعشەوە نزیکەی (360000) سێ سەد و شەست هەزاریان ئاوارە بوون و (1293)یان شەهید بوون، (6417) هاووڵاتی کوردی ئێزیدی رفێندراون لەوانە ( 3548)یان ئافرەت و (2869)یان پیاو بوون، بە هەوڵ و کۆششەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان تا رۆژی 10/10/2018 توانراوە (3331) کەسیان ئازاد بکرێت لەوانە (1159) ئافرەت و (337) پیاو و (960) کچ و (875)کوڕ، بەڵام سەرەڕای ئەم هەوڵانەش تا ئێستا زیاتر لە (٣٠٠٠) لە ئێزیدییە رفێندراوەکان بێسەروشوێنن.
د. دیندار زێباری ئاماژەی بەوەش کرد کە داعش بێ جیاوازی تاوانی دژی پێکهاتە ئایینییەکان ئەنجامدا و لەم بارەوە وتی: لە دوای هێرشەکانی تیرۆریستانی داعش جگە لە رفاندنی هاووڵاتیانی کوردی ئێزیدی، پەیڕەوانی ئایین و ئایینزاکانی دیکەش لەو کارە دڕندانەی داعش بێبەش نەبوون و ژمارەیەکی زۆریان رفێندران لەوانەش کریستیانەکان کە نزیکەی (٢٠٠) دوو سەد هەزاریا ئاوارە بوون و روویان لە هەرێمی کوردستان کرد، هەروەها ژمارەیەکی زۆریشیان رفێندراون بەم شێوەیە: ژمارەی ئەو رفێندراوانەی کە کەیسەکانیان لە ٣/٤/٢٠١٧ تاکو رێکەوتی ١٨/٧/٢٠١٧ دیکیۆمینت کراوە (٢٥٠) کەس بووە، لەوانە (٨٢)یان ئافرەت و (168) پیاو بوون. لەو ژمارەیە (١٧٤) یان بەشێوازی جۆراوجۆر رزگار کراون ، بەڵام تا ئێستا (٧٦) یان رزگار نەکراون، لەوانەی کە رزگار نەکراون ژمارەیەکیان ئافرەتن.
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوشی ئاشکرا کرد کە جگە لەو هاووڵاتیانەی رفێندراون ژمارەیەکی زۆریشیان شەهید بوون و لەم رووەوە ئاشکرای کرد: دوای نەمانی کۆنتڕۆڵی داعش بەسەر ناوچەکە تا ئێستا (٦٩) گۆڕی بە کۆمەڵ و دەیان گۆڕی تاک لەو ناوچانە دۆزراوەنەتەوە کە لە دەست داعش رزگار کراون کە بەشی هەرەزۆری قوربانییەکانی کوردانی ئێزیدی بوون و پرۆسەی گەڕان و دۆزینەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکان بەردەوامە، لەلایەکی دیکەوە داعش تەنیا بە کوشتن و رفاندن نەوەستا، بەڵکو چەندین مەزار و شوێنە ئایینەکانی ئێزیدی و کریستیانیان تەقاندەوە لەوانە لە کۆی (٣١٥) مەزار و شوێنە ئایینەکانی تایبەت بە ئێزیدییەکان هەبوو، بەڵام داعش (٦٨)یانی تەقاندەوە و خاپووری کردن، ئەمە جگە لە دەیان مەزار و شوێنی ئایینی ئێزیدییەکان پێڕەوانی ئایین و مەزهەبەکانی دیکە وەک کریستیان و کاکەییەکان.