Error: No articles to display

داعش له‌ده‌روبه‌رى که‌رکوک سه‌رکرده‌کانى ده‌گۆڕێت

تشرینی دووەم 07, 2018

جه‌ماوه‌رنیوز


داعش سه‌رقاڵى گۆڕینى سه‌رکرده‌کانیه‌تى له‌سنورى ناوچه‌ جێناکۆکه‌کانى که‌رکوک و دیاله‌ و سه‌ڵاحه‌دین، به‌رپرسانى ئه‌منى ئه‌و ناوچانه‌ش پێیانوایه‌ ئامانجى داعش له‌و گۆڕانکاریانه‌، خۆ ئاماده‌کردنه‌ بۆ ئه‌نجامدانى هێرش.

ئه‌حمه‌د خورشید ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى قه‌زاى حه‌ویجه‌ى ڕۆژئاواى که‌رکوک، به‌ده‌نگى ئه‌مه‌ریکاى ڕاگه‌یاند"داعش موختارى گوند و ناوچه‌ جیاجیاکان ده‌کوژێت، تا نهێنیه‌کانیان نه‌گاته‌ ده‌ست هێزه‌ عێراقیه‌کان."

ماوه‌ى 3 هه‌فته‌یه‌، داعش ده‌ستى به‌هێرش کردن بۆ سه‌ر هێزه‌ عێراقى و ناوچه‌ جیاجیاکان کردۆته‌وه‌، ئه‌وه‌ش له‌کاتێکدایه‌ ماوه‌یه‌کى زۆر بوو ، ئه‌و ڕێکخراوه‌ چالاکیه‌کانى ڕاگرتبوو.

سه‌رچاوه‌یه‌کى ئه‌منى به‌رپرس له‌دیاله‌ که‌ داوایکرد ناوى بڵاونه‌کرێته‌وه‌، به‌ده‌نگى ئه‌مه‌ریکاى ڕاگه‌یاند"داعش زۆربه‌ى سه‌رکرده‌کانى له‌ناوچه‌ جێناکۆکه‌کان ده‌گۆرێت، چونکه‌ پێیوایه‌ ئه‌و سه‌رکردانه‌ شکستیان خواردووه‌."

وتیشى"داعش ده‌یه‌وێت به‌ دانانى سه‌رکرده‌ى نوێ، هێزه‌کانى به‌ته‌واوه‌تى ڕێکبخاته‌وه‌ و جم و جۆڵه‌ تیرۆرستیه‌کانى ده‌ست پێبکاته‌وه‌."

دوا هێرشى داعش بۆ سه‌ر هێزه‌ عێراقیه‌کان، دره‌نگانێکى ئێواره‌ى دوێنێ سێشه‌مه‌ بوو، که‌ له‌ناوچه‌ى تبج ى خۆراواى ناحیه‌ى جه‌له‌ولا پێکدادانێکى قورس ڕوویداو شه‌ڕه‌که‌ به‌کوژرانى سێ چه‌کدارى داعش و سه‌ربازێکى عێراقى کۆتایى هات.