وه‌زیرى ناوخۆى تورکیا ڕه‌خنه‌ى توند له‌ ئه‌مه‌ریکا ده‌گرێت

کانونی یەکەم 14, 2018

جه‌ماوه‌رنیوز


وه‌زیرى ناوخۆى تورکیا ڕه‌خنه‌ى توندى له‌ ئه‌مه‌ریکا گرتووه‌ له‌ به‌رامبه‌ر پشتیوانیکردنى له‌ هێزه‌ کوردیـیه‌کانى سوریا له‌ شه‌ڕى دژى داعش.

به‌پـێى ئاژانسى ده‌نگ‌وباسى ئانادۆڵ، ئه‌مڕۆ هه‌ینى سلێمان سۆیلو له‌ وتارێکیدا له‌ ویلایه‌تى قه‌سته‌مۆنى وتویه‌تی" ئه‌مه‌ریکا له‌سه‌ر سنوورى تورکیا یارمه‌تى ڕێکخراوه‌ تێرۆرستیـیه‌کان ده‌دات و له‌ سه‌روو هه‌موویانه‌وه‌ ڕێکخراوى په‌که‌که‌ و باڵه‌ سوریایـیه‌که‌ى "په‌یه‌ده‌" و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش شاره‌زایان ڕه‌وانه‌ى چیاى قه‌ندیل ده‌کات بۆ ڕاهێنانى تێرۆرستان له‌سه‌ر نوێترین چه‌ک." گوتوشیه‌تى واشنتن به‌ هه‌زاران ئۆتۆمبیلى بارهه‌ڵگر چه‌کى بۆ "په‌یه‌ده‌" ناردووه‌.

سۆیلو له‌ درێژه‌ى وتاره‌که‌ی ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌کردووه‌ که‌ " ئه‌مه‌ریکا له‌ دواى ئه‌وه‌وه‌ دێت و ده‌ڵێت ئێمه‌ هاوپه‌یمانین له‌گه‌ڵ تورکیا، نه‌خێر ناکرێت په‌یوه‌ندى هاوپه‌یمانێتى به‌و شێوه‌یه‌ بێت."

پاشان وتویه‌تى ئه‌مه‌ریکا له‌ لایه‌ک پشتیوانى په‌که‌که‌ ده‌کات و له‌ملاوه‌ هه‌وڵى فریودانى تورکیا ده‌دات به‌وه‌ى ده‌ڵێت 3 تێرۆرستى خستووه‌ته‌ لیستى ئه‌وانه‌ى داواى ده‌سـتگیرکردنیان کراوه‌.

سلێمان سۆیلو له‌ دوا ڕه‌خنه‌شى ده‌ڵێت "ئه‌مه‌ریکا پاڵپشتى په‌که‌که‌ و په‌یه‌ده‌ى کردووه‌ و داعشى دروستکردووه‌ و هه‌موو ئه‌ندامانى ڕێکخراوى گوله‌نى تێرۆرستى داڵده‌داوه‌ که‌ هه‌ستابوون به‌ هه‌وڵى کوده‌تا شکستخواردووه‌که‌ له‌ تورکیا."

ئه‌م لێدوانه‌ى وه‌زیرى ناوخۆى تورکیا له‌ کاتێکدایه‌ ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کانى ئه‌مه‌ریکا وابه‌سته‌یى خۆى به‌ ئاسایشى تورکیا ده‌ربڕیوه‌ و دووپاتى کردووه‌ته‌وه‌ تورکیا هاوپه‌یمانێکى گرنگى ناتۆیه‌.

 

 

ده‌نگى ئه‌مه‌ریکا