تورکیا : به‌رده‌وام ده‌بین له‌ هێرشه‌کانمان بۆ سه‌ر په‌که‌که‌ له‌خاکى عێراق

کانونی یەکەم 15, 2018

جه‌ماوه‌رنیوز


ڕۆژى شه‌ممه‌ 15 ى کانونى یه‌که‌مى 2018 ، وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى تورکیا ڕایگه‌یاند: تورکیا به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ هێرشه‌کانى بۆ سه‌ر په‌که‌که‌ له‌ باکورى عێراق، ئه‌مه‌ش ڕۆژێک پاش ئه‌وه‌ دێت که‌ به‌غدا به‌ فه‌رمى ناڕه‌زایى ده‌ربڕى سه‌باره‌ت به‌ هێرشه‌ ئاسمانییه‌کانى تورکیا و پێشێلکردنى سه‌روه‌رى خاکى و هه‌ڕه‌شه‌کردن بۆ سه‌ر خه‌ڵکى سیڤیل ناودێرى کرد.

له‌شکرى تورکیا ڕۆژى هه‌ینى ڕایگه‌یاند هه‌شت شه‌ڕه‌ڤانى په‌که‌که‌ى کوشتووه‌، ئه‌مه‌ش واى کرد حکومه‌تى عێراق باڵیۆزى تورکیا له‌ به‌غدا بانگ بکات.

تورکیا به‌ر به‌رده‌وامى هێرش ده‌کاته‌ سه‌ر بنکه‌کانى په‌که‌که‌ له‌ باکورى عێڕاق و ده‌ڵێت ئه‌وان چیاکانى باکورى عێراق وه‌کو باره‌گاى خۆیان به‌کار ده‌هێنن و له‌وێوه‌ هێرش ده‌که‌نه‌ سه‌ر تورکیا.

ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆکى تورکیا هه‌ڕه‌شه‌ى ئه‌نجامدانى هێرشێکى زه‌مینى بۆ سه‌ر باکورى عێرق کرد له‌ سه‌ره‌تاى ئه‌م ساڵ. له‌م هه‌فته‌یه‌شدا ئاماژه‌ى به‌ ئۆپه‌راسیۆنێک کرد دژ به‌ شه‌ڕه‌ڤانانى یه‌په‌گه‌ له‌ سوریا.

له‌ به‌یاننامه‌یه‌کدا وته‌بێژى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى تورکیا وتى " په‌که‌که‌ به‌ شێوه‌یه‌کى نایاسایى چه‌ندین ساڵه‌ خاکى عێراق به‌کار ده‌‌هێنێت بۆ هێرش کردنه‌ سه‌ر تورکیا، له‌ ئه‌نجامى ئه‌م هێرشانه‌ هه‌زاران که‌س کوژراون."

ئه‌و ده‌شڵێت ئانکه‌ره‌ به‌ به‌رده‌وامى داواى له‌ حکومه‌تى عێراقى کردووه‌ لاى خۆیه‌وه‌ ئه‌م کرده‌وانه‌ى په‌که‌که‌ ڕاگرێت.

ئه‌و وتیشى " ئه‌م ئۆپه‌راسیۆنانه‌ به‌رده‌وام ده‌بن هه‌تا ئه‌و کاته‌ى ئه‌و ڕێکخراوه‌ تیرۆرستییه‌ بنکه‌ى له‌ خاکى عێراقدا بێت و هه‌تا ئه‌و کاته‌ى ئاسایشى تورکیا پێویستى به‌م کاره‌ بێت."

 

 

ده‌نگى ئه‌مه‌ریکا