ساڵانه‌ به‌ به‌هاى 3 ملیار دۆلار کاڵاى ئێران بۆ هه‌رێم هه‌نارده‌ ده‌کرێت

کانونی یەکەم 17, 2018

جه‌ماوه‌رنیوز


سه‌رکونسوڵى ئێران له‌سلێمانى رایده‌گه‌یه‌نێت ''ساڵانه‌ به‌ به‌هاى 3 ملیار دۆلار کاڵاى نانه‌وتى وڵاته‌که‌ى بۆ هه‌رێمى کوردستان هه‌نارده‌ ده‌کرێت‌و رۆژانه‌ش هه‌زار هاوڵاتى هه‌رێم‌و عیراق سه‌ردانى ئێران ده‌که‌ن''.

سه‌عدوڵا مه‌سعودیان سه‌رکونسوڵى کۆمارى ئیسلامى ئێران له‌سلێمانى له‌لێدوانێکى رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند: ''رێژه‌ى 30% کۆى هه‌نارده‌ى وڵاته‌که‌ى که‌ بۆ عیراق هه‌نارده‌ ده‌کرێت بۆ هه‌رێمى کوردستانه‌، ئه‌وه‌ش وایکردووه‌ بازرگانان به‌رده‌وامبن له‌په‌یوه‌ندیه‌ ئابووریو بازرگانیه‌کان له‌گه‌ڵ ئێراندا''.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شکردووه‌، ساڵانه‌ به‌ به‌هاى 3 ملیار دۆلار کاڵاى نانه‌وتى وڵاته‌که‌ى بۆ هه‌رێمى کوردستان هه‌نارده‌ ده‌کرێت، ته‌ئکیدیش ده‌کاته‌وه‌ که‌ کاڵاى وڵاته‌که‌ى گرنگى زۆرى بۆ هه‌رێم هه‌یه‌، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر بازرگانان بیانه‌وێت جێگره‌وه‌یه‌ک بۆ کاڵاى ئێرانى بدۆزنه‌وه‌ ئه‌وا ده‌بێت بڕه‌ پاره‌یه‌کى زیاتر خه‌رج بکه‌ن.

سه‌باره‌ت به‌هاتوچۆى گه‌شتیارانیش سه‌عدوڵا مه‌سعودیان وتی: ''له‌ ئێستادا کونسوڵخانه‌کانیان رۆژانه‌ هه‌زار ڤیزا ده‌ده‌نه‌ هاوڵاتیانى هه‌رێمى کوردستان‌و عیراق، له‌ وه‌رزى رابردووشدا رۆژانه‌ 5 هه‌زار ڤیزایان داوه‌ته‌ هاوڵاتیان‌و له‌و ماوه‌یدا زیاتر له‌ 2 ملیۆن هاوڵاتى عیراقى گه‌شتیان بۆ ئێران کردووه‌، که‌ زیاتر له‌ 500 هه‌زاریان له‌ هه‌رێمى کوردستانه‌وه‌ بووه‌''.