له‌یلا گوڤه‌ن په‌رله‌مانتارى هه‌ده‌په‌ ئازاد ده‌کرێت

کانونی دووەم 25, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


ئه‌مڕۆ هه‌ینى ئازادکرا له‌یلا گوڤه‌ن په‌رله‌مانتارى هه‌ده‌په‌ ئازاد کرا دواى ئه‌وه‌ى بۆ ماوه‌ى ساڵێک له‌ زیندانێکى شارى ئامه‌د زیندانى کرابوو و هه‌روه‌ها 11 هه‌فته‌ش مانى له‌ خواردن گرتووه‌.

ئه‌مڕۆ دادگاى نۆى سزا قورسه‌کان له‌ شارى ئامه‌د بڕیارى ئازادکردنى له‌یلا گوڤه‌نى ته‌مه‌ن 55 ساڵى دا پاش ئه‌وه‌ى بارى ته‌ندروستى زۆر تێکچوو و ژیانى که‌وته‌ به‌رمه‌ترسیـیه‌وه‌.

به‌ڵام دادگاکه‌ فه‌رمانى ئه‌وه‌شى کرد قه‌ده‌غه‌ى گه‌شتکردن بۆ ده‌ره‌وه‌ى وڵات بخرێته‌ سه‌ر ئه‌م په‌رله‌مانتاره‌ى هه‌ده‌په‌ که‌ نوێنه‌رى جوله‌مێرگه‌ له‌ په‌رله‌مانى تورکیا.

ژماره‌یه‌ک له‌ لایه‌نگرانى له‌ به‌رده‌م زیندانى ئامه‌د گردبوونه‌وه‌ بۆ پـێشوازیکردن لێى له‌و کاته‌ى ئازادکرا و به‌ ئه‌مبوڵانسێک له‌ زیندان هێنرایه‌ ده‌ره‌وه‌.

هه‌ده‌په‌ له‌ تویته‌ره‌که‌ى ڤیدیۆیه‌کى بڵاوکردووه‌ته‌وه‌ له‌و ده‌مه‌ى په‌روین بۆڵدان هاوسه‌رۆکى هه‌ده‌په‌ له‌ماڵه‌که‌ى سه‌ردانى ده‌کات.

ئاژانسى ده‌نگ‌وباسى فڕانس پـرێس ده‌ڵێت ده‌سه‌ڵاتدارانى تورکیا به‌ پاس و به‌ربه‌ست ده‌روبه‌رى زیندانه‌که‌یان گرتبوو وه‌ک هه‌وڵێک بۆ ڕێگه‌گرتن له‌وه‌ى میدیاکان وێنه‌ و ڤیدیۆى خانم له‌یلا گوڤه‌ن بگرن.

په‌روین بۆڵدان هاوسه‌رۆکى هه‌ده‌په‌ سه‌ردانى له‌یلا گوڤه‌نى کرد له‌ ماڵه‌که‌ى و پاشان گوتى له‌یلا بڕیارى داوه‌ له‌ ماڵه‌که‌ى درێژه‌ به‌ مانگرتنه‌که‌ى بدات. گوتیشى ڕه‌نگه‌ له‌ بڕیاره‌که‌ى پاشگه‌زببێته‌وه‌ ئه‌گه‌ربێت ده‌سه‌ڵاتداران ڕێگه‌ بده‌ن عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان ڕێبه‌رى زیندانیکراوى په‌که‌که‌ چاوى به‌ پارێزه‌ران و که‌سوکارى بکه‌وێت.

جێى وه‌بیرهێنانه‌وه‌یه‌ له‌یلا گوڤه‌ن له‌ 22 ى مانگى یه‌کى ساڵى 2018 ده‌ستگیرکرا پاش ئه‌وه‌ى ناڕه‌زایى ده‌ربڕى له‌ به‌رامبه‌ر هێرشى تورکیا بۆ سه‌ر عه‌فرین. زیاتر له‌ 239 زیندانیکراوى دیکه‌ له‌ سه‌رانسه‌رى تورکیا هاوسۆزى خۆیان بۆ ده‌ربڕى و ئه‌وانیش مانیان له‌ خواردن گرت.

 

ده‌نگى ئه‌مه‌ریکا