ئێران : توانا موشه‌کییه‌کانمان جێى وتووێژ کردن نیه‌

کانونی دووەم 29, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


کۆمارى ئیسلامى ئێران داواکانى ئه‌مه‌ریکا و ئه‌وروپاى ڕه‌ت کرده‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌وه‌ى تاران سنوورێک دابنێت بۆ چالاکییه‌ موشه‌کیه‌ باڵیستیکیه‌کانی، به‌ڵام ده‌ڵێت به‌نیاز نیه‌ مه‌وداى ئه‌و موشه‌کانه‌ زیاد بکات.

ده‌زگاى هه‌واڵى ته‌سنیم له‌ زارى وه‌زیرى به‌رگرى ئێران ئه‌میر حاته‌مییه‌وه‌ بڵاویکرده‌وه‌ " دوژمنان ده‌ڵێن ده‌بێت هێزى موشه‌کى ئێران له‌ناوببرێت، به‌ڵام ئێمه‌ چه‌ند جارێک وتوومانه‌ توانا موشه‌کییه‌کانمان جێى ئه‌وه‌ نیه‌ وتووێژى له‌سه‌ر بکرێت."

سکرتێرى ئه‌نجومه‌نى ئاسایشى ئێران عه‌لى شه‌مخانیش رایگه‌یاند ئێران به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ باشکردنى وردبینى موشه‌که‌کانی.

جێى ئاماژه‌یه‌ له‌ مانگى پێنجى ساڵى ڕابردوودا سه‌رۆکى ئه‌مه‌ریکا دۆناڵد ترامپ له‌ ڕێکه‌وتنى ناوه‌کى ئێران کشایه‌وه‌ و هه‌موو سزاکانى سه‌پانده‌وه‌ به‌سه‌ر ئێراندا و وتى له‌ ڕێکه‌وتنه‌که‌دا هیچ کۆتوبه‌ندێک له‌سه‌ر موشه‌که‌ باڵیستیکیه‌کانى ئێران دانه‌نراوه‌.

 


ڕۆیته‌رز