بڕیاره‌ وه‌زاره‌تى به‌رگرى ئه‌مه‌ریکا له‌ باره‌ى مه‌ترسى کشانه‌وه‌ى هێزه‌کانیان له‌سوریا راپـۆرتێک بڵاوبکاته‌وه‌

شوبات 01, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


که‌ناڵى ئه‌لحوڕه‌ ده‌ڵێت چاوه‌ڕوان‌ده‌کرێت ئه‌مڕۆ هه‌ینى ئۆفیسى پـشکنه‌رى گشتى وه‌زاره‌تى به‌رگرى ئه‌مه‌ریکا ڕاپـۆرتێک بڵاوبکاته‌وه‌ و تیایدا مه‌ترسیـیه‌کانى کشانه‌وه‌ى هێزه‌کانى ئه‌مه‌ریکا له‌ سوریا بخاته‌ڕوو.

به‌پـێى زانیاریـیه‌کانى حوڕه‌ له‌ ڕاپـۆرته‌که‌دا ئاماژه‌ بۆ ئاکامه‌ خراپه‌کانى ڕاگرتنى ئۆپه‌راسیۆنه‌کانى دژى داعش له‌ ناو خاکى سوریا ده‌کرێت و پـێشبینى ده‌کات که‌ شیانى هه‌یه‌ داعش بتوانێت له‌ ماوه‌ى 6 بۆ 12 مانگ ناوچه‌ى دیکه‌ کۆنترۆڵبکات.

هه‌تا ئاماده‌کردنى ئه‌م هه‌واڵه‌ ئۆفیسى ڕاگه‌یاندنى وه‌زاره‌تى به‌رگرى ڕه‌تیکردووه‌ته‌وه‌ لێدوان له‌ باره‌ى ڕاپـۆرته‌که‌وه‌ بدات.

جێى ئاماژه‌یه‌ ئۆفیسى پشکنه‌رى گشتى دوێنێ پـێنجشه‌ممه‌ ڕاپـۆرتێکى بڵاوکرده‌وه‌ و تیایدا باسى له‌ ستراتیژیه‌تى ئه‌مه‌ریکا له‌ ئه‌فغانستان کرد. ده‌ڵێت ده‌سه‌ڵاتدارانى کابول مه‌ترسیان هه‌یه‌ بزوتنه‌وه‌ى تاڵیبان بتوانێت کۆنترۆڵى ته‌واوى وڵاته‌که‌ بکات ئه‌گه‌ر بێت و له‌گه‌ڵیدا سه‌ودایه‌ک بکرێت.

بڵاوکردنه‌وه‌ى ئه‌م دوو ڕاپـۆرته‌ له‌ کاتێکدا به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى سه‌رۆک ترامپ به‌ ئاڕاسته‌ى ستراتیژیه‌تێکى نوێ هه‌نگاو ده‌نێت که‌ ئامانج لێى کشانه‌وه‌ى هێزه‌کانى ئه‌مه‌ریکایه‌ له‌ سوریا و ئه‌فغانستان.

 


ده‌نگى ئه‌مه‌ریکا