مه‌كته‌بی سیاسی حزبی سۆسیالیست ڕاگه‌یه‌نراوێك بڵاوده‌كاته‌وه‌

له‌ سوریا كۆتایی هێنان به‌ داعش نزیكه‌

شوبات 12, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز

 هێزه‌كانی سووریای دیموكراتی (هه‌سه‌ده‌) به‌ پشتیوانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش به‌رده‌وامه‌ له‌ هێرشكردنه‌ سه‌ر دوا مۆڵگه‌ی چه‌كدارانی داعش له‌ رۆژهه‌ڵاتی فورات.

روانگه‌ی سووریی ڕایگه‌یاند شه‌ڕ و پێكدانی قورس به‌ڕێوه‌ ده‌چێت، شه‌ڕڤانانی هه‌سه‌ده‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ن به‌ پاڵپشتیی فڕۆكه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش به‌ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مه‌ریكا پێشڕه‌وی بكه‌ن. له‌ به‌رامبه‌ردا چه‌كدارانی داعش هه‌وڵ ده‌ده‌ن رێگه‌یان لێبگرن و به‌ رێگه‌ی بۆمبی چێنراو و ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراو شه‌ڕی مانه‌وه‌ له‌ دوا مۆڵگه‌كانیان ده‌كه‌ن".

ئه‌وه‌ له‌ كاتێكدایه‌ چه‌كدارانی رێكخراوی داعش ته‌نها رووبه‌ری 3 كیلۆمه‌تر چوار گۆشه‌یان به‌ ده‌سته‌وه‌ ماوه‌. به‌ڵام ترسی ئه‌وه‌ هه‌یه‌ ژیانی ئه‌و خه‌ڵكه‌ سڤیله‌ بكه‌وێته‌ مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌وه‌ كه‌ هێشتا نه‌یانتوانیووه‌ دوا مۆڵگه‌ی داعش به‌جێبهێڵن و وه‌ك قه‌ڵغانی مرۆیی به‌كاریان ده‌هێنن.

رۆژی دووشه‌ممه‌ مسته‌فا بالی، به‌رپرسی ناوه‌ندی میدیای هه‌سه‌ده‌ ڕایگه‌یاند شه‌ڕڤانانی هه‌سه‌ده‌ تا ئێستا 41 پێگه‌ی داعشیان كۆنترۆڵ كردووه‌، به‌ڵام رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ رووبه‌ڕووی هێرشی پێچه‌وانه‌ بوونه‌ته‌وه‌و توانراوه‌ تێكبشكێنرێن".

ناوبراو ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو "400 تا 600 چه‌كداری داعش له‌ دوا مۆڵگه‌كانیاندا شه‌ڕ ده‌كه‌ن و ژماره‌یه‌كیشیان چه‌كداری بیانین، به‌پێی لێكدانه‌وه‌كانیش 500 تا 1000 هاووڵاتی سڤیل له‌و ناوچانه‌ی ژێر ده‌ستی چه‌كدارانی رێكخراوه‌ توندڕه‌وه‌كه‌دا گیریانخواردووه‌".

دوێنێ نه‌توه‌یه‌كگرتووه‌كان ڕایگه‌یاند 3000هه‌زار چه‌كداری داعش له‌ سوریا ماون .