روحانی: سه‌رچاوه‌ى تیرۆریزم له‌ ناوچه‌که‌دا ئه‌مریکا و ژماره‌یه‌ک وڵاتى خاوه‌ن نه‌وتى ناوچه‌که‌ن

شوبات 14, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


سه‌رکۆمارى ئێران، حه‌سه‌ن روحانى بانگه‌شه‌ى ئه‌وه‌ى کرد که‌ ئه‌مریکا و ئیسرائیل سه‌رچاوه‌ى تیرۆریزمى ناوچه‌که‌ن و ژماره‌یه‌ک وڵاتى خاوه‌ن نه‌وتى ناوچه‌که‌ سه‌رچاوه‌ى دارایى بۆ تیرۆر ده‌سته‌به‌رده‌که‌ن.

حه‌سه‌ن روحانى له‌ فڕۆکه‌خانه‌ى میهراباد له‌ تاران به‌رله‌وه‌ى به‌ مه‌به‌ستى به‌شداریکردن له‌ لووتکه‌ى سێقۆڵیى تورکیا-ئێران-رووسیا به‌ره‌و شارى سۆچى رووسیا به‌ڕێ بکه‌وێت له‌لێدوانێکى رۆژنامه‌وانیدا ئاماژه‌ى به‌په‌لاماره‌که‌ى ئێواره‌ى دوێنێى پارێزگاى ئوستانى سیستان بلوچستان کرد و رایگه‌یاند "ره‌گ و ریشه‌ى تیرۆریزمى ناوچه‌که‌، لاى ئه‌مریکا و ئیسرائیله‌. ئه‌م دوو وڵاته‌ سه‌رچاوه‌ى راسته‌قینه‌ى تیرۆریزمن."


ڕوحانى که‌ لێدوانى ده‌دا و ئاژانسى ده‌نگ‌وباسى فه‌رمى ئێران په‌خشى ده‌کرد، وتیشی" بێ گومان بۆ خوێنى شه‌هیدانمان تۆڵه‌ ده‌سێنینه‌وه‌ له‌و کۆمه‌ڵه‌ به‌کرێگیراوه‌."

له‌ لایه‌کى دیکه‌ عه‌لى خامه‌نه‌ئى ڕابه‌رى باڵاى ئێران رایگه‌یاند :" بێ گومان ئه‌نجامده‌رانى هێرشه‌که‌ گرێدراون به‌ ده‌زگا هه‌واڵگریـیه‌کانى ناوچه‌که‌ و جیهان."

جێى ئاماژه‌یه‌ گروپى جه‌یش ئه‌لعه‌دلى پـلوچه‌کان به‌رپرسیارێتى خۆى له‌ هێرشه‌که‌ ڕاگه‌یاند که‌ له‌سه‌ر جاده‌ى نێوان هه‌ردوو شارى خاش و زاهیدان له‌ ئوستانى سیستان بلوچستان ئه‌نجام درا.

به‌پـێى ڕاپـۆرته‌کان ئۆتۆمبیلێکى بۆمبڕێژکراو له‌ نزیک پاسێکى سوپاى پاسداران ته‌قیوه‌ته‌وه‌ و له‌ ئه‌نجامدا 27 پاسدار کوژراون و 13 ى دیکه‌ برینداربوون.