ئێران : ئاماده‌ین په‌یوه‌ندییه‌کانمان له‌گه‌ڵ وڵاتانى که‌نداو باش بکه‌ینه‌وه‌

شوبات 18, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


سه‌رۆکى کۆمارى ئیسلامى ئێران حه‌سه‌ن ڕۆحانى رایگه‌یاند : وڵاته‌که‌ى ئاماده‌یه‌ له‌گه‌ڵ دراوسێکانیدا کاربکات بۆ خستنه‌وه‌ى ئاشتى له‌ ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستدا و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى ئه‌مه‌ریکا و ئیسڕائیل، ئه‌مه‌ش له‌ نوێترین هه‌وڵه‌کانى ڕۆحانیدا بۆ لاوازکردنى په‌یوه‌ندییه‌کانى نێوان سعودیه‌ و ئه‌مه‌ریکا.

ڕۆحانى له‌ وتارێکیدا له‌ هه‌رێمى هه‌رمزجان وتى :" ئێران ئاماده‌یه‌ له‌گه‌ڵ هه‌موو وڵاتانى ناوچه‌که‌دا کاربکات بۆ پاراستنى ئاسایشى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست، ده‌مانه‌وێت په‌یوه‌ندییه‌کى برایانه‌ دابمه‌زرێنین له‌گه‌ڵ هه‌موو وڵاتانى ناوچه‌که‌دا. ئێران هه‌رگیز ده‌ستپێشخه‌ر نه‌بووه‌ له‌ هیچ دوژمنکارییه‌ک له‌ ناوچه‌که‌دا."

وتیشى " ئه‌و وڵاتانه‌ى ناوچه‌که‌ که‌ پێیان وایه‌ ئیسڕائیل و ئه‌مه‌ریکا ده‌توانن ئاشتى بخه‌نه‌وه‌ له‌ ناوچه‌که‌دا هه‌ڵه‌ن. پێویسته‌ له‌سه‌ر ئێمه‌ى موسوڵمان گره‌نتى پارێزراوى ناوچه‌که‌ بده‌ین."

جێى ئاماژه‌یه‌ ئێران سعودیه‌ و ئیماڕات تۆمه‌تبار ده‌کات به‌ تۆمه‌تى پشتیوانیکردن له‌و گروپه‌ سوننییانه‌ى که‌ هێرش ده‌که‌نه‌ سه‌ر هێزه‌کانى ئێران، به‌و هێرشه‌ى ڕۆژى چوارشه‌ممه‌شه‌وه‌ له‌ هه‌رێمێکى باشوورى ڕۆژهه‌ڵاتى ئێران له‌سه‌ر سنوورى پاکستان.

سعودیه‌ و ئیماڕات و پاکستان ڕه‌تى ده‌که‌نه‌وه‌ پشتیوانى له‌ توندڕه‌وان بکه‌ن. وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئێران ڕۆژى یه‌کشه‌ممه‌ بانگهێشتى نوێنه‌رى پاکستانى کرد له‌ تاران به‌مه‌به‌ستى ناڕه‌زایى ده‌ربڕین له‌سه‌ر هێرشه‌که‌.