سوریا بیرۆکه‌ى پێدانى ئۆتۆنۆمى به‌ کورده‌کان ڕه‌ت ده‌کاته‌وه‌

شوبات 20, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


بوپه‌ینه‌ شه‌عبانى ڕاوێژکارى ڕاگه‌یاندنى سه‌رۆکى سوریا به‌شار ئه‌سه‌د به‌ توندى بیرۆکه‌ى پێدانى ئۆتۆنۆمى به‌ کورده‌کانى سوریا ڕه‌تکرده‌وه‌ و وتى له‌م جۆره‌ هه‌نگاوه‌ ده‌رگا ده‌کاته‌وه‌ له‌به‌رده‌م دابه‌شبوونى وڵاته‌که‌دا.

جێى ئاماژه‌یه‌ کورده‌کانى سوریا که‌ زۆرێک له‌ ناوچه‌کانى باکوور و ڕۆژهه‌ڵاتى سوریایان له‌ژێر ده‌ستدایه‌ له‌میانه‌ى گفتوگۆکانى ئه‌مدواییانه‌دا له‌گه‌ڵ ڕوسیا نه‌خشه‌ ڕێگاى خۆیان پێشکه‌ش کرد بۆ گه‌یشتن به‌ ڕێکه‌وتنێک له‌گه‌ڵ ئه‌سه‌ددا.

کورده‌کان ده‌یانه‌وێت دواى کشانه‌وه‌ى هێزه‌کانى ئه‌مه‌ریکا له‌ سوریا پارێزگارى له‌و ناوچانه‌ بکه‌ن که‌ له‌ژێر ده‌ستیاندایه‌.

به‌ڵام کاتێک پرسیار له‌ ڕاوێژکارى ڕاگه‌یاندنى ئه‌سه‌د کرا سه‌باره‌ت به‌وه‌ى ئایا دیمه‌شق ئاماده‌یه‌ ئۆتۆنۆمى بداته‌ کورده‌کان، بوپه‌ینه‌ به‌ توندى ئه‌و پێشنیاره‌ى ڕه‌ت کرده‌وه‌.

بوپه‌ینه‌ له‌نێوه‌ندى کۆنگره‌ى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستدا له‌ مۆسکۆ وتى " ئۆتۆنۆمى واته‌ دابه‌شبوونى سوریا. هیچ ڕێگه‌یه‌کمان نیه‌ بۆ دابه‌شکردنى سوریا."

وتیشى " سوریا وڵاتێکه‌ هه‌مووان و هه‌موو خه‌ڵک و سیاسییه‌کان له‌به‌رده‌م یاساى سوریا و ده‌ستوورى سوریادا له‌ خۆده‌گرێت." هه‌روه‌ها کورده‌کانى سوریاى به‌ به‌شێکى به‌نرخ و زۆر گرنگى گه‌لى سوریاى ناودێرکرد.

 

ده‌نگى ئه‌مه‌ریکا