هێزه‌کانى سوریاى دیموکرات سه‌رکه‌وتنیان به‌سه‌ر داعش راگه‌یاند

ئازار 23, 2019

جه‌ماوه‌رنیوز


له‌ ڕێوڕه‌سمێکدا له‌لایه‌ن هێزه‌کانى سووریاى دیموکرات (هه‌سه‌ده‌) رایگه‌یاند : "ئه‌مرۆ کۆتایى هاتنى ته‌واوه‌تى داعشتان پێ راده‌گه‌یه‌نین و شه‌ڕیشمان له‌ دژى تیرۆر و داعش به‌رده‌وام ده‌بێت تاوه‌کو ڕیشه‌کێشکردنى ته‌واوه‌تى".

هه‌رله‌ رێوره‌سمه‌که‌دا هه‌سه‌ده‌ ئاشکرایکرد، "له‌ شه‌ڕى دژى داعشدا ١١ هه‌زار شه‌ڕڤانمان شه‌هید بوون".

له‌لاى خۆشیه‌وه‌ موسته‌فا بالى به‌رپرسى ناوه‌ندى راگه‌یاندنى هه‌سه‌ده‌ له‌ توویتێکدا نووسیویه‌تی: "باغۆز رزگارکرا، سه‌رکه‌وتنى سه‌ربازیش دژ به‌ داعش به‌ده‌ستهات. ئه‌م سه‌رکه‌وتنه‌ له‌ که‌سوکارى شه‌هیده‌کان و برینداره‌کانمان پیرۆز ده‌که‌ین. ئه‌و قاره‌مانانه‌ى که‌ به‌بێ قوربانى ئه‌وان ئه‌م سه‌رکه‌وتنه‌ به‌ده‌ستنه‌ده‌هات. له‌دواى چه‌ند ساڵێک له‌ قوربانییه‌ گه‌وره‌کان، موژده‌ى له‌ناوچوونى به‌ناو ده‌وڵه‌تى خه‌لافه‌ت ده‌ده‌ینه‌ جیهان و په‌یمانى خۆمان له‌سه‌ر به‌رده‌وامبوون له‌ شه‌ڕکردن و راوه‌دوونانى ئه‌و چه‌کدارانه‌ى که‌ ماونه‌ته‌وه‌ نوێده‌که‌ینه‌وه‌ تاوه‌کو به‌ته‌واوه‌تى کۆتاییان پێده‌هێنرێت".

نزیکه‌ى دوو مانگه‌ هێزه‌کانى سووریاى دیموکرات (هه‌سه‌ده‌) به‌ پاڵپشتى هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تى ئۆپه‌راسیۆنى بۆ رزگارکردنى باغۆز له‌ ده‌ستى داعش ده‌ستپێکردووه‌ و به‌ هه‌زاران چه‌کدار و خێزانه‌کانى داعش خۆیان راده‌ستکرده‌وه‌ و سه‌دانى دیکه‌ش کوژران.